حەیدەر عەلی، كاندیدی پارتی لە واست: كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی فەیلی دەكەم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

حەیدەر عەلی، كاندیدی پارتی لە واست: كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی فەیلی دەكەم

 

لە چاوپێكەوتنێكی (باسنیوز)دا، حەیدەر عەلی، ناسراو بە (ئەبوو تارا) كاندیدی ژمارە 165 كۆتای كوردە فەیلییەكانی لە پارێزگای واست كە لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندید كراوە ڕایدەگەیەنێت، كوردانی فەیلی قوربانی زۆریان بەدەستی رژێمی بەعسداوە و دەشڵێت: "كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی فەیلی دەكەم".

لەدەستپێكدا، حەیدەر عەلی، گوتی: "من كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانم لە پارێزگای واست، بۆ بەدەستهێنانی كورسی كۆتای فەیلییەكان كاندید كراوم، وەك دەزانرێت یەك كورسی كۆتا لەسەر ئاستی عێراق بۆ كوردانی فەیلی داندراوە كە ئەویش لە پارێزگای واستە و كوردانی فەیلی لە پارێزگای واست زۆرن و لە شوێنەكانی دیكەش كوردی فەیلی هەن و یەك كورسی كۆتا بۆ فەیلییەكان كەمە، ئەگەر واشە دەبوو لە هەموو عێراق دەنگ بۆ ئەو كورسییە بدرایە نەك تەنیا واست، هاوشێوەی كۆتای مەسیحییەكان".

هاوكات لە بارەی دۆخی كوردانی فەیلییەوە؟ حەیدەر عەلی، گوتی: "ئێمە وەك فەیلی خۆمان بەكەمینە نازانین، چونكە ئێمەش هەر نەتەوەی كوردین، ئیتر دۆخەكە لە عێراق وای كردووە كە كوردی فەیلی لە واست یەك كورسی بۆ دابنرێت و ئەوەش كەمە بۆ ئێمە و دەبوو هاوشێوەی مەسیحییەكان كۆتایان بۆمان دابنایە، چونكە كوردانی فەیلی قوربانی زۆریان داوە و دەبوو كوردانی فەیلی لە پارێزگای واست دوو كورسیی كۆتا و لە بەغدا دوو كورسی و كورسییەكیش لە دیالە، وەك كۆتا دابنرایە و دۆخی كوردانی فەیلیش هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر نالەبارە لە عێراق".

سەبارەت بەوەی كوردانی فەیلی لە قوربانیداندا هەمیشە یەكەم بوونە و لەسەر دەستی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەتایبەت بەعس زۆر چەوسێندراونەتەوە و ئێستاش قەرەبوو نەكراونەتەوە، ئەو كاندیدەی پارتی، رایگەیاند: "لە خێزانەكەی خۆمان چەندین شەهیدمان لە پێناوی كوردایەتیدا داوە و كوردانی فەیلی بەگشتی خاوەنی سەدان شەهیدن، 500 هەزار خێزانی كوردانی فەیلی كاتی خۆی بەزۆرەملێ دەركراون و نێردراون بۆ ئێران و هەرچی ئەو كارەستانەی كە بەسەر كوردانی فەیلی هێندراوە بەهۆی كوردبونیانەوە بووە و چەندین سەركردەی كورد هەبوون كە كوردی فەیلی بوون یەكەم سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان حەبیب محەمەد كەریم بووە كە كوردێكی فەیلی بوو، هەربۆیە رژێمی بەعس بەتایبەتی هەمیشە كوردانی فەیلی دەچاوساندەوە".

لە كۆتاییدا لەبارەی ئەوەی ئەگەر ببێتە پەرلەمانتار چی بۆ كوردانی فەیلی دەكەیت و بەرنامەت چی دەبێت؟ حەیدەر عەلی، ئاماژەی بەوەدا: "كار دەكەم بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە كوردانی فەیلی و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بەشی بیانی لە بەغدا بۆ كوردانی فەیلی كە تاكوو ئێستاش كوردانی فەیلی بیانەوێت نفوس دەربكەن دەیانێرنە بەشی بیانی (ئەجانب) ئینجا بۆیان دەردەكەن و هەروەها 22 هەزار گەنجی كوردی فەیلیمان هەیە كە سەرنوگمن و چارەنوسیان تاكوو ئێستا دیار نییە و هەروەها مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ناوچە كوردییە فیلییەكان جێبەجێ بكرێت و هەروەها ئاوارە فەیلییەكان بگەرێنەوە زێدی خۆیان و ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێتەوە كە بەدەستی رژێمی بەعس وێران كراون".