ده‌روازه‌ی سنووریی (كێله‌شین - شنۆ).. پێنج ساڵە بڕیاری لێ دراوە و هێشتا نەكراوەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ده‌روازه‌ی سنووریی (كێله‌شین - شنۆ).. پێنج ساڵە بڕیاری لێ دراوە و هێشتا نەكراوەتەوە

 

به‌پێى راپۆرت و به‌دواداچوونێكى (باسنیوز)، ئه‌گه‌رچى زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ بڕیار له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى سنووری (كێله‌شین- شنۆ) دراوه‌، كه‌چى هێشتا نه‌كراوه‌ته‌وه، هاووڵاتییانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ نیگه‌رانن و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سیده‌كانیش زانیاریى ورد له‌وبارەیەوە‌ ده‌خاته‌ روو.

محه‌مه‌د رزگار \قوتابیى زانكۆ\ خه‌ڵكى سنوورى ناحیه‌ى سیده‌كان له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران، به‌ (باسنیوز)ى راگه‌یاند: "ناحیه‌ى سیده‌كان له‌ رووى رووبه‌رەوە به‌ گه‌وره‌ترین ناحیه‌ى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر داده‌نرێت، شوێنێكى له‌باریشه‌ بۆ بایه‌خدان به‌ بوارى كشتوكاڵ و بوژانه‌وه‌ى ئابوورى، به‌تایبه‌تیش کە هاسنووره‌ له‌گه‌ڵ رۆژهەڵات و باکووری کوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى خراپیى ره‌وشى سه‌ربازى له‌و سنوورانه‌، له‌برى سوودمه‌ندبوون، خه‌ڵكى سنووره‌كه‌ دووچارى ئاواره‌بوون و قوربانیدان هاتوون و باجی گەورە بە گیان و کار و داهاتیانەوە دەدەن".

گوتیشى: ”له‌ ساڵى 2016، شاندێكی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌ركونسوڵی ئێران له‌ هه‌ولێر، به‌ یاوه‌ریی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی هەنگاونان بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری كێله‌شین- شنۆ، سه‌ردانی قه‌زای سۆرانیان كرد و له‌گه‌ڵ قایمقامی سۆران و به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و بڕیار درا، كه‌ كارى رژد بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى (كێله‌شین- شنۆ)، ئه‌وه‌ش زۆر دڵخۆشى كردین".

ئەو قوتابییەى زانكۆ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: "دواى زیاتر له‌ پێنج ساڵ چاوه‌ڕوانى، تا ئێستا ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌ نەکراوەتەوە، له‌كاتێكدا به‌ كردنه‌وه‌ى، جگه ‌له‌وه‌ى هه‌لى كار بۆ سه‌دان ده‌رچوانى زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌ڕه‌خسێت، له ‌هه‌مان كاتیشدا كاریگه‌ریى زۆرى ده‌بێت له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ى ئابووریى سنووره‌كه‌ و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتی، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆكارێكیش بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ره‌وشى سه‌ربازیى ده‌ڤه‌ره‌كه‌“.

له‌لاى خۆیه‌وه‌، ئیحسان چه‌له‌بى، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سیده‌كان له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران، به‌ (باسنیوز)ى راگه‌یاند: "به‌ كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى سنووریی (كێله‌شین- شنۆ)، جگه‌ له‌ بوژانه‌وه‌ى ئابوورى، هه‌لى كار بۆ سه‌دان هاووڵاتی له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌ڕه‌خسێت، به‌ڵام دواكه‌وتنى كردنه‌وه‌ى ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌كه‌م، به‌هۆى سه‌ختیى شوێنه‌كه‌ كه‌ پێویستى به‌ پڕۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌ى رێگاوبان هه‌یه‌ له‌ سنوورى سیده‌كان کە ده‌روازه‌ى كێله‌شین بگەیەنێتە شارى شنۆ، هه‌روه‌ها له‌ زستاندا به‌فرێكى زۆر له‌ سنووره‌كه‌ ده‌بارێت و ده‌بێته‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هاتوچۆ".

ئاشكراشى كرد: "هۆكارێكى دیكه‌ى سه‌ره‌كیى نه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌م ده‌روازه‌یه‌، بۆ خراپیى ره‌وشى سه‌ربازیى سه‌ر سنووره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بێ گومان پێویسته‌ به‌ر له‌ كردنه‌وه‌ى، هه‌وڵى كۆنتڕۆڵكردنى ره‌وشه‌كه‌ بدرێت، ئه‌مه‌ش به‌ربه‌سته‌ و كاتى زۆرى ده‌وێت، به‌ هیواین له‌ داهاتوودا ئه‌و كێشه‌ و گرفت و ئاسته‌نگانه‌ى له‌به‌رده‌م كردنه‌وه‌ى ئه‌م ده‌روازه‌یه‌دا هەن، چاره‌سه‌ر بکرێن“.

جێى ئاماژه‌یه‌، رۆژى 8-11- 2016 شاندێكی باڵای ئێران به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌ركونسوڵی ئێران له‌ هه‌ولێر، به‌ یاوه‌ریی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی هەنگاونان بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری كێله‌شین- شنۆ، سه‌ردانی قه‌زای سۆرانیان كرد و له‌گه‌ڵ قایمقامی سۆران و به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، كرمانج عزه‌ت، كه‌ ئه‌وكات قایمقامی قه‌زاى سۆران بوو، رایگه‌یاند: "چه‌ند ساڵێكه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، مه‌رزی كێله‌شین- شنۆ بكه‌ینه‌وه‌، بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ردوولا له‌ بواری بازرگانی و فه‌رهه‌نگی و بواره‌كانی دیكه‌، له‌ كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی مورته‌زا عیبادی، وه‌ك سه‌ركونسوڵی ئێران له‌ هه‌ولێر، هه‌وڵی زۆرتری داوه‌".

گوتیشی: "كۆماری ئیسلامیی ئێران لای خۆیانه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ین هه‌ماهه‌نگیی بكه‌ین بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه‌، هاتنی سه‌ركونسوڵی ئێران بۆ ناوچه‌كه‌، سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی ئه‌م هه‌نگاوه‌، چونكه‌ بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئاماده‌كاریی بكه‌ین بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌".

هه‌روه‌ها مورته‌زا عیبادی، سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئێران په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌یه‌، ده‌بێ هه‌ردوولامان هه‌وڵی زیاتر بده‌ین بۆ پاراستنی ئارامیی سنووره‌كان، هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی شه‌ڕی داعشن، بۆیە هه‌ندێك لایه‌ن كه‌ڵك له‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ وه‌رده‌گرن".

له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی مه‌رزی كێله‌شین- شنۆ، عیبادی گوتی: "وه‌ك چۆن له‌ ئاڵۆزیی سنووره‌كان خه‌ڵكی ناوچه‌ سنوورییه‌كان زه‌ره‌رمەند بووە‌، ده‌بێ له‌ كردنه‌وه‌ی مه‌رزه‌كه‌ خه‌ڵكی شنۆ و سۆران سوودمه‌ندی یه‌كه‌م بن".