سه‌رۆكی خاوه‌نكارانی توركیا داوای دامەزراندنی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیادا دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سه‌رۆكی خاوه‌نكارانی توركیا داوای دامەزراندنی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیادا دەكات

 

سه‌رۆكی كۆمەڵەیەكی خاوه‌نكارانی ی توركیا داوا دەكات هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بده‌ن تا هێڵێكی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان وتوركیا دابمه‌زرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 13/9/2021، شاندێكی بازرگانانی وڵاتی توركیا كه‌ پێكهاتبوون له‌ 40 كۆمپانیا و بازرگان له‌ چه‌ند سێكته‌رێكی جیاواز، لە هەولێر كۆڕبەندێكی بازرگانیان لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌ن كۆمپانیا و بازرگانانی شاری هەولێرئەنجامدا.

لە كۆڕبه‌نده‌كه‌ سۆران ئه‌بوبه‌كر، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی و پیشەسازی هەولێر رایگەیاند: "قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ نێوان وڵاتی توركیا و هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستێكی زۆر باش دایه‌، پاش وڵاتی ئه‌ڵمانیا، هه‌رێمی كوردستان زۆرترین هاورده‌كاری كاڵاكانی توركیایه‌، رۆژانه‌ به‌ نزیكه‌یی سێ هەزار بۆ سێ هەزار و 500 بارهه‌ڵگر له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل هاتوچۆ ده‌كه‌ن".

ئەوەشی خستە روو، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و شانده‌ بازرگانییه‌كان و به‌شداریكردن له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و كۆنفڕانسه‌ بازرگانییه‌كان و پێشانگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستێكی زۆر باش دایه‌.

سۆران ئه‌بوبه‌كر ئاماژەی بەوەدا، ئێستا هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ دامه‌زراندنی كارگه‌ و پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌یه‌، داوای له‌ كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانی توركیا كرد بێنە پێشەوە و هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان بۆ ده‌كرێت.

جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی هیوای خواست كێشه‌ی ڤیزا و ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ی كه‌ دێته‌ به‌رده‌م گەشه‌تكردنی هاووڵاتیان و بازرگانان نه‌مێنێت.

لای خۆیەوە نه‌واف كلیچ ، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازان و خاوه‌نكارانی نێوده‌وڵه‌تی توركیا رایگەیاند : هەرێمی كوردستان هاوبه‌شێكی گرنگی وڵاتی توركیایه‌، قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستێكی زۆر باش دایه‌، چاومان له‌وه‌یه‌ قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیا و وڵاتی عێراق به‌ گشتی بگات به‌ 50 ملیار دۆلاری ساڵانه"‌.
كلیچ گوتیشی: "له‌ ساڵی 2013ه‌وه‌ به‌ڵێنده‌رانمان به‌ نزیكه‌ی 5 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووە".

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازان و خاوه‌نكارانی نێوده‌وڵه‌تی توركیا راشیگەیاند: "دەبێت هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بده‌ین تا هێڵێكی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی توركیا دابمه‌زرێت و گه‌شتی راسته‌وخۆی ئاسمانیش له‌ نێوان هه‌موو شاره‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌".