لەنێو لانكدا مارەیان كردووم!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لەنێو لانكدا مارەیان كردووم!

تەمەنی 30 ساڵە، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری سلێمانییە، خاوەن بڕوانامەی زانکۆیە و کاریشی هەیە، بەڵام دەڵێت: "ئاسوودە نیم".

ئاڵا، کوڕێکی خەڵکی گوندەکەی خۆیانی خۆش دەوێت، خێزانەکەی و زۆربەی خەڵكی گوندیش بەم چیرۆکە دەزانن، بەڵام ناتوانێ شووی پێ بکات.

کێشەی ئەم کچە، کێشەی زۆر لە کچانی خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانە، چونکە لە نەریتێکەوە سەرچاوەیان گرتووە، کە ئافرەت وەکوو یەکێ لە کەرەستەکانی ژیان ئەژمار دەکەن، لە سوڵح و ئاشتەوایی و کوژاندنەوەی ئاگری دووبەرەکیدا بەکاری دێنن.

ئاڵا، تەمەنی تەنیا یەک ساڵ بووە و هەر لەسەر بێشکەدا لە کوڕێك مارە بڕاوە، ئێستا نایەوێت شوو بەو کوڕە بکات و کوڕەکەش وازی لێ ناهێنێت. بۆیە ناتوانێ بە خۆشەویستەکەشی بگات.

ئاڵا گێڕایەوە: "هەر کە خۆم ناسی، ناوی ئەو کوڕەیان لەگەڵ من دەهێنا کە لێی مارە بڕاوم، بێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانم، لەو کاتەوە رقم لێی بووە و نەمدەویست نە ئەو و نە کەسێک لە خێزانەکەی ئەوان ببینم، چونکە هەر کات خوشک یان دایکی ئەم کوڕەم دەبینی، پێیان دەگوتم، زۆری نەماوە و گەورە بووە".

ئاڵا لە قۆناغی یەکەمی زانکۆوە کوڕێکی خۆش دەوێت، ئەو کوڕە چەند جارێک چووەتە خوازبێنی، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە منداڵی لە کوڕێکی دیکە مارە بڕاوە، ناتوانێ شووی پێ بکات و ئەو کوڕەش وازی لێ ناهێنێت: "کاتێک خۆشەویستەکەم هاتە خوازبێنیم، باوکم گوتی، دەبێ لەگەڵ ئەو ماڵە قسە بکەم، کە لە کوڕەکەیان مارە بڕاوە، بەڵام ئەوان بە هەموو جۆرێک دژی ئەوە وەستانەوە و گوتیان کە دەبێ شوو بە کوڕەکەی ئەوان بکەم. ماوەی پێنج ساڵە چاوەڕێم، بەڵکوو ئەوان وازم لێ بێنن".

گوڵاڵە سەعید، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە کێشەی ئاڵا دەڵێت: "بەداخەوە کێشەی لەم جۆرەمان هەیە، ئەگەرچی ئەم نەریتە زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام کێشەکان ماون، چونکە ئەو کچانەی 30 ساڵ یان کەمتر بەر لە ئێستا بە بچووکی مارە بڕوان، ئێستا گەورە بوونە و کێشەکە دروست دەبێت، ئەگەرچی بەپێی هیچ بەرنامەیەکی زەمینی و ئاسمانی مارەبڕینی منداڵی بچووک رێگەپێدراو نییە، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەو حاڵەتانە هەن، بۆیە پێویستە عاقڵانە و بێ ئاڵۆزی هەوڵ بدەن ئەم کێشانە چارەسەر بکەن".

ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئەوەش روون دەکاتەوە: "بەپێی یاسا، ئاڵا دەتوانێ لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات و مافی خۆیەتی، بەڵام هەمیشە ئەم کێشانە گرفتی دیکەی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، بۆیە هەوڵ بدرێت بە گفتوگۆ و لەیەکتر گەیشتن چارەی گرفتەکەی بکات و بەو کوڕە بڵێت کە ئەو ناتوانێ ژیان لەگەڵ ئەو دروست بکات، تاکوو لێی بێهیوا بێت، خێزانی کچەکەش پێویستی پشتگیریی بکەن و بە هەمان شێوە ئەو ماڵە دڵنیا بکەنەوە کە کچەکەیان رازی نەبێت نایخەنە ژێر فشار، ئەم گفتوگۆیە باشترە لە رێگەی کەسانێکەوە بێت کە لەو گوندە قسەڕۆیشتوو و جێی رێزن".

ئاڵا ئەوەش باس دەکات، کە: "کاتی خۆی من لەجیاتی مامۆژنم مارە بڕاوم، ئێستا دەڵێن ئەگەر من شوو بە کوڕەکەی ئەوان نەکەم، ئەوانیش مامۆژنم دەبەنەوە، لەکاتێکدا ئەو دایکی پێنج منداڵە و هیچ گرفتێکیان نییە".