ژینگەپارێزێكی مەریوان: ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر هەڕەشەی وشكبووندایە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ژینگەپارێزێكی مەریوان: ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر هەڕەشەی وشكبووندایە

"دەریاچەی زرێبار و دەریاچەی ورمێ بەرەو وشكبوون دەڕۆن"

ژینگەی سروشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم چەند دەیەی دواییدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک مەترسیی جیا جیا بووەتەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی ڕێژەی مەترسییە ژینگەیییەکان، چەندین ڕێکخراوی ناحکوومیی ژینگەپارێز دەستیان بە چالاکی و کاری ژینگەپارێزی کردووە و (ئەنجوومەنی سەوزی چیا)ش لە مەریوان وەک ڕچەشکێنی ئەو بوارە، لەم ساڵانەدا زۆر چالاکیی دیار و بەرچاوی بەڕێوە بردووە.

عیرفان حسێنی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا، باسی دۆخی ژینگە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شێوازی کار و چالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی ژینگەپارێزی دەکات و دەڵێت، دید و ڕوانگەی ئەمنییەتیی حکوومەت بۆ ڕێکخراوە ژینگەییە ناحکوومییەکان زۆر جار تووشی ئاستەنگی کردوون.

No description available.

حسێنی گوتیشی: ”هەموو ئەنجوومەن و ڕێکخراوە ژینگەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان، پێڕەو و بڕیارنامەیەکی گشتی دابنێن و لەسەر ئەو بنەمایە پێکەوە کار و چالاکی بکەن“.

ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، دۆخی ژینگە لە ئێران بە ''زۆر شپرزە'' وەسف دەکات و پێی وایە دۆخی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی چالاکیی ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزییەوە باشترە، بەڵام حکوومەت بەهۆی کۆمەڵێک پڕۆژەوە، بەتایبەت پڕۆژەی دروستکردنی بەنداو، زیانی زۆری بە دۆخی ژینگەی کوردستان گەیاندووە و لەم ساڵانەی دواییدا ''مافیای دروستکردنی بەنداو'' ڕووی لە کوردستان کردووە.

چۆنێتیی دامەزراندنی رێكخراوەكە

عیرفان حسێنی، پێوەند بە مێژووی دامەزراندنی ئەنجوومەنەكەیان و ئاستەنگەکانی بەردەم چالاکییەکانیان زیاتر ڕوونی كردەوە: ”سەرەتای دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەوزی چیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی (١٩٩٩-٢٠٠٠ی ز) و لەوێوە کارەکانی ئەنجوومەن دەستی پێ کرد و پەرەی سەند و سەرەنجام ساڵی ١٣٨٠ تا ٨١ی هەتاوی (٢٠٠٠-٢٠٠١ ز) بە شێوەی فەرمی لە فەرمانداری (قایمقامیەت)ی مەریوان داوای مۆڵەتی کارمان کرد، هەرچەند لە ماوەی ئەم دوو سێ ساڵەدا بە مۆڵەتێکی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی مەریوانەوە خەریکی کار و چالاکی بووین، بەڵام دواتر گوتیان دەبێ بچنە ژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆوە“.
No description available.

لە درێژەی ئەو وەڵامەیدا گوتی: ”ساڵی (٢٠٠١ ز) بە شێوەی فەرمی داوای مۆڵەتی کارمان بە ناوی ئەنجوومەنی سەوزی چیاوە لە قایمقامیەتی مەریوان کرد، پاش هاتوچۆ و ڕۆتیناتێکی زۆری ئیداری سەرەنجام لە ٢٨ی ٢ی ١٣٨٧ی هەتاوی (١٧\٥\٢٠٠٨)دا بە شێوەی فەرمی مۆڵەتی کاری ئەنجوومەنی سەوزی چیامان وەرگرت. هەرچەند لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا ئێمە بەردەوام کار و چالاکیی خۆمان هەر بەڕێوە برد و نەک ئەوەی کە کارەکانمان نەوێستا، بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی دەسەند، بەڵام بەداخەوە ئەو دید و ڕوانگە ئەمنییەی بەسەر ئەنجوومەنی سەوزی چیاوە هەیە زۆر جار تووشی ئاستەنگی کردووین، هەرچەند نەبووەتە هۆی ئەوەی کە کار و چالاکییەکانمان بوەستێنین، بەڵام هاتوچۆی زۆریان پێ کردووین. بێجگە لەوانە، ماوەیەکیش لە بواری داراییەوە گرفتمان هەبوو، ئەوەش هەر بەربەستی دەخستە ڕێی کارەکانمان.   

چەند رێكخراوێكی دیكە

لەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەوزی چیامان پرسی، ئاخۆ چەند ڕێکخراوی دیکەی ژینگەپارێزی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکن؟ لە وەڵامدا گوتی: ”بە خۆشحاڵییەوە جیا لە ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە مەریوان، کۆمەڵێک ئەنجوومەنی دیکەش لە شارەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکن، لەوانە دەتوانم ئاماژە بکەم بە ئەنجوومەنی پاژینی بانە، ئەنجوومەنی ژیوای پاوە و ئەنجوومەنی سەروی سەوزی داڵاهۆ. ئەمانە کۆمەڵێک ئەنجوومەنی چالاکن و بەڕژدی کار دەکەن. بە خۆشحاڵییەوە هەماهەنگی و پەیوەندیی باشیشمان لەگەڵ ئەو ئەنجوومەنانە هەیە و لە ماوەی چوار پێنج ساڵی ڕابردوودا دوو کۆبوونەوەی گشتیی هەموو ئەنجوومەن و ڕێکخراوە ژینگەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان پێکەوە هەبووە و باسمان لەوە کردووە کە بتوانین پێڕەو و بڕیارنامەیەکی گشتی دابنێین و لەسەر ئەو بنەمایە پێکەوە کار و چالاکی بکەین و چالاکییە هاوبەشەکانیشمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشبوون دەچن“.

دۆخی ژینگە لە ئێران

لەبارەی دۆخی ژینگە و ژینگەپارێزی لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، عیرفان حسێنی گوتی: ”دۆخی ژینگە و ژینگەپارێزی لە ئێراندا زۆر زۆر شپرزەیە و فارس گوتەنی شیاوی تاریف نییە. بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژیش دۆخەکە خراپتر دەبێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانم ئیدیعا بکەم کە هەموو ئەنجوومەن و ڕێکخراوە ژینگەییەکان، بەتایبەتی ئێمە وەک ئەنجوومەنی سەوزی چیا، توانیومانە تا ڕادەیەک لەچاو شوێنەکانی دیکەی ئێراندا دۆخەکە باشتر بپارێزین کە ئەوەش زەحمەتێکی زۆری پێویست بووە و دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەک دۆسیەیەکی ژینگەپارێزیمان لە مێشکی تاکەکاندا کردووەتەوە، دیارە ئەوەش زۆر کاری دیکەی پێویستە و تەنانەت لە ئاستی ویستی ئێمە نزیکیش نەبووەتەوە، بەڵام تێ دەکۆشین کە بەردەوام بەرەو باشتری ببەین“.
بحران کم‌آبی در ایران؛ آب در کلان‌شهر کرج جیره‌بندی شد

لە درێژەدا ڕوونی كردەوە: ”دۆخی ژینگەیی هەموو وڵاتێک، نەک هەر ئێران، گرێدراوی دۆخی سیاسیی ئەو وڵاتەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم بەلای بەرپرسانی ئێرانەوە ژینگە جێی گرنگی نییە، تەنانەت هەر شتێک دەقەومێ، یان دەیانەوێت پڕۆژەیەکی خۆیان جێبەجێ بکەن، ژینگە دەکەنە قوربانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە. دەکرێ باسی زۆر قەیرانی ژینگەیی لە ئێران بکەین، بۆ نموونە دۆخی ئاو لە ئێراندا یەکجار وێرانە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە باسی دروستکردنی بەنداو و لەنێوچوونی دارستانەکان و وشکبوونی یەک لە دوای یەکی تاڵاو و گۆماوەکانەوە هەیە کە لە هەموو دنیادا ئەو تاڵاو و گۆم و زۆنگانە لە سەرچاوە هەرە باشەکانی گەشە و زیندوویی ژینگەن“.

هەر لەبارەی دۆخی ژینگەی ئێرانەوە، ئەو چالاكوانەی بواری ژینگەپارێزی لە رۆژهەڵاتی كوردستان گوتی: ”وشکبوونی ئەو سەرچاوە ئاوییانە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی هەستانی گەردیلەکان، وەکوو خۆڵبارین و تەپوتۆز و تەم لە ئاسماندا. لە ڕاستیدا وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا خەریکە دۆخی ژینگەی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، یەکێک لەو مەترسییانە بابەتی وشکبوونی دەریاچەی ورمێیە، هەرچەند ئیدیعا دەکەن کە گوایە کار بۆ بووژاندنەوەی ئەو دەریاچەیە دەکەن، کەچی چەند شوێنی دیکەشیان پێوە وێران کرد و لە ڕاستیدا ئەو کارە لە دەستی کەسانێکی مافیادایە کە مەبەستیان تەنیا کۆکردنەوەی پارەیە. ئێستا باسی ئەوە دەکەن کە بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە زێی گەورە، لای سەردەشت و کانی سێوەوە ئاو دەگوێزنەوە بۆ دەریاچەی ورمێ، کە بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم، ئەو کارە نەک دەریاچەی ورمێ نابووژێنێتەوە، بگرە زۆر شوێنی دەڤەرەکە، وەکوو کانی سێو و ئەو ناوچانەی بۆڕیی گواستنەوەی ئاوەکەی پێدا ڕادەکێشن تووشی کاولکارییەکی یەکجار گەورە دەبن“.

خەڵاتی باشترین رێكخراو لە ئێراندا
انجمن سبز چیا رتبه اول جایزه ملی محیط زیست كشور را از آن خود كرد

پێوەند بە پەیوەندیی رێكخراوەكەیان لەگەڵ رێكخراوە ژینگەپارێزییەكانی دیكەی ئێراندا، عیرفان حسێنی گوتی: ”ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوە ژینگەییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێرانیشدا پەیوەندیمان هەیە. دەتوانم بە خۆشحاڵییەوە ئیدیعای ئەوە بکەم کە ئەنجوومەنی سەوزی چیا ئێستا بووەتە یەکێک لە ئەنجوومەنە مەرجەع و لێڤەگەڕەکانی ئێران لە بواری ژینگەدا، واتا تۆ ڕێکخراوێکی ژینگەیی لە ئێراندا شک نابەیت کە بیەوێت کار و چالاکیی ژینگەپارێزی بکات و لەگەڵ ئەنجوومەنی سەوزی چیا ڕاوێژ و پرسوڕا نەکات. ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی (٢٠١٨ز) ئەنجوومەنی سەوزی چیا لەلایەن حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئەوکاتی ئێرانەوە وەک باشترین ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی ئێران نرخێندرا و ڕێزی لێ نرا“.

هەڵوێستی خەڵك و حكوومەت

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پێشوازی و پشتیوانیی جەماوەریی خەڵک و حکوومەت لە ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی تا چ ڕادەیەکە؟ عیرفان حسێنی رایگەیاند: ”دەبێ خەڵک و حکوومەت لێک جیا بکەینەوە. چونکە پێشوازی و پشتگیریی خەڵک بۆ ڕیکخراوەکان زۆر باشترە، لە ڕاستیدا حکوومەت هیچ پێشتگیرییەک ناکات و تەنانەت زۆر جار بەربەست و تەگەرەش دەخاتە سەر ڕێی ڕێکخراوەکان، بەڵام خەڵک باشن، هەرچەند ئێمە چاوەڕوانیمان لە خەڵکەکەمان زۆر زیاترە، چونکە ئێمە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەرزداری دارستانەکان و سروشتی ژینگەکەمانین، ئەم ژینگەیە هەزاران ساڵە ئێمەی لە هەموو شتێک پاراستووە. بۆیە ئێستا ئێمە لەسەرمانە کە ئەو قەرزەمان بدەینەوە و لە بەرانبەر ئەو چاکەیەی کە سروشتی کوردستان لەگەڵمانی کردووە، وەڵامدەر بین“.
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان بەردەوامە

گوتیشی: ”لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیمان لێ دەکرێت و بەردەوام هەوڵ دەدەین کە ئەو پێشوازی و پشتگیرییەی خەڵک زیاتر بێت. بەڵام لایەنی حکوومی تا ئەو جێگایە هاوکاریت دەکەن و لەگەڵتدا باشن کە ڕەخنەیان لێ نەگریت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە پەیوەندییان بە بابەتی ژینگە و ژینگەپارێزییەوە هەیە. تا ئەو جێگایەی کە پەسنیان بدەی و پێیاندا هەڵبڵێی و وەک پەیوەندییە گشتییەکانی خۆیان کار و چالاکی بکەیت، ئەوە هاوکاریت دەکەن، بەڵام هەر کە ڕەخنەیەکت لێ گرتن، کێشەت بۆ دەنێنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە ئەرکەکانی هەموو ڕێکخراوێکی ناحکوومی (NGO) ئەوەیە کە لەو جێگانەی لایەنی حکوومی ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات، ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییە لێی لەقاو بدات و لە ڕێی ڕەخنەوە گوشاری بخاتە سەر و بە گوێیدا بدات کە ئەو کارەت هەڵەیە و دەبێ بەم شێوەیە جێبەجێی بکەیت کە باشترە“.   

توانای دارایی

لە عیرفان حسێنیمان پرسی: بەگشتی لایەنی داراییتان چۆن دابین دەکەن؟ لە وەڵامدا روونی كردەوە: ”لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشی هەرە دیاری دارایی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی مافی ئەندامەتی و ئابوونەی ئەندامەکانیان و یارمەتییەکانی خەڵکەوە دابین دەکرێت. ئەگەر بمەوێت باسی ئەنجوومەنی سەوزی چیا بکەم، جیا لەو بوارانەی باسم کرد، جاروبارە لەگەڵ بەشی (UNDP) و بەشی (GEF)ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەک دوو پڕۆژەمان جێبەجێ کردووە. ئەوان ئەگەر ئەم پڕۆژانەیان بە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بسپاردایە تیچوویەکی یەکجار زۆری دەبوو، بۆیە کە دەزانن ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی، بەتایبەتی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، زۆر دڵسۆزانە لەپێناو ژینگەپارێزیدا کار و چالاکی دەکەن و ئەو جۆرە پڕۆژانەش بە تێچوویەکی چەندین بەرانبەر کەمتر جێبەجێ دەکەن، هاتن یەک دوو پڕۆژەمان پێکەوە جێبەجێ کرد“.

گیان لە دەستدانی چوار ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە شاری مەریوان – زاگرۆس  پۆست

گوتیشی: ”لێرە ڕێکخراوە مەدەنییەکان مووچە بە ئەندامەکانیان نادەن، ئەو پارەیەشی کە لەم جۆرە پڕۆژانەدا دەستیان دەکەوێت بۆ ئەندامەکانی خۆیانی خەرج ناکەن، بەڵکوو بۆ کار و چالاکییەکانیانی خەرج دەکەن. دەتوانم بڵێم بەشێکی پێداویستیی دارایی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە ئابوونەی ئەندامەکانیانەوە دابین دەبێت و بەشێکی یارمەتییەکانی خەڵکە و جاروبارەش لە داهاتی ئەو جۆرە پڕۆژانەوە دابین دەبێت کە بەشەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەكان بۆ نموونە بە ئەنجوومەنی سەوزی چیایان سپارد. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران نووسینگە و نوێنەرایەتیی هەیە و بۆ جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پڕۆژانە خۆیان داوای یارمەتییان لە ئەنجوومەنی سەوزی چیا کرد“. 

شەهیدانی ژینگەپارێز

لە کاتی چالاکییە ژینگەپارێزییەکانی رێكخراوی سەوزی چیا، بەتایبەتی لە کاتی کووژاندنەوەی ئاگری دارستانەکاندا، چەند ئەندامێکی ئەو ڕێکخراوە و ڕێکخراوەکانی دیکەش گیانیان بەخت کردووە، ئاخۆ لەم بارەیەوە چ ئامارێك لەبەردەستە؟ عیرفان حسێنی ئاشكرای كرد: ”بەداخەوە دوو کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا و دوو کەسیش لەو کەسانەی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان وەک فەرمانبەری گرێبەست بۆ کووژاندنەوەی ئاگر دایمەزراندبوون لە کاتی کووژاندنەوەی ئاگردا گیانیان لەدەست دا. چوار ئەندامی ئەنجوومەنی ژیوای پاوەش لە کاتی کووژاندنەوەی ئاگردا شەهید بوون. بێجگە لەوانە دوو کەسیش لە ڕوانسەر و جوانڕۆ کە ئەندامی ڕێکخراوە نەبوون و وەکوو تاک چالاکییان دەکرد لە کاتی کووژاندنەوەی ئاگردا گیانیان لەدەست دا. لە ناوچەی لوڕستانیش کەسێک لە کاتی کوواژندنەوەی ئاگردا گیانی لەدەست دا. سەربازێکیش لە باشووری کوردستان گیانی لەدەست دا. لەم دواییانەشدا لە ناوچەی شیرازی ئێران چوار ئەندامی یەک بنەماڵە کە هەوڵیان دابوو ئاگرێک بکوژیننەوە، لە ئاگرەکەدا خنکان“.

No description available.

گوتیشی: ”لە ڕاستیدا کاری (NGO)، یان ئەنجوومەنێکی ژینگەپارێزی، کووژاندنەوەی ئاگر نییە، وەکوو پێشتریش باسم کرد، کاری (NGO) ئەوەیە کە وەکوو پردێک بێت لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، کە کەموکووڕییەکانی دەسەڵات دەستنیشان دەکات و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی چاکسازییان تێدا بکرێتە. ئێستا کە دەبینی ئێمە وەکوو ئەنجوومەنی سەوزی چیا، یان ژیوای پاوە، یان پاژینی بانە، بەتایبەی ئەنجوومەنی سەوزی چیا ڕۆژانە خەریکی کووژاندنەوەی ئاگرین، لە ڕاستیدا وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی لە بابەتەکە دەڕوانین. بەڵام دەبینی لە ئەنجامی گەندەڵی و جێبەجێنەکردنی ئەرکی سەرشانی لایەنی پەیوەندیداردا، حکوومەت بۆ ئەم جۆرە ڕووداوانە نایەتە پێشەوە و خەڵکیش خۆی پێ ڕاناگیرێت و بەتایبەت ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان هەڵدەکوتنە سەر ئاگرەکە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی کوردستاندا کە زۆربەی شوێنەکان شاخاوی و لێژ و هەڵەت و هەڵدێرن، بۆ ئەندامانی ڕێکخراوەکان شاکارن، دەنا ئەم جۆرە ئاگرانە بە دەست ناکووژێتەوە، تەنانەت لە هەر شوێنێکی دنیا بڵێی خەڵک دەنێرم بە دەست و بە هەژگ ئاگر بکووژێنێتەوە، پێیان سەیر دەبێت، ئەو کارانە لە وڵاتان بە کەرەستەی تایبەت و فڕۆکەی تایبەتی ئاگرکووژاندنەوە و تکنۆلۆژیی تایبەت و هاوچەرخ دەکرێن، بەڵام بەداخەوە ئەو کەرەستانە لێرە نین، یان دەبینی بایەک هەڵدەکات کە ڕەوتی ئاگرە دەگۆڕێت و گەمارۆت دەدات. بەشێکی هۆی ئەو خەسارەتە گیانییانەش هی ئەوەیە کە ئێمە ڕاهێنانمان نەبووە و لەسەر چۆنیەتیی کووژاندنەوەی ئەو جۆرە ئاگرانە ڕانەهێنراوین و تەنیا لە ڕووی هەستی نیشتمانی و مرۆڤدۆستییەوە بەگژ ئاگردا دەچین و شەڕی لەگەڵ دەکەین. لەم دواییانەدا کە پێشکەوتووین، کەرەستەیەکمان بە ناوی ''دەمەندە'' هەیە و ئاگری پێ دەکووژێنینەوە، دەنا هەر بە هەژگ و بە چنگە و بە بێڵ و بە شەنکێش و ئەوانە ئاگر دەکووژێنینەوە.

هۆكاری سووتانی دارستانەكان

پێوەند بە هۆكارەكانی ئاگرگرتنی چیا و دارستانەکانی کوردستان، عیرفان حسێنی ڕوونی كردەوە: ”ئێمە لە زاگرۆس ئاگری سروشتیمان هەر نییە، لە کوردستان ئاگری سروشتیمان هەر نییە، ئەوەی کە بەهۆی وشکەساڵی و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بێت، تەنانەت دەتوانم بڵێم ٩٩ لەسەدی ئەو ئاگرانەی لە کوردستان و لە زاگرۆس هەن هۆکاری مرۆییان لەپشتە و بە دەستی ئانقەست ئەو ئاگرانە دەکەونەوە. ئەو لەسەدا یەکەش کە لەوانەیە کەمتریش بێت، بەڵام تۆ هەر بڵێ لەسەدا یەک، ئەویش لەوانەیە هی ئەوە بێت کە کەسێک بە سەهوو ئاگرێکی لەدەست دەردەچێت، دەنا هەموویان دەستی ئانقەستی مرۆڤیان تێدایە، دەتوانم بڵێم لەسەدا نەوەدی ئەو بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ کەسانێکی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز، کە ئەگەر بمەوێ لەسەر ئەوانە قسە بکەم دەبێ وشەی زبر و ناشیرین بەکار بێنم، چونکە خەریکن دارستان لەنێو دەبەن بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆیان و بۆ بەرژوەندی و قازانجێکی ئابووریی کاتی، کە بەداخەوە دوایی دەبێت بە شتێکی ماڵوێرانکەر بۆ خۆیان و خەڵکی دەوروبەریان. ئەوان دەیانەوێت بە سووتاندنی دارستانەکان، زەویی دارستانەکە بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و ڤێللا و پرۆژەی تێدا دروست بکەن. یان دارستانەکانی نزیک شارەکان دەسووتێنن و بنەبڕیان دەکەن بۆ ئەوەی زەوییەکەی دابەش بکەن و پارچە پارچە بیفرۆشن. یان دارستانەکان دەسووتێنن بۆ ئەوەی خەڵووزیان لێ بەرهەم بێنن و بیفرۆشن“.

No description available.

حسێنی درێژەی دایە و گوتی: ”جاربەجاریش لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا هۆکاری ئەم ئاگرانە شەڕی عەشیرەیی و تایەفەیی، یان ئەو شەڕانەن کە لەنێوان خەڵکی دوو گونددا ڕوو دەدەن، کە ئەمە هێندە کەمە ناتوانم ڕێژەی سەدەیی بۆ دیاری بکەم. نیزیکەی لەسەدا ١٠ی هۆکارەکانیش دەگەڕێتەوە سەر بابەتی ئەمنی و سەربازی، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەی مەریوان و بانە دەتوانم بڵێم هۆکاری زۆربەی هەرەزۆری کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچە سنوورییەکان، بنکەکانی هێزی پاسەوانیی سنوورن، دیارە ئەوان ڕاستەوخۆ ددان بەوەدا نانێن، بەڵام بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورە دەڵێن ئەو ناوچەیان ئاگر داوە بۆ ئەوەی لە کاتی شەودا بەرچاویان ڕوون بێت و ئا لەم بیانووە هەڵیتوپڵیتانە دەکەنە پاساوی ئەو کارە خراپەیان. باشە لە کوێی دنیا دارستان ئاگر دەدرێت بۆ ئەوەی هێزێکی سەربازی بەردەمی خۆی ببینێت! بەداخەوە لەم دواییانەدا لە دەروبەری شاری مەریوان نزیکەی هەزار و ٥٠٠ هێکتارمان لەلایەن بنکەکانی پاسەوانیی سنوورەوە سووتاون و لەدەستمان دان. جاری واشە بەهۆی مانۆڕی سەربازییەوە کە زۆربەی ئەو مانۆڕانەش لەم وەرزەدا دەکرێن، پووشوپەڵاشی چیاکان و دارستانەکان دەسووتێن. ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەی کە بەداخەوە لە نێوان حزبەکان و حکوومەتیشدا ڕوو دەدەن جاری وایە لەم وەرزەدا دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە“. 

مەترسیی دیكە

جگە لە ئاگرگرتنی دارستانەکان، ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ژینگەی مرۆیی و سروشتیی کوردستان دەکەن، زیاتر لە چ بوارگەلێکدان و ڕێچارەی کەمکردنەوەیان چین؟

عیرفان حسێنی دەڵێت: ”بنەڕەتیترینیان باسی ئاو و وشکبوون و وێرانکردنی سەرچاوەکانی ئاوە، کە ئەوە لە خوزستان بەڕوونی دیارە. بەشێک لە هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ سووتاندن و بنبڕکردنی دارستانەکان. دەزانین کە لەسەدا ٤٩ی ئاوی شیرین بۆ خواردنەوە لە سەرانسەری ئێراندا لە ناوچەی زاگرۆس دابین دەبێت، کە سەرچاوەی ئەو ئاوەش ئاوی بارانە کە لەلایەن دارستانەکانەوە دەپاڵێورێت و ئاوێکی جوان و پاک و بێگەرد پێشکەشی ئەم مرۆڤە ناسپاسە دەکەن، کەچی ئێمە بەو شێوەیە لەنێویان دەبەین. کەواتە مەترسییەکی بنەڕەتی باسی ئاوە و قەیرانی ئاو ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە لەنێوچوونی دارستانەکانەوە هەیە. مەترسییەکی دیکە کە خەریکە دەبێت بە ڕۆژەڤ و باسێکی بنەڕەتی، باسی دروستکردنی بەنداوەکانە، چونکە کوردستان لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران ناوچەیەکی باراناویترە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە مافیای دروستکردنی بەنداو لە ئێراندا ڕوو بکاتە کوردستان و زۆر بەنداو دروست بکات و ئێستاش خەریکی توێژینەوەن لەسەر دروستکردنی چەندین بەنداوی دیکە، کە ئاوی ئەو بەنداوانە بەشێکی زۆر کەمی بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بەشی هەرەزۆری دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا لە دنیادا باسی دروستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاوی ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە بەتەواوی هەڵوەشاوەتەوە و ئێستا ئەم بابەتە لە دنیادا وەک خەسارەتێکی ژینگەیی باسی دەکرێت. تەنانەت لە چەند شوێنی دنیا خەریکن بەنداوە کۆنەکان دەڕووخێنن کە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو“.
كرێكارانی بەنداوی ژاوە لەسنە مووچەیان پێ نەدراوە

گوتیشی: ”بەشێکی دیکە لە هۆكارەكان، وشکبوونی چەمەکانە، ئەو چەم و ڕووبارانەی بە درێژایی مێژوو لە ناوچەی ئێمەدا بوون و وەک دەڵێن شارستانییەتەکان لەپاڵ چەمەکان و ڕووبارەکاندا سەریان هەڵداوە، کەچی بەداخەوە ئێستا زۆربەی هەرە زۆریان وشک بوون، یان ڕێڕەوە هەمیشەییەکانیان گۆڕاوە و بۆ شوێنی دیکە لادراوە و خەریکە وشک دەبن و لەنێو دەچن. بەشێکی دیکەش دۆخی نالەباری ژێرخاککردنی زبڵ و خاشاکە، کە بێجگە لە شاری کرماشان، لە هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان بە شێوەیەکی کۆن و دواکەوتوو جێبەجێ دەکرێت. لە کرماشان ئەو کارە بە شێوەیەکی زانستی و ڕێکوپێک دەکرێت و تەنانەت بووە بە نموونە بۆ هەموو ئێران، بەڵام لەو بوارەدا بەتایبەتی دۆخی پارێزگای سنە زۆر زۆر شپرزەیە و هێشتا ئەو کارە هەر بە شێوەیەکی زۆر کۆن و نەریتی دەکرێت، کە زبڵەکە لە شوێنێک کۆگا دەکرێت و دواتر شۆفڵێک دێت خۆڵی بەسەردا دەکات، کە ئەم کارە ئاوی ژێرزەوی وێران و پیس دەکات. لە شاری مەریوانیش مەترسیی وشکبوون و لەناوچوونی دەریاچەی زرێبار هەیە، کە ئەوە مەترسییەکی زۆر جددییە“.