لە گوندێکی هەورامانی ڕۆژهەڵات نزیکەی 115 کەس ژەهراوی بوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە گوندێکی هەورامانی ڕۆژهەڵات نزیکەی 115 کەس ژەهراوی بوون

بەپێی زانیاریی میدیا خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  114دانیشتووی گوندێکی پاوە لە پارێزگای کرماشان، بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەوە ژەهراوی بوون و 11 کەسیان لە ناوەندە تەندروستییەکان خەوێندراون.

دوێنێ یەکشەممە جێگری دەرمانیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئیرنا (ماڵپەڕی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) ڕای گەیاندووە کە 114 دانیشتووی گوندی دشە-ی سەر بە پاوە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەوە ژەهراوی بوون و سەردانی نەخۆشخانەی قودس-ی پاوەیان کردووە، کە 11کەسیان لەو نەخۆشخانەیە خەوێندراون.

بەهمەن ڕەوشەنی، لەمبارەوە وتوویەتی: "پاش ئەو ڕووداوە تیمێکی پزیشکی نێردراوەتە گوندی دشە و لەێ جێگیر کراوە، هەندێکی دیکە لە هاووڵاتییانیش هەر بەهەۆی بوونی ئەو نیشانانەوە سەدانی ناوەندی تەندروستیی گوندەکەیان کردووە".

ئاماژەی بەوەش داوە کە ژەهراویبوونی ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی گوندی دشەوە بە ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندەوە بووە.

فاروق سەلیمی، بەڕێوەبەری تەندروستیی پاوەش بە ماڵپەڕی ئیرنا_ی گوتووە، کە جگە لەو ژمارەیەی چوونەتە نەخۆشخانەی قودسی پاوە، تاکوو کاتژمێری 8ی شەوی ڕابردوو 80 کەسیش لە گوندی دشە سەردانی ناوەندی تەندروستیی ئەو گوندەیان کردووە.

داریان، گەورەترین بەنداوی هەورامانە

پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندێکی ناوچەی هەورامانی ڕۆژهەڵات لە کاتێکدایە کە پاوە و هەورامان یەکێک لەو ناوچانەیە کە خاوەنی دەیان سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیە، بەڵام هێشتا خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆی گوندەکان هێشتا بەپێی ستاندارد نییە و بە شێوەی کۆن ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
ماجرای انتقال آب سد داریان به عراق | اقتصاد آنلاین

ئەو ڕووداوە تەندروستییە کە بەهۆی پیسیی ئاوەوە ڕووی داوە لە کاتێکدایە کە هەورامان یەک لە ناوچە دەگمەنەکانە کە سەدان سەرچاوە و کانیی زوڵاڵی تێدایە، بەڵام بەهۆی کاریگەرییە مرۆییەکان و پرۆژەکانی تایبەت بە بەنداو هەندێکیان لەناو چوون.

بۆ وێنە پرۆژەی بەنداوی داریان کە گەورەترین بەنداوی ناوچەکەیە و لە نزیک گوندی داریان و لەسەر ڕووباری سیروان هەڵبەستراوە، جیا لەوەی پێشی بە ئاوی ڕووباری سیروان بۆ باشووری کوردستان گرتووە، هاوکات چەندین سەرچاوەی گرنگی ئاوی بۆ وێنە کانی بڵ-ی کردە ژێرەوە و مەترسی لەسەر گوندی مێژوویی و مەزارگەی ئایینیی کۆسەی هەجیج و بە دەیان سەرچاوەی ژینگەیی و ڕەزە باخی هاووڵاتییانی ناوچەی هەورامانی ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون کردووەتەوە.

کانی بڵ لەناو چوو

کانی بڵ، کە کانییەکی زوڵاڵ و سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی پاک و خاوێنی ناوچەی هەورامان بوو، بەهۆی بەنداوی داریانەوە بووە ژێرەوە و لەناو چوو.
کوردیپێدیا - کانی بڵ

هەرچەند پێش دروستکردنی پرۆژەی بەنداوی داریان بە هەزاران ژینگەپارێزی کوردستان و چەندین کارناس و پسپۆڕی بواری ئاو و ژینگە، بەریوەبەران و لایەنە پێوەندیدارەکانیان لە مەترسییە مرۆیی و ژینگەییەکانی ئەو پرۆژەیە ئاگادار کردەوە و چەندین کەمپێنی ناڕەزاییش ڕێک خرا کە پێش بە لەناوچوونی کانی بڵ بگیردرێت، بەڵام هیج گرنگی بە ناڕەزایی خەڵک نەدرا و کانی بڵ بووە ژێر بەنداوەوە و جوانییەکانی شاردرایەوە.

گوندی دشە کەوتووەتە دووریی پێنج کیلۆمەتریی شاری پاوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی دوو هەزار کەسە و ئەو گوندە شوێنی پەروەردە و لەدایکبوونی دەیان کەسایەتیی ئایینی و شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.