ژاوەژاو؛ هەڕەشەیەکی پشتگوێخراو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ساسان تۆفیق 13/09/2021

ژاوەژاو؛ هەڕەشەیەکی پشتگوێخراو

ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا جیهان بگاتە قۆناغێک کە هاتوچۆی مرۆڤ بە یاسا قەدەخە بکرێت. هۆکارەکەشی پەتایەکی وەكوو کۆرۆنا یان هەڕەشەی شەڕ نابێت، بەڵکوو لەپێناو کەمکردنەوەی ژاوەژاو دەبێت. وەک چۆن ئێستا لە چەندین وڵات بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی شەقامەکان، سیستەمی تاک و جووتی ژمارەی ئۆتۆمبێل پەیڕەو دەکرێت، لەوانەیە لە داهاتوویەکی نە زێدە دووردا یاسا یان ڕێنمایی نوێش بۆ ڕێگری لە هاتوچووی خەڵک دەربکرێت.

بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم یان ئەو وڵاتانەی کە دەوترێت لە گەشەسەندان، کێشەی دەنگەدەنگ و ژاوەژاو بووەتە پرسێکی جددی و بەردەوام کێشەی تەندروستی و دەروونی و تەنانەت کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە. لێکۆڵینەوەکان تەنانەت باس لە کاریگەریی ژاوەژاو لەسەر دابەزینی توانای وەچەخستنەوەش دەکەن. بەشێکی بەرچاوی ئەم دۆخەش پێوەندیی بە نەبوونی پلان و پێوەری پتەو بۆ ڕێکخستنی گەشەی پیشەسازی و ئابووری و شارستانییەوە هەیە.

بەڵام ئایا مەبەست لە ژاوەژاو یان پیسبوونی ژینگە بە دەنگ چییە؟ بەگوێرەی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەر جۆرە دەنگەدەنگێک کە زیانی بۆ تەندروستیی بوونەوەرەکان هەبێت، دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە. ئەگەر ئاستی دەنگەکە لە ٧٠ دێسیبێڵ (پێوەری بەرزیی دەنگ) کەمتر بێت، زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر بەردەوام بێت. بەڵام ئەگەر مرۆڤ لە شوێنێکی وەک شەقام یان کۆڵانێکی قەرەباڵغ بۆ ماوەی لانی کەم هەشت کاتژمێر بە بەردەوامی دەنگێک لە سەرووی ٨٥ دێسیبێڵەوە ببیستێت، ژەهراوی دەبێت.

ژاوەژاو لە هەرێمی کوردستانیش خەریكە تەنگ بە خەڵك ھەڵدەچنێت و دەبێتە كێشەیەك كە ناتوانین نادیدەی بگرین. دەنگی هاتوچۆی زۆر جۆرە ئۆتۆمبێلی بچووک و گەورە، ماتۆڕ، هۆڕنلێدانی بەردەوام، دەنگی موەلیدەکانی کارەبا، مزەخەی ئاوی ماڵان، دەنگی ئامێرەکانی دروستکردنی باڵاخانە یان دەنگی کارگەکان، قیژە و هۆڕەی منداڵ لە کۆڵانەکان لە سەرلەبەیانییەوە تا نیوەی شەو، فرۆشیارە گەڕۆکەکان و دەنگی بڵندگۆکانیان و بە سەدان سەرچاوەی تری دەنگەدەنگ ڕۆژانە ژینگەی ئێمە ژەهراوی دەکەن. لە شار و تەنانەت لادێ و کۆمەڵگاکاندا بە هەزاران نەخۆش هەن کە پێویستیان بە ئارامی هەیە. تەنانەت کەسانێک کە هیچ نەخۆشییەکیان نییە، بەهۆی ئەم كێشەیەوە خەو لە چاویان ناکەوێت. ئەوەی سەیرە میدیای کوردی ئەم پرسەی بەلاوە ناوە و لەوەی پێوەندیی بە ژینگەوە هەیە، تەنیا ڕووماڵی پاراستنی ئاژەڵی کێوی و پاکوخاوێنڕاگرتنی پاوان و دارستان و سەیرانگەکان دەکات.

هەڵبەت بارودۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێت. وای لێ دێت، خەڵک بەهۆی ژاوەژاو لە شارەکانەوە پەنا بۆ گوندەکان دێنن، بەڵام ئەمەش دادیان نادات. ماوەیەک لەمەوبەر بیستم هاوڕێیەکم کە بەم دواییانە ماڵی خۆی لەناو سەنتەری شارەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی نزیک لە هەولێر گواستووەتەوە، لەگەڵ فرۆشیارە گەڕۆکەکان بەشەڕ هاتووە، چونکە وەک خۆی وتەنی لە هەولێرەوە هاتووەتە گوند تا لە دەنگەدەنگی ئەوان ڕزگاری بێت، کەچی لە یەخەی نەبوونەتەوە! (من حەز ناكەم لێرەدا باسی لایەنی ئابووری و چۆنێتیی بژێوی ژیانی ئەم كاسبكارانە بكەم، مەبەستم بەس ئاماژەكردنە بە لایەنی پیسكردنی ژینگە بە دەنگەدەنگ و ژاوەژاو. چونكە ئەوە بابەتێكی ترە).

هەڵبەت ئەمە نموونەی هەڵچوونی تاکێکە. بەڵام زۆر ناخایەنێت دەگاتە ئاستێکی مەزنتر. بۆیە باشترە بەر لەوەی بارودۆخەکە مەترسیدارتر بێت، مشوورێک لەم بابەتە بخورێت. بەدڵنیاییەوە دەکرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تر وەربگیرێت.

لە وڵاتێکی وەک هیند کە بە ژاوەژاو بەناوبانگە، ئاستی ڕێگەپێدراوی دەنگ لە ناوچە پیشەسازییەکان بە ڕۆژ ٧٥ دێسیبێڵ و بە شەو ٧٠ دێسیبێڵە. لە ناوچە بازرگانییەکاندا لەنێوان ٥٥ بۆ ٦٥ دێسیبێڵ و لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون بە ڕۆژ ٥٥ دێسیبێڵ و بە شەو ٥٥ دێسیبێڵە. زۆر پێوەری دیکەش هەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندە ڕەچاو ناکرێن. لە هەندێک بارودۆخدا، ڕێنمایی سەیر بۆ پابەندبوونی خەڵک دەردەکرێن. بۆ نموونە پۆلیسی هاتوچۆ لە مۆمبای بۆ نەهێشتنی دیاردەی هۆڕنلێدانی شۆفێرەکان لە کاتی ڕاوەستانیان لە ترافلایتەکان، ڕێنماییەکیان داڕشتووە کە دەڵێت چەندی زیاتر هۆڕن لێ بدەیت، ئەوا ناچارت دەکەین زیاتر لە پشت ترافلایتەکەوە چاوەڕێ بیت.

لە ئەڵمانیا ڕۆژانی یەکشەممە "کاتی بێدەنگی"یە، واتە هەر جۆرە چالاکی و کارێک کە ئاسوودەیی و پشوودانی دراوسێکانت تێک بدات، قەدەخەیە. دووکانەکان داخراون، زۆربەی خەڵکیش لەم ڕۆژەدا کار ناکەن. جگە لەوەش، هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر یەک تاوەکوو سێی دوای نیوەڕۆ کاتی بێدەنگییە. ئەوەی ئەم یاسایانە پێشێل بکات، تووشی پێبژاردنێکی زۆر دەبێت و تەنانەت ڕووبەڕووی دادگاش دەکرێتەوە.

یاسادانەران لە وڵاتێکی وەک ژاپۆن کە بە ژاوەژاو ناتۆرەیە، سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەکن بۆ ئەوەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی تایە ناچار بکەن، پلەبەندییەک دابنێن بۆ ئاستی دەنگەدەنگی تایەکان لە کاتی سووڕانەوە لە شەقامەکەدا و ئەم پلەبەندییەش لەلای کڕیارەکان ئاشکرا بکەن.

لە هەر وڵاتێک بە چەندان شێوە هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو دەدرێت. هەرچەندە ئەم کێشەیە هەرگیز بەتەواوەتی بنبڕ ناکرێت، بەڵام دەکرێت سنووردار بکرێت. هەڵبەت گرینگترین هەنگاویش دداننانە بە دیاردەکەدا و دواتر وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و دانانی یاسا و ڕێسای بەهێز و جێبەجێکردنیانە.