باڵوێزی ئێران: هەڵگرتنی ڤیزا هەموو کەسێک ناگرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

باڵوێزی ئێران: هەڵگرتنی ڤیزا هەموو کەسێک ناگرێتەوە

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا رایدەگەیەنێت، هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان ئێران و عێراق، هەموو گەشتیارێک ناگرێتەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 13-9-2021، ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا رایگەیاندووە: لەم کاتەدا، تەنیا ئەو گەشتیارانەی بە فڕۆکە لە نێوان ئێران و عێراق هاتوچۆ دەکەن، ڤیزایان لەسەر هەڵگیراوە.

ئیرەج مەسجدی هەروەها رایگەیاندووە: جێبەجێکردنی بڕیارەکەش دەکەوێتە دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکانی چلەی ماتەمی ئیمام حوسێن.

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە رەنگە دوای کۆتاییهاتن و کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا، ڤیزا لەسەر ئەو گەشیارانەش هەڵبگیرێت، کە بە رێگەی وشکانی لە نێوان ئێران و عێراق هاتوچۆ دەکەن.

رۆژی یەکشەممە 12-9-2021، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرکۆماری ئەو وڵاتە و بەرپرسانی باڵای دیکە، کۆ بووەوە.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مستەفا کازمی، ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند: رێککەوتوون لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر گەشتیارانی وڵاتەکانیان.

مستەفا کازمی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ ئێران هێنا و گەڕایەوە بەغدای پایتەختی وڵاتەکەی.