كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 12/09/2021

ئەنقەرە و کابول لە نێوان بەرژەوەندی و ئاڵنگارییەکاندا

پێشەکی
تورکیا پشتگیریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی (ناتۆ)ی کرد لە شەڕی دژ بە بزووتنەوەی تاڵیبان و ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان کە لە ساڵی ٢٠٠١ دەستی پێ کرد و دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی یارمەتیدەری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٤، ئەنقەرە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداریی کرد لە هێزەکانی ئاشتیپارێز لە ئەفغانستاندا. لەو کاتەوە هێزێکی تورکیا کە ژمارەیان نزیکەی ٦٤٨ سەرباز دەبوو، ئەرکیان بریتی بوو لە پاراستن و ڕێکخستنی کاروبارەکانی فڕۆکەخانەی حامد کارازای لە کابولی پایتەختدا.

لە کۆبوونەوەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە حوزەیرانی ڕابردوو لە میانەی لووتکەی ناتۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، هەردوولا ڕێک کەوتبوون لەسەر تەسلیمکردنی پاراستن و ئیدارەدانی کاروباری فڕۆکەخانەی حامد کارازای بە هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا دوای کشانەوەی ئەمریکا لە خاکی ئەفغانستان لە کۆتایی مانگی ئابدا. بەڵام پێشهاتە سیاسییەکان لە ئەفغانستان خێراتر بوون، ئەوە بوو بزووتنەوەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ڕابردوو دەستی بەسەر کابولی پایتەختدا گرت و سوور بوو لەسەر دەرچوونی سەرجەم هێزە بیانییەکان لە فڕۆکەخانەی کارازای، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا سەبارەت بە پرسی ئیدارەدان و پاراستنی فڕۆکەخانە، بۆیە ئەنقەرە بەناچاری کەوتە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لە ڕێگەی قەتەرەوە بۆ مانەوەی هێزەکانی لە فڕۆکەخانەکەدا.

سەرەڕای هەوڵەکانی تورکیا، بزووتنەوەی تاڵیبان ئەو داوایەی حكوومەتی تورکیای قبووڵ نەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی تاڵیبان ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ هەر چەشنە هاوکاری و هەماهەنگییەک، بەڵام بە مەرجێک لە دەرەوەی پرسی مانەوەی هێزەکانی تورکیا. بە مانایەکی تر، مەرجی هاوکاری و هەماهەنگیی بزووتنەوەی تاڵیبان لەگەڵ تورکیا بریتی بوو لە دەرچوونی هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی کارازای.

ئەوە بوو حكوومەتی تورکیا لە ٢٦ی ئابی ڕابردوو دەستی کرد بە کشانەوەی هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی کارازای، ئەردۆغانیش داوای دڵنیایی و متمانەی لە بزووتنەوەی تاڵیبان کرد. پاشان ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "تورکیا لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە ئەفغانستان بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییە تەکنیکی و ئابوورییەکان.

لە میانەی لێدوانی وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەوە بەدی کرا کە ئەنقەرە پەیوەستە بە مانەوەی لە ئەفغانستان، لە بواری تەکنیکی و ئابووری، نەک بواری سەربازی. تورکیا بوونی خۆی لە ئەفغانستان وەک دەروازەیەک دەبینێت بۆ بنیاتنان و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان و ئەفغانستانی نوێ، لەوێشەوە پایەکانی خۆی بۆ ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست بهاویژێت و سەرنجی هێزە ئیقلیمییەکان لە ناوچەکە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت لە سەرووی هەمووشیانەوە چین و ڕووسیا و هیندستان.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، لە ڕاستیدا وجوودی توکیا لە ئەفغانستان بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاری و کۆسپ و تەگەرەی گەورە دەبێتەوە لەژێر سایەی دەسەڵاتدارێتیی بزووتنەوەی تاڵیبان. لەم چوارچێوەیەشدا ئەم بابەتە شیکارییە هەوڵێکە بۆ شرۆڤەکردن و وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک لەوانە:
- ئەفغانستان بۆ تورکیا چ گرنگییەکی هەیە؟
- تورکیا بە چ شێوەیەک لە پڕۆسەی سیاسیی نوێ لە ئەفغانستان ڕۆڵ دەبینێت؟
- ئەو بەربەست و تەحەدییانە چین کە دێنە بەردەم تورکیا لە ئەفغانستان؟
- سیناریۆکانی بەردەم تورکیا لە داهاتووی ئەفغانستان چین؟
- تورکیا بۆچی گرنگی بە ئەفغانستان دەدات؟

تورکیا وەک ئەکتەرێکی هەرێمیی کاریگەر پەیوەندیی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆی بە سەرجەم ئەو ڕووداوە سیاسییانەوە هەیە کە لەسەر ئاستی ناوچەکە ڕوو دەدەن. بە واتایەکی تر، تورکیا دەیەوێت لە سەرجەم پیشهات و ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکەدا ڕۆڵ و بەشی خۆی هەبێت، ئەم ویست و مەیلە بەئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەردۆغانی سەرکۆمارەوە دووپات کراوەتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە، ڕووداوی کەوتنی حكوومەتی ئەشرەف غەنی و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە بۆ تورکیاوە جێگەی گرنگیپێدانێکی زۆر بوو. لە ڕاستیدا ئەم گرنگیپێدانەی تورکیا بە ئەفغانستان تەنیا پەیوەست نییە بە ئێستا، بەڵکوو پێشینەی مێژوویی هەیە لە نێوان تورکیا و ئەفغانستان، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی بنیاتنانی کۆماری نوێی تورکیا لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لە ساڵی ١٩٢٣ کە گەلی ئەفغانستان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە هاوکاریکردنی ئەتاتورک. بۆیە ئەمە لە یادەوەریی گەلی ئەفغان-تورکدا ماوەتەوە.

لێرەدا چەندین هۆکار هەن پەیوەست بە گرنگیپێدانی حكوومەتی تورکیا و دەسەڵاتداراتی تورک بە بوونی وجوودی بەهێز و کاریگەری تورکیا لە ئەفغانستان. هەندێک لە هۆکارەکان پەیوەستن بە ڕوانگەی سیاسەتی دەرەوە، هەندێکی دیکەش پەیوەندیدارن بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی-نەتەوەیی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە. بەشەکەی تری هۆکارەکان پەیوەندییان بە لایەنی ئابوورییەوە هەیە(1)، لێرەدا ئەو هۆکارانە دەکرێت بەم شێوەیە خوارەوە بخرێنە ڕوو (2):

١- ئەردۆغانی سەرکۆمار و هاپەیمانە ناسیۆنالیستەکانی لە دەسەڵاتدا، پێیان وایە ئەفغانستان شوێنێکی گرنگ پێک دێنێت لە ستراتیژیەتی دەوڵەتی تورکیا لە چوارچێوەی فراوانکردنی نفووزی خۆی لە ئاسیای ناوەڕاست. بەپێی پێشبینییە سیاسی و سەربازییەکانی تورکیا، بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی هاوسێی ئەفغانستان ددان بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیباندا دەنێن، جا بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت، یان بە ئەمری واقیع. ئەم پێشبینییانە پاڵپشتی لەوە دەکەن کە پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و ئەنقەرە، کاریگەری دەکاتە سەر چۆنیەتیی بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی ئەفغانستان.

٢- ویستی سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا؛ ئەنقەرە پێی وایە وجوودی لە ئەفغانستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێکخستنەوە و بیناتنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، لەبەر ئەوەی ئەمریکا، تورکیا وەک وەکیلی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەژمار دەکات لە ئەفغانستان. چونکە ڕۆڵی سەربازیی تورکیا لە ئەفغانستان هەمیشە کاریگەریی لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن دەبێت. نموونەی بەرچاو لەم بارەیەوە بەشداریی تورکیا لە هێزەکانی یارمەتیدەری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٠١ بووە هۆی ئەوەی واشنتۆن ببێتە گەورەترین هاریکاری ئەنقەرە لە بواری دارایی لە ڕێگەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بۆ ڕزگاربوون لە کێشە داراییەکانی.

٣- یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گرنگیی ئەفغانستان بۆ تورکیا، پەیوەستە بە پێکهاتەی دانیشتوان و کۆمەڵگەی ئەفغانییەوە کە کەمینەیەکی تورکی ئۆزبەکی ڕێژەی ١٧٪ی دانیشتوانی ئەفغانستان پێک دێنن، ئەم کەمینەیەش بە زۆری لە ناوچەکانی باکووری وڵات جێگیر بوون. ئەم کەمینەیە لە پێکهاتەی دانیشتوانی کۆمەڵگەی ئەفغانی بەستێنێکی نەتەوەیی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا پێک دێنێت، ئەمە لەلایەن ئەردۆغانەوە وەک هاندەرێک دەبینرێت بۆ ئەوەی تورکیا ڕۆڵی خۆی لە ئەفغانستان بگێڕێت.

تورکیا لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای سیاسەتی دەرەوەیدا مەبەستیەتی هاوپەیمانییەکی سوننە پێک بێنێت لە کۆمەڵێک دەوڵەتانی سوننەمەزهەبی وەک ئەفغانستان، پاکستان، ئۆزبەکستان، تورکیا و ئازەربایجان بۆ ئەوەی پێگە و هەژموونی خۆی بەرفراوانتر بکات لە ناوچەکە. هەروەها دروستکردنی بەرەیەکی بەهێز لە ئاسیای ناوەڕاست لە ڕووی سیاسی، سەربازی، ئەمنی و ئابووری بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە بەرامبەر ڕووسیا لە ناوچەکە.

٤- ئەردۆغان لەو بڕوایەدایە کە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان دروست بکات، بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت سوود وەربگرێت لە سیاسەتی ئیسلامگەرایی/سوننیگەرایی و پەیوەندییەکانی تاڵیبان لەگەڵ هاوپەیمانی تورکیا کە دەوڵەتی قەتەرە. لەسەر ئەم بنەمایەش لە مانگی ئابی ڕابردوو هەردوولا ئامادەیی خۆیان نیشان دا لەوەی کە دەتوانن بچنە نێو پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە لە ڕوانگەی ئەوەی هەم بزووتنەوەی تاڵیبان و هەم گەلی تورک هابەشن لە کولتووری ئیسلامیدا، بۆیە پڕۆسەی دانوستاندن لە نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و دەوڵەتی تورکیا ئاسان دەبینرێت. لە لیداونەکانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا ئەم ویستە بەدی دەکرێت. هەروەها لێداوانی وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبانیش لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی کابولی پایتەخت ئاماژەی دا بەوەی تاڵیبان ویستی ئاساییمانەوەی پەیوەندییەکانی هەیە لەگەڵ تورکیا لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی لە بواری دووبارە بنیاتنانەوە و سێکتەرە ئابوورییەکاندا پاش دەرچوونی سەرجەم هێزەکان لە کابول.

٥- هۆکارێکی تر پەیوەندیی بە شەپۆلی پەنابەرانی ئەفغانییەوە هەیە بۆ تورکیا، په‌نابه‌ره‌ ئه‌فغانه‌كان زیاتر له‌ ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ ڕوویان له‌ توركیا كردووە. به‌پێی ئاماری فه‌رمیی دەوڵەتی تورکیا كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئیداره‌ی په‌نابه‌رانەوە بڵاو كراوه‌ته‌وه،‌ هاتنی په‌نابه‌ری ئه‌فغان بۆ توركیا به‌ شێوه‌ی نافه‌رمی له‌ نێوان ساڵی ٢٠١٤ تا مانگی ته‌مووزی ساڵی ٢٠٢١ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یە(3):

ژمارەی ئەو پەنابەرە نافەرمیانەی لە ئەفغانستانەوە ڕوویان لە تورکیا کردووە و لەلایەن حكوومەتی تورکیاوە تۆمار کراون:


12,248ــ 2014

12,248 ـــ  2014

35,921 ـــ  2015

31,360 ـــ  2016

45,259 ـــ  2017

100,841 ـــ  2018

201,437 ـــ  2019

50,161 ـــ  2020

25,643  تا مانگی 7ی 2021

بەشی هەرەزۆری پەنابەرانی ئەفغانی کە ڕوویان لە تورکیا کردووە، ئەوانەن کە لە ڕیزەکانی سوپا و ئاسایش ڕایان کردووە. حكوومەتی تورکیا بابەتی پەنابەرانی ئەفغانی وەک کارتێکی سیاسی و سەرچاوەی دەستکەوتنی دارایی لە بەرانبەر دەوڵەتە ئەورووپییەکاندا وەک ئامرازێک بەکار دێنێت.

ڕۆڵی تورکیا لە ئەفغانستان
توركیا یه‌كێكه‌ له‌م وڵاتانەی‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا له‌ژێر چه‌تری ناتۆ هێزه‌كانی خۆی وه‌كوو هێزی مه‌شقپێكه‌ر ناردووەته‌ ئه‌فغانستان و په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌بوو له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی پێشوو و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌م وڵاتەدا. لەسەر ئەم بنەمایە ئەنقەرە دەیەوێت لە داهاتووی ئەفغانستانیش ڕۆڵی سەرەکی ببینێت، وەک ئەکتەرێکی بەهێزی هەرێمی. لەم ڕووەوە چەند خاڵێکی بەهێز هەن پاڵپشتی لە وجوود و ڕۆڵی تورکیا دەکەن لە ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتدارێتیی بزووتنەوەی تاڵیبان، گرنگترین ئەو خاڵانەش ئەمانە :(4)

١- بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان گەلی تورک و ئەفغاندا هەیە، ئەم پەیوەندییەش ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی هەیە. هەروەها بەشداریی تورکیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆ لە ئەفغانستان بەبێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگ لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیباندا. تورکیا لە میانەی بوونی لە ئەفغانستان بەگشتی جەختی لەسەر دووبارە بنیاتنانەوە و گەشەپێدانی ئابووری دەکردەوە. ئەمەش خۆی دەبینییەوە لە دروستکردنی نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و بواری خۆبەشی، لەسەر ئەم بنەمایە تورکیا هەوڵی داوە ڕۆڵێکی بێلایەنانە بگێڕێت. هەروەها تورکیا لەپێناو دەستەبەرکردنی متمانەی گەلی ئەفغانستان کار دەکات لە بواری وەبەرهێنانی هاوبەش و ڕۆشنبیریی کۆمەڵایەتی.

٢- تورکیا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کەمینەی ئۆزبەکی بەهێز کردووە، بە جۆرێک کە سەرکردەی سەربازیی ئۆزبەکییەکان عەبدولڕەشید دۆستەم بە شێوەیەکی دەوری سەردانی تورکیای دەکرد و بەردەوام هاوکاریی لە بواری مەشق و پێگەیاندنی سەربازی لە ئەنقەرە وەرگرتووە.

٣- ڕۆڵی ئیجابیی تورکیا لە ئەفغانستان لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی بنەمای پەیوەندییەکانی لە داهاتوو لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان بنیات بنێت. جگە لەمەش، پەیوەندیی پاکستان و بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ تورکیا خاڵێکی بەهێزە بۆ ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە ئەفغانستانی تاڵیباندا. چونکە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئیسلام‌ئاباد، بەتایبەت لە بواری ئەمنی و سەربازیدا، فاکتەرێکی گرنگ پێک دێنێت بۆ ئەوەی هەردوولا ببنە هاوپەیمانێکی ستراتیژی.

بەربەست و ئاڵنگارییەکان
سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی بەردەم تورکیا لە ئەفغانستان بۆ ئەوەی پێگەی خۆی قایم بکات و ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت لە داهاتووی ئەفغانستان لەژێر سایەی دەسەڵاتدارێتیی بزووتنەوەی تاڵیبان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئیدی بەبێ بەربەست و ڕێگری تورکیا درێژە بە سیاسەتەکانی خۆی دەدات لە ئەفغانستان. بە واتایەکی تر، ئەنقەرە لە ئەفغانستان بەرەوڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە لە میانەی پڕۆسەی کارکردن لەپێناو دەستەبەرکردنی ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی. لێرەدا گرنگترین ئەو بەربەست و ئاڵنگارییانە دەخەینە ڕوو(5):

- تا ئێستا بزووتنەوەی تاڵیبان ئەوەی ڕەت کردووەتەوە کە شاندی فەرمیی بزووتنەوەکە سەردانی تورکیا بکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەردانی هەریەکە لە مۆسکۆ، تاران و پەکینی کردووە. دروستکردنی پەیوەندی و سەردانی دووولایەنە لەنێوان هەردوولا پەیوەستە بە مەرجی کشانەوەی هێزەکانی حكوومەتی تورکیا لە ئەفغانستان، واتە بەر لە هەر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەنقەرە و بزووتنەوەی تاڵیبان پێویستە ئەو هێزانەی تورکیا کابول بەجێ بهێڵن، چونکە تا ئێستا ئەو پەیوەندییەی بەدی دەکرێت لەنێوان هەردوولادا لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوەیە کە ئەویش قەتەرە.

ئەم گومانەی بەدی دەکرێت لە نێوان تورکیا و بزووتنەوەی تاڵیباندا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕوانگەی تاڵیبانەوە هەیە کە پێی وایە تورکیا ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی پێشووی ئەمریکا و بزووتنەوەکەش دەبێت سەرجەم هێزە بیانییەکان لە کابول دەربچن، لەم ڕووەشەوە تورکیا وەک هاوپەیمانی ناتۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بزووتنەوەی تاڵیبان دوای کۆنتڕۆڵکردنی کابول پێی وایە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەلایەن ڕووسیا و چینەوە ئیعتیرافێکی زمنیی پێ کراوە و پێویست بەوە ناکات هیچ هێزێکی بیانی لە کابول بمێنێتەوە بە هەر هۆکارێک بێت. هەروەها بزووتنەوەکە تا ئیستا بەبێ هیچ هاوکارییەکی نێودەوڵەتی کاروباری فڕۆکەخانەی قەندەهار بەڕیوە دەبات دوای کۆنتڕۆڵکردنی. لەبەر ئەوە ئەم پرسە لەم دەمەدا یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ڕۆڵی تورکیا لە ئەفغانستان. لە چوارچێوەی ڕازیکردنی بزووتنەوەی تاڵیباندا سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان، دەیەوێت پرسەکە وا وێنا بکات کە تورکیا هاوکاری بزووتنەوەکە دەبێت بۆ لابردنی ئەو سزایانەی کە لەلایەن ڕۆژئاواوە دەخرێتە سەری، وەک چۆن هاوکاری ئێران بووە لەم بابەتەدا.

- پرسی ململانێ ئیقلیمی لە ئەفغانستان یەکێکی ترە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم تورکیا بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی ببینێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕووسیا و چین. مۆسکۆ لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە، سەفارەتی خۆی هێشتووەتەوە لەو وڵاتە، چینیش لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە ئەفغانستان پەرە بە سیاسەتە ئابوورییەکانی خۆی دەدات لە ڕێگەی پڕۆژە جۆراجۆرەکانییەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ململانێ و ناکۆکیی نێوان پاکستان و هیندستان لە ئەفغانستان وەک خاڵێکی نەرێنی دەبینرێت سەبارەت بە تورکیا بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە ئەفغانستانی نوێ. ئەنقەرە کار دەکات بۆ ئەوەی ئەو لایەنە ئیقلیمیانەی کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە ئەفغانستان، قەناعەت پێ بکات کە تورکیا فاکتەری سەقامگیری دەبێت لە داهاتووی ئەفغانستان. ئەمەش بەو مانایە دێت کە تورکیا هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆژە و سیاسەتەکانی هەریەکە لە چین و ڕووسیا دەبێت لە ئەفغانستان و نابێت بە ئەلتەرناتیڤ و وەکیلی ناتۆ و ئەمریکا.

- فاکتەری تری ئاڵنگارییەکانی بەردەم سیاسەتەکانی تورکیا لە ئەفغانستان، پەیوەستە بە نەبوونی ئەزموونی کارکردن لەگەڵ بزووتنەوە و گرووپە ئیسلامییەکان لە ڕابردوودا، چونکە ئەوەی لە ڕابردوو هەبووە بریتی بووە لە کارکردن و هاوکاریی نێوان تورکیا و ڕۆژئاوا. ئەگەرچی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠١ پێشنیاری هاوکاریکردنی واشنتۆنی کرد بۆ ئەوەی یارمەتیدەری بێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت لە ئەفغانستان بە حوکمی ئەوەی کۆمەڵێک بەهای هاوبەش هەیە تورک و ئەفغان بە یەکەوە کۆ دەکاتەوە، بەهاکانیش پەیوەستن بە لایەنی ئایینی، مەزهەبی، کولتووری و نەتەوەییەوە.

وەک چۆن تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٦ هاوکاریی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینیی کرد بۆ ئەوەی لە بزووتنەوەیەکی چەکدارییەوە ببێتە حزبێکی سیاسی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەبەر وابەستەی بزووتنەوەی حەماس بە ئایدۆلۆژیاکەی و بوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ ئێران و سووریا. هەروەها لەمیانەی گوڕانکارییەکانی جیهانی عەرەبی کە بە بەهاری عەرەبی ناسرابوو، تورکیا هەوڵی زۆری دا کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی ئیسلامیی سوننی یەک بخات بە ناوی "ئیسلامی میانڕەو لە نێوان ئیسلامی سیاسی و دیموکراتییەت"دا، بەڵام دیسان سەرکەوتوو نەبوو لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی. لەبەر ئەوە بەناچاری تورکیا پڕۆژە و سیاسەتەکانی گۆڕی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و هەژموونگەرایی ناسیۆنالیستی تورک لە ناوچەکە.

سیناریۆکانی بەردەم داهاتووی ڕۆڵی تورکیا لە ئەفغانستان
گفتوگۆ دەربارەی داهاتووی ڕۆڵی تورکیا بە شێوەیەکی گشتی لە چوارچێوەی دوو سیناریۆی سەرەکی دەبێت:

سیناریۆی یەکەم: سیناریۆی سەرکەوتنی تورکیا بە ڕازیکردنی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ مانەوەی هێزەکانی تورکیا و بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی هاوکاری لە بواری تەکنیکی و ئابووری، بواری دامودەزگا و دەمەزراوەکانی دەوڵەت و پڕۆژە جۆراوجۆرەکان. لە ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم سیناریۆیەدا تورکیا دەتوانێت پەیوەندییەکی تۆکمە و ئەرێنی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەر بنەمایەکی ستراتیژیی پشتبەستوو بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بنیات بنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی گەرەنتیکردنی پێگە و قورسایی تورکیا لە ئەفغانستان لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئەمنی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری، بە مەرجێک نابێت پێگە و نفووزی تورکیا لە ئەفغانستان ببێتە هۆی نیگەرانیی چین و ڕووسیا و کاریگەریی نەرێنی دروست نەکات لەسەر پڕۆژە ئابووری و بازرگانییەکانی، هەروەها کاریگەریی نەرێنیشیی نەبێت لەسەر سەقامگیری لە ئەفغانستان. بەپێی ئەم سیناریۆیە، تاران گومان لە پێگە و ڕۆڵی ئەنقەرە دەکات لە ئەگەری جێگیربوونی لە ناوچەکە، بەڵام ئەنقەرە لەم بارودۆخە دڵنیایی دەدات بە تاران هەروەک چۆن لە سزاکانی ڕۆژائاوا بۆ سەر ئێران پابەند نەبوو، بە هەمان شێوە پێگە و نفووزی ئەنقەرە لە ناوچەکە زیان لە بەرژەوەندی و ستراتیژییەتی تاران نادات.

سیناریۆی دووەم: سیناریۆی سەرنەکەوتن و شکستی تورکیا لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان و ڕازیکردنی بزووتنەوەکە لەبارەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە کابول. ئەگەرچی تا ئێستا بزووتنەوەی تاڵیبان سوورە لەسەر دەرچوونی سەرجەم هێزە بیانییەکانی پەیوەست بە هاوپەیمانیی ناتۆ لە خاکی ئەفغانستان، هێزەکانی تورکیاش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی ناتۆ هەژمار دەکات، سەرەڕای ڕێککەتنی نێوان بایدن و ئەردۆغان لەبارەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی حامد کارازای لە کابول. ئەمەش زیان بە ستراتیژییەتی تورکیا دەگەیەنێت لە ناوچەکە، سەرەئەنجام ئەگەر بارودۆخی پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و تورکیا بەپێی ئەم سیناریۆیە بەردەوام بێت لە داهاتوودا تورکیا ڕووبەڕووی شکستی گەورە دەبێتەوە نەک تەنیا لە ئەفغانستان، بەڵکوو لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستیش پێگە و نفووزی ئەنقەرە ڕوو لە لاوازی دەکات.

دەرئەنجام
- تورکیا لە ڕێگەی ئیدارەکردن و دەستەبەرکردنی ئەمنیەتی فڕۆکەخانەی حامد کارازای لە کابول ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بەڵام لە ٢٦ی ئابی ڕابردوو ئەنقەرە دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی کرد لەسەر پێداگری و داوای بزووتنەوەی تاڵیبان. ئەم گرنگیدانەی تورکیا لە هاوکاریی تەکنیکی و ئابوورییدا خۆی دەبینییەوە کە دەیویست ئەمە وەک دەروازەیەک بەکار بێنێ بۆ دانانی بنەمایەکی پتەو بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان و بەهێزکردنی پێگە و هەژموونیی خۆی لە ئەفغانستانی تاڵیبان، سەرئەنجام ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێز و جێگیرکردنی نفووزی تورکیا لە ئاسیای ناوەڕاست.

- ڕۆڵی تورکیا لە بارودۆخی نوێی ئەفغانستان پیکهێنەری چەند ڕەهەندێکە؛ لە هەرە گرنگترین ڕەهەندەکان ئەوەیە کە پەیوەستە بە تێڕوانینی ئیجابیی گەلی ئەفغانستان بۆ هێزەکانی تورکیا، بەشدارینەکردنی تورکیا لە هیچ شەڕێک لە دژی بزووتنەوەی تاڵیبان و بەهێزیی پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ پاکستان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان هەیە.

- ئاڵنگاری و بەربەستی سەرەکیی بەردەم ڕۆڵی تورکیا لە ئەفغانستانی سەردەمی تاڵیبان، پەیوەستە بەو پەیوەندی و بەستێنەی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە لایەک و ئەندامبوونی تورکیا لە هاوپەیمانیی تاتۆ لە لایەکی دیکەوە.

- سەرەڕای کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم سیاسەتی تورکیا لە ئەفغانستان لە قۆناغەکانی داهاتوودا، بەڵام کۆمەڵێک فاکتەری هاوبەش بەدی دەکرێن لە نێوان تورکیا و بزووتنەوەی تاڵیباندا، لەوانە فاکتەری مەزهەبی، ئایدۆلۆژی و مێژوویی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەفغانستان.

- بزووتنەوەی تاڵیبان پێویستی بە هاوکارییەکانی ئەنقەرە هەیە لە بواری تەکنیکی، پێکهاتەی نوێ و بنیاتنانەوەی دەوڵەت و تێگەیشتنی ڕۆژائاوا بەرامبەر تاڵیبان. ئەمەش هەم پێگە و ڕۆڵی تورکیا لە بواری سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری بەهێز دەکات لە داهاتووی ئەفغانستان، هەم یارمەیدەر دەبێت بۆ ئەوەی تورکیا لەگەڵ پاکستان، چین و ئێران بگاتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بە هاوکاریی ئەمریکا.

• پەراوێزەکان
(1 سعید الحاج، هل انتهی دور ترکیا في آفغانستان؟ 23.08.2021، تاریخ الزیارة 06.09.2021 في: جەزیرە نێت 2021/8/23/
(2 أمنه فايد، مصالح انقرة: لماذا تحاول تركيا تعزيز وجودها في افغانستان؟ 01.08.2021، تاریخ الزیارة 06.09.2021 في: ئەهرام
(3 موەفەق عادل عومەر، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەفغانستان لە سەردەمی تاڵیبان بەرەو کوێ؟ 21.08.2021، ڕۆژی سەردان 06.09.2021 لە: پێنووس
(4 Serkan Demirtaş, Turkey Mulling playing a role in Afghanistan, 18.08.2021 access on 06.09.2021 at: حورییەت دەیلی نیوز
(5 Levent Kamal, Turkey’s role in Afghanistan: a major risk 26.08.2021, access on 06.09.2021 at: جەزیرە نێت