ناسكە عەبدوڵا، كاندیدی پارتى لە راپەڕین: پارتی پارێزەری شكۆی كورد و كوردستانە بۆیە خەڵك دەنگی پێدەدەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ناسكە عەبدوڵا، كاندیدی پارتى لە راپەڕین: پارتی پارێزەری شكۆی كورد و كوردستانە بۆیە خەڵك دەنگی پێدەدەن

”هیوادارم خەڵكی دەڤەرەكەمان ئەمجارە پارتی تاقی بكەنەوە“

ناسكه‌ عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، كاندیدى ژماره‌ 30ی بازنه‌ى چواری ئیداره‌ى ڕاپه‌رین و قه‌زاى دوكان و سه‌رجه‌م ناحیه‌ و گونده‌كانی سنووری راپەڕین و دوكان بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى ئەنجوومەنی نوێنه‌رانى عێراق رایدەگەیەنێت، خه‌ڵكى كوردستان ڕابردوو له‌به‌رچاو ده‌گرن و ده‌زانن پارێزه‌رى شكۆی كورد و كوردستان پارتییه‌، بۆیە دەنگی پێدەدەن.

ناسكه‌ عەبدوڵڵا ڕەسووڵ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ''پارتی حزبی مێژوو و ئێستا و داهاتووه‌، ٧٥ ساڵه‌ پارتیمان له‌پێناو دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كورد خه‌بات ده‌كات، ئێستاش پارتی حزبی یه‌كه‌می عێراق و به‌هێزترین پایه‌ی كورده‌ له ‌به‌غدا، خه‌ڵك ڕابردوویان له‌به‌رچاوه‌ و ده‌زانن كاتێ‌ مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر كوردستان پەیدا ده‌بێت، پارێزه‌ری شكۆ و گرەنتیی مانه‌وه‌ی كورد و كوردستان به‌ندە بە به‌هێزیی پارتییهوە‌، بۆیە ده‌نگ به‌ پارتیمان دەدەن''.

بە بڕوای ئەو ژنە كاندیدەی پارتی لە راپەڕین، حزبەكەی پێكهێنه‌ری حكوومه‌ته‌ و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستانیش بەبێ جیاوازی خزمه‌ت به‌ هه‌موو ناوچه‌ و ده‌ڤه‌ره‌كان ده‌كات: "ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ش پڕۆژه‌ی بۆ كراوه‌ له‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا، به‌ڵام حه‌قیقه‌تێكیش هه‌یه‌ كه‌ پارتی له‌و سنووره‌ باڵاده‌ست نه‌بووه‌، بۆیه‌ وه‌كوو پێویست نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و رۆڵە ببینێت كه‌ له ‌ده‌ڤه‌ره‌كانی تر ده‌یبینێت".

ئەوەشی نەشاردەوە كە دەڤەرەكەیان كراوەتە چه‌قی ململانێی سیاسی و ئیقلیمی: "ئه‌و حزبەی له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ باڵاده‌سته‌، كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی ئێره‌، له‌ كاتێكدا ده‌بوایه‌ ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ خزمه‌تی زیاتر بكرابا له‌چاو ئه‌و ده‌رده‌سه‌ری و خه‌باته‌ی له‌ ڕابردوو بینیومانه‌، لێره‌ ده‌رفه‌تێكی ئه‌وتۆ نه‌دراوه‌ به‌ پارتی كه‌ نەخش و جێپه‌نجه‌ی خۆی بسه‌لمێنێت، له‌و سنووره‌ی ئێمه‌ ته‌نانه‌ت موختاری گوندێكیش لای پارتی نییه‌، ده‌خوازین خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌م ئه‌م جاره‌ پارتی تاقی بكه‌نه‌وه‌، تا كاروان و كه‌ژاوه‌ی ئاوه‌دانیی حزبه‌كه‌مان بگاته‌ ئێره‌ش''.

ئه‌و كاندیده‌ى پارتى ده‌شڵێت: ''من كه‌ چوومه‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌مه‌وێت پارێزه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بم، ده‌نگی دلێری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌م ده‌بم كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ هیچ نوێنه‌رێكی نه‌بووه‌ له‌ به‌غدا، ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ كه‌ ده‌نگ و ڕه‌نگ و داواكاریى خه‌ڵكى ئه‌م سنووره‌ نه‌گاته‌ جێی خۆی''.

ئه‌وەیشى خسته‌ ڕوو: ''كار له‌سه‌ر دروستكردنی زانكۆ و پەیامانگەی جیاواز ده‌كه‌ین له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان، كار له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی گه‌شتوگوزار ده‌كه‌م، ده‌بمه‌ پاڵپشت و داكۆكیكاری جووتیاران، بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی به‌شخوراوی ده‌ڤه‌ره‌كه‌م ده‌بم، چونكه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان هه‌میشه‌ له‌ گشت سێكته‌ره‌كاندا ده‌یه‌وێت په‌ره‌ به‌ بووژانه‌وه‌ى گشت ناوچه‌كان بدات، ئه‌مه‌ش له‌ كابینه‌ى پێشوو و ئێستاش (كابینه‌ى نۆیه‌م) ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ و به‌بێ جیاوازیى ناوچه،‌ خزمه‌ت ده‌كات''.