تەنیا لەمساڵدا حەفت جار هێرش كراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

تەنیا لەمساڵدا حەفت جار هێرش كراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

 

شەوی رابردوو، پەیجی دژە تیرۆری كوردستان بڵاوی كردەوە، بە دوو درۆن هێرش كراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێكی لێ نەكەوتۆتەوە.

لای خۆیەوە، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان سەبارەت بەم هێرشە لە تویتێكدا رایگەیاند: ”هێرشەکە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە و کراوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لەناو فڕۆکەخانە و هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە”.

ئاشکراشی کردووە: “ سیستەمی بەرگری لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان بەکارهێنراوە و یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە دەرەوەی ئەو ئامانجەی بۆی نێردراوە، کەوتووەتە خوارەوە”.

حەوتەمینجارە فڕۆكەخانەی هەولێر دەكرێتە ئامانج

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (باسنیوز)یش ئامادەی بوو، رایگەیاند، لەمساڵدا ئەمە حەفتەمین جارە هێرش دەكرێتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ”ئەمە تەنیا كارێكی تیرۆریستی نییە، بەڵكوو لە هەموو شارەكانی عێراق فڕۆكەخانە هەیە و ئامانجەكەی ڕوونە بۆچی هەولێر دەكرێتە ئامانج، بەڵام ئەو هێرشەش وەك ئەوانەی پێشوو پووچەڵكرایەوە“.

درەنگانی شەوی 6-7-2021، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و هێرشەکە هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیجی دژە تیرۆری کوردستان، کە ئەوکات بڵاوی کردووەوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو، تەنیا ئاگر لە پووش و پەڵاش کەوتووەتبووەوە.

بەهەمان شێوە، 26-6-2021 سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر رێگای کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر لە پارێزگای ھەولێر خۆیان بە دیواری خانووێکدا کێشا و زانیارییەکان باسیان لەوە دەکرد، دوو لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان تەقێنراونەتەوە.

ئەوكات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشەكەوە تویتێكی بڵاو کردەوە و تێیدا سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی كرد کە سەرکۆنەی ”هێرشە ترسنۆکەکە“ی سەر هەولێریان کردووە، بەڵام رایگەیاند ”سەرکۆنەکردن بەس نییە و پێویستە وەڵامی ئەم کارە تێکدەرانەیە بدرێتەوە".

هاوكات مەسرور بارزانی هۆشداریی دا لە بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە و جەختی كردەوە، بەردەوامبوونی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەیە، کە لەلایەن گرووپە لە یاسادەرچووەکان ئەنجام دەدرێن، ”شكۆ و توانای دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و سەقامگیریی عێراقیش تێکدەدات".

هەمان ڕۆژ، کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر لە رێگای تویتێکەوە ئیدانەی ئەو ھێرشەی کرد.

جگە لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بە مووشەکیش هێراش کراوەتە سەر هەولێر

9:30 خولەکی شەوی دووشەممە 15-2-2021، بە چواردە مووشەک هێرش کرایە سەر هەولێری پایتەخت و لە هەریەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و نزیک لە بەشێک لە کونسوڵخانەکان و گەڕەکێکی نیشتەجێبوون و مەیدانی ئاژەڵان کەوتنە خوارەوە و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێک کوژرا و سەربازێکی ئەمریکی و چەندین کەسی مەدەنیش بریندار بوون.

هەر ئەوکات وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاتژمێر 9:30 خولەکی شەوی دووشەممە 15-2-2021، ژمارەیەک مووشەک لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنە خوارەوە.

دوای رووداوەکە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش رایگەیاند، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بەڵێندەرێک گیانی لەدەست داوە و سەربازێک و پێنج هاووڵاتیی دیکەی وڵاتەکەشی بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی تایبەتیش لە واشنتن بۆ كەناڵی (الحدث) ئەوکات روونی کردبووەوە، هێرشەکە لە دوو ناوچە ئەنجام دراوە، یەکێکیان لەلایەن میلیشیاکانەوە، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدڕاڵ و ئەوەی تریان لەلایەن گرووپێكی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

سەبارەت بەو هێرشە مووشەکییە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاوی کردەوە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر. ئاماژە بەوەش كراوە، کازمی داوای کردووە، لیژنەکە بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکە.

ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردووش، بە ‌فڕۆکەی بێفرۆکەوان (درۆن) هێرش کرایە سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشێک بە چوار مووشەک بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی تورکیا لە زێلکانی سنووری شێخان لە دەشتی نەینەوا.

ئامانج لەو هێرشانە

چاودێران دەڵێن، ئەو هێرشانەی ملیشیا و گرووپە چەکدارەکان، چ لە رێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە بێ یان لە رێی مووشەک، لەلایەکەوە بۆ فشارخستنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانانە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، بۆ ئەوەی بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانیش نەمێنێ، هەروەها بۆ لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لەلایەکی دیکە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، کە لە سایەی سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە توانیویەتی بەشێوەیەکی بەرچاو گەشە بکا و پێگەی هەولێر لە ناوچەکەدا لە ئاستی ئابووری و پیشەسازی و سەقامگیری و سیاسی زۆر بەهێز بێت.

هەرچەندە تیرۆریستان لە هێرشەكانیاندا هەولێر دەكەنە ئامانج، بەڵام هەروەك شیرین فوئاد مەعسوم، سیاسەتمەدار و کچی سەرکۆماری پێشووی عێراق نووسیویەتی: ”دژەتیرۆری کوردستان بەڵێنی پاراستنی هەولێری داوە و ئەو شارە لەلایەن کوڕە قارەمانەکانی دژەتیرۆری کوردستانـەوە دەپارێزرێت“.

جەختیشی كردۆتەوە كە هەولێر ”جاش و خاکفرۆشی لێنییە تا شارەکە بفرۆشن“ و دەشڵێت ”هەولێر هێزی ترسنۆکی لێ نییە و هەر بە پارێزراوی دەمێنێتەوە“.