لەبارەی چەند پرسێکی مووچەخۆرانەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لەبارەی چەند پرسێکی مووچەخۆرانەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی چەند پرسێکی پەیوەست بە مووچە و چاکسازیی دۆسیەی فەرمانبەران ڕوونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند، ماف و شایسته‌ داراییەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆران له‌لایه‌ن حكوومه‌تەوە زامن کراوە.

د. عەبدولحكیم خه‌سره‌و، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان بە (باسنیوز)ی گوت: "له‌ به‌رده‌وامیى پرۆسه‌ى جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازیدا تاوەکوو ئێستا لیژنە پەیوەندیدارەکانی وه‌ز‌اره‌ت و داموده‌زگاكانى حكوومه‌ت پێداچوونەوەیان بە دۆسیەی نزیكه‌ى 365 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى مه‌ده‌نیدا کردووە و لە پڕۆسەکەش بەردەوامن و کاری خۆیان دەکەن''.

جه‌ختیشی کردەوە: ''ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدانەوە، به‌پێى یاساى ماف و ئیمتیازاتى كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ى شه‌هیداندا به‌رده‌وامه‌ و ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى به‌ده‌رن له‌ حوكمه‌كانى ئه‌م یاسایه‌، ده‌ستنیشان كراون''.

ئاماژەی بەوەش دا: "پاککردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی ئەو کەسانەی کە بە ناوی گیراو و زیندانیی سیاسی پێچەوانەی یاسا سوودمەند بوون، لەلایەن لیژنەی تایبەت بەم بابەتەوە بەردەوامە".

عەبدولحكیم خه‌سره‌و ئاشكرایشی كرد: ''له‌ وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ش پرۆسه‌ى پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستى سوودمه‌ندانى خانه‌نشینیى كه‌مئه‌ندامان و په‌ككه‌وته‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامه و پێداچوونه‌وە بە دۆسیەی ‌نزیكه‌ى نۆ هه‌زار كه‌سدا ده‌كرێت، به‌شێكیان شایسته‌ن و به‌شێكیشیان ڕێژه‌ى په‌ككه‌وته‌ییان ده‌گۆڕێت".

باسی لەوەش کرد: "تاوەکوو ئێستا وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ دۆسیه‌ی دوو هەزار و 424 خانه‌نشینكراوى، پاش وردبینى، گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی خانه‌نشینیی‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و كارکردنیش لە دۆسیەکانی دیکەی خانەنشینیی پێشمەرگە به‌رده‌وامە''.

گوتیشی: ''بڕیار وایه گواستنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى شه‌هیدان له‌ وه‌زاره‌تى پیشمه‌رگەوە‌ بۆ وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌فته‌ى داهاتوودا جێبەجێ بکرێت''.

بەرپرسەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێت: ''پرۆسه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى دۆسیەی ئه‌و 88 هه‌زار كه‌سه‌‌ى وه‌كوو خاوه‌ن پێداویستیى تایبه‌ت و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تى مینحه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ به‌رده‌وامه''.

ئه‌و به‌رپرسه‌ دڵنیایى ده‌دات به‌ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان کە‌ "ماف و شایسته‌ داراییەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆران له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانەوە زامن کراوە ".