كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

فیلمێکی کوردی دوو خەڵاتی فێستیڤاڵی ڤێنیسیای بردەوە

فیلمی زاڵاوا، یەکەم بەرهەمی سینەماکاری کورد ئەرسەلان ئەمیری خەڵاتی گەورەی هەفتانەی نێودەوڵەتیی ڕەخنەگرانی فێستیڤاڵی ڤێنیسیا، هەروەها خەڵاتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕەخنەگرانی فیلمی لە هەمان فێستیڤاڵ بردەوە.

ئەرسەلان ئەمیری دەرهێنەری کورد لەمبارەوە ئاشکرای کردووە کاتێک فیلمی زاڵاوا گەیشتە فێستیڤاڵی ڤێنیسیا، لە ناساندندا نیوەیان بەناوی عەباس کیا ڕۆستەمی و نیوەشیان بەناوی نایت شیامالان ناساند، هەتا بەم جۆرە یەکەم بەرهەمی دەرهێنەرێکی کورد بە ناوی دوو دەرهێنەری ئێرانی و هیندی لەقەڵەم بدەن.

بە گوتەی ئەو دەرهێنەرە کوردە، لە سەرەتای ئەو کارەدا بەتەما بووە فیلمەکەی بە زمانی کوردی بەرهەم بهێنێت، بەڵام لە ناوەندی سینەمای ئێراندا بۆ دۆزینەوەی سەرمایە بۆ پشتیوانی لە فیلمێک بە زمانی کوردی کە پرۆداکشنێکی ئاسانی نییە، زۆر ئەستەم و دژوارە. بۆیە سەرەتا زمانی فیلمەکە گۆڕدرا و سەرەنجام بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی بەرهەم هێندرا.

ئالیسا سایمۆن (Alissa Simon) ڕخنەگری ناودار و بەئەزموونی سینەمای جیهان، دوای بینینی فیلمی سینەمایی زاڵاوا (Zalava) لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئەرسەلان ئەمیری، لە بەشی پێشبڕکێی هەفتەی ڕخنەگران (Critics' Week) لە حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیسیا" Venice لە شاری ڤێنیسیا لە وڵاتی ئیتالیا لە ماڵپەڕی بەنرخ و گرینگی گۆڤاری سینەمایی ڤرایتی سەبارەت بەم بەرهەمە کوردییە نوسیوییەتی: "ئەرسەلان ئەمیری، کە لە کوردەکانی ئێرانە لە یەکەمین فیلمی بڵندی خۆیدا وەرچەرخانێکی نوێی لە گرێبەستە ژانڕییەکانی سینەمادا بەدی هێناوە؛ فیلمێک کە بە شێوازی ورد و ژیرانەی خۆیەوە بە هێواشی بەرەو تراژیدیایەک دەڕوات و تیایدا باوەڕە زانستییەکان لە بەرانبەر کۆنەپەرەستیدا دەوەستن و ئەم بابەتەش لە دنیای ئەمڕۆکەدا دەنگێکی بەهێزیی هەیە. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی زاڵاوا، نواندنی نەوید پوورفەرەج ئەستێرەی قۆز، باڵابەرز، جوان چاک و سمێڵی ئەم چیرۆکە لە ڕۆڵی ملازمێکی ژاندارمری دایە.

ئالیسا سایمۆن، لە کۆتایی وتارەکەیدا نووسیوییەتی: "بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە فیلمی زاڵاوا، بە بڕی پارەیەکی کەم بەرهەم هاتووە، دەستکەوتنی تەکنیکی ئەو زۆر جێی ستایشە. سەرکەوتنی کامێرا لە جادە پێچەڵاوپێچە کوێستانییەکان ئێمە وەبیر سینەمای عەباس کیاڕۆستەمی دەهێنێتەوە و هەڵبەت محەمەد ڕەسووڵی بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی فیلمەکە باش دەزانێت چۆن بە کامێراکەی لە دیمەنە ترس و دڵەڕاوکییەکاندا ئێمە لەجێی خۆمان ویشک بکات. لەم حاڵەشدا مونتاژی عیماد خودابەخش و مۆسیقای کەش‌سازی ڕامین کووشا-ش بە ڕاگرتنی گوشار و باری ڕۆحی لە تەواویی بەرهەمەکەدا زۆر بە شارەزاییەوە یارمەتیدەرن.

بۆ زانیاریی زیاتر لێرە کلیک بکەن