یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 11/09/2021

یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟

7

 

(ئەو نامیلکەیەی لەم ماوەیەدا لە لایەن کاک حەمەسەعید حەسەنەوە نووسراوە، لەژێر ناوی: (یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات)دا، تانە و توانجی لە زۆربەی ئەدیبە بەشەرەف و خاوەن هەڵوێستەکان گرتووە. ئەو ئەدیانە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی سەنگەرەکانی بەرگری بوون. ئێمە بە ناوی یەکێتیی نووسەرانی (کوردستان)ەوە، ئەو چاک و خراپ تێکەڵکردنەی کاک حەمەسەعید حەسەن دەرهەق بەو ئەدیبە بەشەرەف و خۆڕاگرانەی کە بە پەنامەکی پەنجەی ترسنۆکیی بۆ درێژ کردوون، بە نابەجێ دەزانین، بۆیە ئەم ڕوونکردنەوەیەمان بە پێویست زانی.)
سەرەتای نامیلکەی: یەکێتیی نووسەرانی کورد لەنێوان ڕاستی و درۆنامەدا، بەو ڕوونکردنەوەیەی یەکێتیی نووسەرانی کوردستان (شاخ) دەست پێ دەکات، ئێمەیش بە پێویستی دەزانین، لەبەردەم ئەم ڕوونکردنەوە تەمومژاوییەدا، چەند مۆمێک دابگیرسێنین.

(*) نامیلکەکەی حەمەسەعید حەسەن نە تانە و توانجی پەنامەکی تێدایە، نە چاک و خراپ تێکەڵکردن، بەڵکوو ڕاستەوخۆ چارشێوی لەسەر ڕووخساری ئەو نووسەرانە لا داوە کە ڕۆڵی سەرەکییان لە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورددا بینی و تاوانباریشی کردوون.

(*) دەبوو یەکێتیی نووسەرانی کوردستان (شاخ) لە ڕوونکردنەوەکەیدا، بیروڕای خۆی بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد ئاشکرا کردبا، ئەم پرسیارە گرنگەی بێ وەڵام جێ نەهێشتبا: (ئایا یەکێتیی نووسەرانی شاخ لەگەڵ یان دژی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد بوو؟) پشتگوێخستنی وەڵامی ئەم پرسیارە، لینین گوتەنی: (لە ڕەوتاری ئەو پشیلەیە دەچێت، بە دەوری قاپێک شۆربای گەرمدا دەسووڕێتەوە و ناوێرێت دەمی بۆ ببات.)

(*) یەکێتیی نووسەرانی شاخ لە ئەیلوولی ١٩٨٣دا، لە دوای کۆبوونەوە گشتییەکەی بالیسان، ڕاگەیاندنێک و بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، لە ڕاگەیاندنەکەدا دەڵێت: بەگشتی نووسەران دەنگی ناڕەزایی و نەفرەتیان، دژ بە ڕەفتاری خاوەنقەڵەمە لەرزۆک و چەپەڵەکان دەردەبڕن کە بوونە قەڵەمڕەشی بەر لەشکری ڕژێمی داگیرکەر و ڕێیان بۆ خۆش کرد تا پیلانی پۆخڵ و پووچەڵی بە ئەنجام بگات. ئەندامانی کۆبوونەوە، نەک تەنیا بێ جیاوازی سەرنجی ڕژێم و قەڵەمە لەرزۆکەکان دەدەن، بەڵکوو تاوانی هەرە زۆری ئەم بەدڕەوشتییەی ڕژێم: (هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد) دەخەنە ئەستۆی ئەوان.

(*) لە بەیاننامەکەیشدا هاتووە کە: هەرچەندە لەناوبردنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، بڕیارێکی تاوانکارانەی ڕژێم بوو، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەدەر نەبوو لە هەوڵ و تەقەلای چەند زۆڵەڕۆشنبیرێکی کوردی قەڵەم و ویژدانفرۆش و پابەند و وابەستە بە دامودەزگا جاسووسییەکانی ڕژێمەوە کە ناجوامێرانە داکۆکییان لە بڕیارەکەی ڕژێم کرد و بوونە هۆی بەرچاو شێواندنی زۆربەی نووسەرە نیشتمانپەروەرەکانی کورد، بۆیە تاوانی ئەو زۆڵەڕۆشنبیرانە نەک هەر کەمتر نییە لە تاوانەکەی ڕژێم، بەڵکوو تەواوکەری تاوانەکەیە.

(*) لە یەکێک لە بەرنامەکانی (ئەدەبی بەرگری)یشدا کە لە ڕادیۆی یەکێتیی نیشتمانییەوە پەخش دەکرا و زمانحاڵی یەکێتیی نووسەرانی شاخ بوو، ئەوە هاتووە کە: (زۆربەی ئەو ئەدیبانەی نیازیان وابوو، بچنە کۆنگرەی یەکێتییە عێراقییەکەوە و داکۆکی لە داواکارییەکانی ئەدیبی کورد بکەن، نەک هەر داکۆکییان لە داواکارییەکان نەکرد، بەڵکوو هەر نەیشچوونە کۆنگرەکە. ئەگەر ئەو ئەدیبانە، بە ڕازیبوونیان بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد و بە چوونیان بۆ ناو یەکێتییە عێراقییەکە، هەڵوێستێکی ترسنۆکانەیان نواندبێت، ئەوا بە نەچوونیان بۆ کۆنگرەکەی، تاجێکیان نایە سەر ئەو هەڵوێستەیان.)

(*) لەبەر تیشکی ئەم بەڵگانەدا، گومان لەوە نامێنێت کە یەکێتیی نووسەرانی شاخ، لە هەڵوێست و بۆچوونی شۆڕشگێڕانەی پێشووی پاشگەز بووەتەوە. لێرەدا داوا لەو یەک دوو نووسەرەی شاخ دەکەین کە خۆیان بە خاوەنی ئەو ڕوونکردنەوەیە دەزانن، با سەرێک لە بارەگای یەکێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق بدەن و لەوەیش دڵنیا بن کە ئیستیمارەی قوبووڵیان چنگ دەکەوێت.
*
یەکەمین پێشەکیی نامیلکەی: یەکێتیی نووسەران لەنێوان ڕاستی و درۆنامەدا، نەوشیروان موستەفا نووسیویەتی. بەشداری پێ کردنی کەسێکی وەک ناوبراو لەو نامیلکەیەدا، پێمان دەڵێت:
(*) ئەو چەند نووسەرە بڕوایان بە خۆیان نەبووە و لەوە دڵنیا بوون هەڵوێستیان لاوازە، بۆیە هانایان بۆ سکرتێری کۆمەڵە بردووە، تا لەسایەی ئەودا، لاوازیی خۆیان حەشار بدەن و پێیان وابووە هەر کە نەوشیروان موستەفا داکۆکیی لێ کردن، ئیدی جەماوەر بە ڕاستیان دەزانێت و لە لێپرسینەوەی مێژوویش ڕزگاریان دەبێت، بەڵام ئەوە لە گومان بەدەرە، هیچ کێشەیەکی فەلسەفی یان ئەدەبی، بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی کەسێک و دووان چارەسەر ناکرێت.

(*) دابینکردنی ئازادی و ژیان، دروشمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بەرانبەر بە نووسەران، داکۆکیکردنی نەوشیروان موستەفا لە چەند نووسەرێک و هێرشکردنە سەر چەند نووسەرێکی دیکە، لادان بوو لەو دروشمە.

پێشەکییەکەی نەوشیروان موستەفا، هەڵدەگرێت گوتوبێژێکی زۆری لەسەر بکرێت، چونکە داکۆکیی لە مەسەلەیەکی ناڕەوا کردووە و ناچار بووە، بیانوو بۆ هەڵوێستی لاوازی ئەو چەند نووسەرە بهێنێتەوە، ئەگەر وا نەبووایە، ئەو پێشەکییە بچووکە ئەو هەموو کەلێنە گەورەیەی تێدا نەدەبوو، کە هەرە زەقەکانیان ئەمانەن:

نەوشیروان موستەفا دەڵێت: (لەدوای شکانی شۆڕشی ئەیلوولەوە، نووسەرانی کورد بە شیعر و چیرۆک هاتنەوە کۆڕی خەباتەوە و لەسەر ئەمەیش ژمارەیەکی زۆریان لە شارەکانی خۆیان دوور خرانەوە.) ئەو چەند نووسەرەی نەوشیروان موستەفا داکۆکیی لێ کردوون، هیچیان لەسەر شیعر و چیرۆک بێجگە لە پادداشتوەرگرتن و خەڵاتکردن، تووشی هیچ زیانێک نەهاتوون و وەک ئەویش بۆی چووە، (وەک چیا سەرکەشەکانی کوردستان) ڕانەوەستاون، بەڵکوو لە بارەگای کاربەدەستانی ڕژێمدا بە چۆکدا هاتوون بۆ ئەوەی بۆ سلێمانی بگوێزرێنەوە، چیرۆکیان بۆ قادسییەی سەددام نووسیوە، لەناو خەڵکدا وا ناسراون کە ناسنامەی حەوت حیزبیان پێیە، زمانی ڕەسەنی کوردییان فێری سیخوڕە عەرەبەکان کردووە و لەبەر دووڕوویی لە کاژیک وەدەر نراون. ڕاستە چەند ئەدیبێک لەسەر بەرهەمەکانیان تووشی گرتن و ڕاونان هاتوون، بەڵام هیچ کام لەو ئەدیبانە، لەو نووسەرانە نین کە نەوشیروان موستەفا لایەنی گرتوون، بەڵکوو لەوانەن کە بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد ڕازی نەبوون.

نەوشیروان موستەفا دەڵێت: (ئەگەر لەناو کورددا بە هەزاران خۆفرۆشیش پەیدا بووبێت، بۆ خۆشبەختی بەدەگمەن قەڵەمفرۆشیان تێدا بووە.) ئەوی سەرپێیی سەرنجی ئەو بۆچوونە بدات، وا تێدەگات لەناو کورددا تەنیا یەک دوو نووسەر قەڵەمیان فرۆشتووە! با نەوشیروان موستەفا مەبەستی بزرکردنی حەقیقەت و چەواشەکردنی خەڵکیش نەبووبێت، بەڵام ئەنجام هەر وا کەوتووەتەوە، چونکە جەماوەر دەزانن ژمارەی قەڵەمفرۆشان و قەڵەمە لەرزۆکەکان لە ژمارەی قەڵەمە نەترسەکان زیاترن. دیارە بە درێژایی ئەم نامیلکەیە بەبێ بەڵگە حوکم نادەین، بۆیە بۆ نموونە ئەم چەند ڕاستییە دەخەینە ڕوو:

(*) لە یەکەمین پێشبڕکێی قادسییەی سەددامدا بۆ کورتەچیرۆک و ڕۆمانی، وەک لە ڕۆژنامەی (الثوره‌)ی ڕۆژی ٢٦ی ٣ی ١٩٨٤دا هاتووە، سی و دوو نووسەری کورد بەشدارییان کردووە. ئەو سی و دوو نووسەرە، لە مەسەلەی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورددا، هەمان هەڵوێستی ئەو چەند نووسەرەیان هەبووە کە نەوشیروان موستەفا لایەنی گرتوون.

(*) لیستێکی دوورودرێژ لە نووسەرانی کورد، هەموو نووسینەکانی سەددام حوسەینیان کردووە بە کوردی و بەردەوامیش لە ڕاژەی حیزبی بەعس و قادسییەی سەددامدا نووسیویانە. ئەو چەند نووسەرەی بەرپەرچی حەمەسەعید حەسەنیان داوەتەوە و نەوشیروان موستەفا داکۆکیی لێ کردوون، هاوسەنگەری ئەو لیستە دوورودرێژەیشن.

(*) ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرانی کورد، سەری ڕێزیان بۆ ڕێزلێنانی ڕژێم دانەواند، هەر لە تیڤیی ڕەش و سپی و سەعاتی سەددامنیشانەوە، تا نیو هەزار و هەزار و دوو هەزار دینار و سەیارەی پاساتی بەرازیلی. ئەم ڕێزلێنراوانەیش هەر ئەوانەن لە نامیلکەکەی ئەو چەند نووسەرەدا، بە ئەدیبی ئازا و شۆڕشگێڕ لە قەڵەم دراون. جێگەی سەرنجە لەو سێ لیستەدا، ناوەکان تاک تاک نەبێت، دووبارە نەبوونەتەوە.

مارکس دەڵێت: (ئەو چینەی خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ماددی بێت، خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکرییشە.) لە عێراقدا بۆرژوای بیرۆکرات دەسەڵاتدارە، لەبەر ئەوەی ڕۆشنبیریی سەروەریش، ڕۆشنبیریی چینی سەروەرە، بۆیە لە (کوردستانی عێراق)یشدا، ڕۆشنبیری و ئەدەبی سەروەر، ڕۆشنبیری و ئەدەبی بۆرژوا و خاوەنموڵکەکانە، کەواتە داکۆکیکردن لە ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بەگشتی، بەبێ جیاکردنەوەی ناسنامەی چینایەتی و ئایدۆلۆجی هەر بەرهەمێک، وەک لینین بۆی چووە، دروشمێکی فریودەرانەی بۆرژوایانەیە، ئاخر دروشمی چەپەکان داکۆکیکردنە لە ڕۆشنبیریی دیموکراتییانە و لە ڕۆشنبیریی بزاڤی کرێکاران.

لینین دەڵێت: (ڕۆشنبیریی نەتەوەیی بەشێوەیەکی گشتی، ڕۆشنبیریی خاوەن موڵک و پیاوانی ئایین و بۆرژوایە، ئەمە لای کۆمۆنیستەکان حەقیقەتێکی بنەڕەتییە. پیاوانی ئایین، خاوەن موڵک و بۆرژوا لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی خۆیانەوە، داوای برەوپێدان و بڕواهێنان بە ڕۆشنبیرییەکی نەتەوەییی ناچینایەتی دەکەن.)(١) لەبەر تیشکی ئەم تێزەدا، ئەوی قەڵەمەکەیشی نەفرۆشتبێت، بەڵام داکۆکیی لە ڕۆشنبیریی زاڵ کردبێت، ئەوە لە دوا شیکردنەوەدا، لە ڕاژەی ئایدۆلۆجیای چینی دەسەڵاتدار و ڕۆشنبیرییە سەروەرەکەیدا بووە.

لینین دەبێژێت: (ئەوی بانگاشە بۆ ڕۆشنبیریی - قەومەچیی - بکات، لەناو مارکسییەکاندا جێی نابێتەوە، شوێنی شیاوی ئەو، سەنگەری بۆرژوایە، بۆیە پێویستە دژایەتیی ڕۆشنبیریی ڕووسیی سەروەر بکەین، چونکە ڕۆشنبیریی بۆرژوا و سەد ڕەشەکەیە.*)(٢) هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە، ڕژێمی بەعس پشتگیریی ئەو جۆرە ئەدەبە دەکات و بڵاوی دەکاتەوە، چونکە بۆ بەرژەوەندیی چینایەتیی خۆی هێندە هۆشیارە، دەزانێت ئەو ئەدەبە قەومەچییە، سەرئەنجام ئاو بە ئاشی بۆرژوای دەسەڵاتداردا دەکات، بەڵام دەرگای بڵاوکردنەوە بە ڕووی ئەدەبی پرۆلیتاریادا دادەخات. ئەوی سەرنجی دەزگا ئیعلامییەکانی بەعس بدات، هەست دەکات کە بەرهەمی نووسەرانی نامیلکەی: یەکێتیی نووسەرانی کورد لەنێوان ڕاستی و درۆنامەدا، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، پشتگیرییەکی تەواوی لێ دەکرێت، ئەوەتا سەددام حوسەین دەڵێت: (ئێمە کاتێک باسی کوردایەتیمان دەکەین، نە بە خەوشی دەزانین، نە نیشتیمانپەروەریی عێراقیمان لەنگ دەکات.)(٣)
نەوشیروان موستەفا دەڵێت: (نووسەرانی کوردستان بەر لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی حوزەیران، بەشداری خۆشکردنی زەمینەی شۆڕش بوون و پاش هەڵگیرساندنەوەیشی بەردەوام خۆراکی گیانی شۆڕشگێڕانەیان دەرخواردی لاوانی کوردستان داوە و بە هەزارانیان هان داوە بۆ چوونە مەیدانی بەرەنگاری ڕژێمەوە.)

هەرچەندە ئەدەبی بەرگری ئەو ئەدەبەیە، ڕەشنووسەکانی لە سەنگەر و بەرەکانی شەڕ و لە گەرمەی جەنگ و هێرش و پەلاماردا دەنووسرێن، نەک لە باڕ و یانە و لە باوەشی ناز و نیعمەتدا، هەرچەندە ئەدەبی بەرگری، ئەدیبی پێشمەرگە دەینووسێت، (ئەوی بە کردەوە بەشداریی شەڕی بەرەنگاری دەکات،)(٤) نەک ئەوانەی بە موو لەو هێڵە لایان نەداوە کە ڕژێم بۆی کێشاون، بەڵام بێجگە لەمانەیش ئەو چەند نووسەرەی نەوشیروان موستەفا لایەنی گرتوون، نەک هەر هەزارانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە هان نەداوە، بەڵکوو ئەدەبەکەیان لە دەمی ئەسپی چەوساوەکاندا، ڕۆڵی لەغاوی بینیوە، بەڵکوو پیاوی ڕژێمیان وەک شاعیری رووسوور ناو بردووە، (٥) چالاکانە بەشدارییان لە گۆڤاری ئافرەتە بەعسییەکانی سلێمانیدا کردووە، باسیان دەربارەی ڕۆڵی چیرۆکی کوردی لە جەنگی قادسییەدا نووسیوە و (٦) بۆ ڕازیکردنی ڕژێمی بەعس، دژی خومەینی شیعریان گوتووە. ئێمە پێویستمان بەوە نییە، لیستێکی دوورودرێژ بکەین بە ناوی ئەو بەرهەمانەوە کە لە شار بڵاومان کردوونەتەوە و ئەدەبی شۆڕشگێڕانە بوون، چونکە جەماوەر لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخە ئەدەبییەکە بووە.
*
(١) لینین، الثقافه‌ والثوره‌ الثقافیه‌، ص١٧
(٢) لینین، فی الأدب والفن مجلد١ ص ٧١
(٣) ڕۆشنبیریی نوێ، ئایاری ١٩٨٣
(٤) شاکر نوری، المقاومه‌ فی الأدب السوفیتی، ص ١٩
(٥) هاوکاری، ژمارەکانی ٦٠٤، ٦٠٨ و ٦٨٥
(٦) ڕۆژنامەی الثوره‌، ژمارە ٥٠٦٧ ڕۆژی ١ی نیسانی ١٩٨٤
(*) سەد ڕەشەکە: گرووپێکی تیرۆریست بوو، ئەرکی سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن بوو.