ئاوی نیل دەبێتە خوێن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەبار جەمال غەریب 11/09/2021

ئاوی نیل دەبێتە خوێن

تۆم وەك خودای فیرعەون لێ كردووە، هاڕوونی براشت وەك پیغەمبەری تۆ دەبێ، دنیا لە گێڕانەوەدا دروست بووە، بەبێ گێڕانەوە دوێنێ ونە، ڕابردوو شاراوەیە، ئەوە مەبەستی گێڕانەوە نییە، ئەوە تەنیا ئەنجامێكی سادەی گێڕانەوەیە، ئەی گێڕانەوە چییە؟

گێڕانەوە دروستكردنی دنیایەكی دیكەیە بە تەنیشت جیهانی واقیعییەوە، گێڕانەوە بنیاتنانی دنیایەكی باڵاترە، ئەوە چۆن بسەلمێنم؟

. جیهانی نوێ لەوە ڕۆژەوەی خۆی ناسیوە، دەیەوێت بگات بە جیهانی تەوراتی.
. جیهانی كۆن لەبەر چی پیر بوو؟
. تەنیا لەبەر ئەوەی نەیتوانی بگاتە جیهانی ئەفسانە بە وتەیەكی دیكە:
- جیهانی كۆن خەیاڵی ئەوەندە فراوان بوو كە نەیتوانی پێی بگات، بۆیە شەقی برد و لەناو چوو.
- خەیاڵی جیهانی كۆن، ئەستوورە و ئەفسانەكانی بوون، ئەوەندە مەزن بوون، ئەوەندە توانا بوون كە ئینسانەكانی نەیانتوانی پێی بگەن لە داخان زەرد هەڵگەڕان.
- ئینسان لە ئەنجامی هەوڵدان بە خوداكانی یۆنانی كۆن، تەنیا شكستی چنیەوە، سیزیف نموونەیەكی زیندوویەتی كە تا ئێستا خەریكی سەرخستنی بەردی ژیانە و نەیتوانیوە.

ئەوە پەیوەندیی بە چیرۆكی مووساوە چییە؟
چیرۆكی مووسا تەكنیكی دوای ئەفسانەیە، یەزدان واقیعیترە، دنیاییترە، ئینسانی هەڵنەپێچاوە خۆر داگرێ، ڕاستە سروشتی بۆ سەرنجڕاكێشانی دنیا بەكارهێناوە، بەڵام ئەوە بۆ بەڕێكردنی ژیان نییە، تەنیا نیشاندانی قودرەتی خالقە.
- لە تەوراتدا یەزدان نەك داوا لە ئینسان ناكات گەمە بە ئەستێرەكان بكات، بچێتە ناو جیهانی مردووەكان، بەڵكوو خۆی دەهێنیتە ئاستی ئینسان و بۆ لای دادەبەزێ و قسەی لەگەڵ دەكات، ڕێگای بۆ دەدانێ و بەشداریی ژیانی دەكات، تا دەگاتەی ئەوەی ڕۆڵی خۆی بداتێ:

{یەزدان بە مووسای فەرموو:
- تۆم وەك خودای فیرعەون لێ كردووە، هاڕوونی براشت وەك پیغەمبەری تۆ دەبێ. تەورات، دەرچوون، ٧}
ئایا ئەوە گەمەیەكی ڕاستەقینەیە، یان گەمەیەكی زمانی و گێڕانەوەیە؟
یەزدان ئەوەی دەیڵێت مەبەستیەتی بیكات، هەتا لە گەمەیەكی زمانیشدا. دەسەڵاتی یەزدانی دەداتە مووسا، ڕۆڵی پەێغەمبەریش دەداتە هاڕوونی برای.

سەردەمی سیحر و جادوو
تەورات، وێنای سەردەمی فیرعەون وەك سەردەمی جادوو دەكات. یەزدانیش بە هەمان ئالیەت بەرەو ڕوویان دەبێتەوە. ئایا حیكمەتی ململانێی هێزی گەورەی یەزدان لەگەڵ هێزی بچووكی ئینساندا چییە؟ ڕاهێنانی ئینسانە لەسەر ململانێ؟

{مووسا و هاڕوون هاتنە لای فیرعەون، چۆن یەزدان فەرمانی پێ كردبوون ئاوایان كرد، هاڕوون گۆچانەكەی فڕێ دایە بەردەم فیرعەون و خزمەتكاران، بووە مارێكی شاخدار.
فیرعەونیش بانگی دانایان و سیحربازانی كرد، ئیتر جادووگەرانی میسریش بە ئەفسوونەكانیان هەمان. شتیان كرد. هەریەكە و گۆچانەكەی فڕێدا و گۆچانەكانیان بوونە ماری شاخدار، بەڵام گۆچانەكەی هاڕوون گۆچانەكانی ئەوانی هەڵلووشی. فیرعەون دڵی ڕەق بوو، گوێی لێ نەگرتن هەر وەك یەزدان فەرمووی. تەورات، دەرچوون، ٧}

- هاڕوون گۆچانەكە دەكاتە مار، ئێمە دەزانین بە هێزی یەزدان.
- دانایانی میسریش گۆچانەكانیان دەكەنە مار، بەڵام بە هێزی كێ؟ جگە لە یەزدان كەسی دیكە ئەو كارەی لەدەست دێت؟ كەسی دیكە دەتوانێ خوێن و جووڵە بخاتە ناو دارێكەوە؟
(گۆچانەكەی هاڕوون گۆچانەكانی ئەوانی خوارد.) ئەو ڕستەیە كە ڕستەی هەڵگەڕانەوەیە لە چیرۆكدا، ئاوەژووكردنەوەی هەموو بابەتەكانە، جگە لە هونەرێكی ڕووتی گێڕانەوە، هیچی دیكە نییە. واتا نماییشی زمانە نەك نماییشی ڕووداو. ئەو نماییشە لە موعجیزەكانی دیكەشدا دووبارە دەبنەوە.

لە بەشی دووەمی نماییشی موعجیزەكانی یەزداندا، گێڕانەوە تا ئەوپەڕی سادە دەبێتەوە، بەڵام بە ڕووحیەتی ئەفسانەوە:
{یەزدان بە مووسای فەرموو:
- دڵی فیرعەون ڕەقە و ڕازی نییە ڕێ بە گەلەكەی بدات. بەیانی بڕۆ لای فیرعەون ئەو دەچێتە لای ئاوەكە، لە كەناری نیل بۆی ڕاوەستە و ئەو گۆچانەش كە بووە ماری شاخدار لە دەست بگرە. پێی دەڵێیت: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەكان، منی بۆ لای تۆ نارد و فەمووی: ڕێ بە گەلەكەم بدە بڕۆن و لە چۆڵەوانی بمپەرستن، بەڵام هەتا ئێستا گوێ ناگریت، یەزدان ئەمە دەفەرمووێت: ئەمە دەزانیت كە من یەزدان، ئەوەتا من بەو گۆچانە لە ئاوی نیل دەدەم و دەگۆڕێت بۆ خوێن. ئەو ماسیانەش كە لەناو نیلن دەمرن و نیل بۆگەن دەبێت، میسریەكان قێزیان دەبێتەوە لە ئاوی نیل بخۆنەوە. تەورات، دەرچوون، ٧}

- ئەوەش جۆرێكە لە دانوستان، جۆرێكە لە پێكهاتن، بەڵام یەزدان هێشتا خۆی بە یەزدانی هەموو مرۆڤ ناناسێنێ، ئەو دەڵێت: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەكان، ڕێ بە گەلەكەم بدە بڕۆن و لە چۆڵەوانی بمپەرستن“ لە هەردوو دەربڕیندا یەزدان خۆی بە پەروەردگاری فیرعەون تەعریف ناكات، بەڵكوو بەپێچەوانەوە، پەرستنی تەنیا لە عیبرانیەكاندا سنووردار كردووە.
- شوێنی پەرستن چۆڵەوانییە.
- یەزدان تەنیا پەروەردگاری عیبرانییەكانە.
پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا دەسەڵاتی فیرعەون، ئەوەندە بەهێز بووە كە نەكراوە بانگەشەی خودای هەموو جیهانیان بكات؟

. ئەوەی جێگای سەرنجە، چۆن مووسا دەبێتە خودای هاڕوون و هاڕوونیش گۆچان دەكاتە مار.
. بە هەمان تواناش فیرعەون كە تا ئەو كاتە بانگەشە بۆ خودایەتی ناكات، بەلای كەمەوە لەو بەشانەدا، داوا لە دانایانی دەكات و ئەوانیش هەمان موعجیزە دەنوێنن.

{جادووگەرە میسریەكانیش بە ئەفسوونەكانیان هەمان شتیان كرد، دڵی فیرعەونیش ڕەق بوو و گوێی لە مووسا و هاڕوون نەگرت، هەروەك یەزدان فەرمووی، ئینجا فیرعەون ڕووی وەرگێڕاو و چووەوە ماڵەكەی خۆی و ئەمەی لە دڵ نەگرت. هەموو میسریەكانیش دەوروبەری نیلیان هەڵدڕی بۆ ئاو هەتا بیخۆنەوە، چونكە نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە. تەورات، دەرچوون، كۆتایی ٧}

یەزدانی حیكایەتخوان
چیرۆكی ڕزگاركردنی گەلی ئیسرائیل، یەزدان خۆی دایدەێژێ، خۆی ڕێكخەر و نووسەریەتی، خۆی مووسای هێناوەتە خاكی پیرۆز، خۆی بەرنامەی بۆ داناوە، خۆی دەسەڵاتی خۆی داوەتێ، خۆی فێری سیحری كردووە، هەر خۆشی دڵی فیرعەونی ڕەق كردووە، یەزدانی ئیسرئیلیەكان چیرۆك دەنووسێتەوە زیاتر لەوەی دنیا بەرێوەی ببات یان گەلەكەی ئازاد بكات، دوور نییە دنیا هەر لەبەر ئەو خۆشهاتنەی یەزدان لە هونەری گێڕانەوەدا ڕۆ نەنرابێ.