ئەوەی حەواتمە و حەبەش لە ئوردون كردیان ئێوەش لە كوردستان ئەوە دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 11/09/2021

ئەوەی حەواتمە و حەبەش لە ئوردون كردیان ئێوەش لە كوردستان ئەوە دەكەن

ساڵح موسلیم، یەكێك لە سەركردەكانی پەیەدەی سەر بە پەكەكە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵێكی ڕاگەیاندنی فەرمیی پەكەكە دەڵێت: ”لەناو پارتیدا هەندێک لایەن هەن، ئیرادەی خۆیان تەسلیم کردووە یان فرۆشتووە! بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی دەوڵەتی تورک، ئەوەندەی ئێمە چاودێری دەکەین، ئەو کەسانەی کە بۆ ناوچەی گەریلا رەوانە دەکرێن پێشمەرگە نین“، ئەوان بە شێوەیەکی سەرەکی هێزی تایبەتی پەدەکەن!“ بەڵام:

1- ئەو ناوچانەی كە ساڵح موسلیم باسیان دەكات و پێیان دەڵێت ”ناوچەی گەریلا!“، ئەوانە ناوچەی چەكدارانی پەكەكە نین، ئەوانە ھەر ھەموویان ناوچەی ناو چوارچێوەی سنووری جوگرافیی ھەرێمی كوردستانن و دەبێ لەژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بن، نەك چەكدارانی پەكەكە بە كەڵەگایی و فیتی دوژمنانی كوردستان تەراتێن و كەڵەگایی تیا بكەن.

پێنجوێن و شارباژێڕ و پشدەر و ئاسۆس و ئامێدی و گارە و مەتینا و حەفتانین و بەرواری باڵا، ئەوانە ھیچیان ناوچەی چەكدارانی پەكەكە نین، بەڵكوو ناوچەی خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچانەن و ھەر ھەموویشیان دەكەونە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتی ئیداریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دەبێ پێشمەرگە و ھێزە ئەمنیە فەرمیەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی لێ بن، نەك چەكدارانی پەكەكە و حزبەكەی ساڵح موسلیم.

2- نازانم ساڵح موسلیم دەزانێت یان نا، بەڵام پەكەكە ھەر وەك ھەردوو ڕێكخراوەكەی فەلەستین یەكێكیان (بەرەی دیموكراتی( بە سەرۆكایەتیی نایف حەواتمە و ئەوەی تریان (بەرەی میللی) بە سەرۆكایەتیی جۆرج حەبەش، وەھان، چونكە ئەوەی چەكدارانی نایف حەواتمە و جۆرج حەبەش لە ساڵانی 1968 ھەتا 1970 بەرامبەر بە داوودەزگا شەرعیەكانی ئوردن و خەڵكی ئوردون كردیان، ئێستاش چەكدارانی پەكەكە ھەر وەك چەكدارانی حەواتمە و حەبەش ھەمان كاری دوژمنكارانە بەرامبەر بە داوودەزگا دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكەن. سەیر كەن:

3- دوای دۆڕاندنی عەرەبەكان لە شەڕی ساڵی 1967 لە بەرامبەر ئیسرائیل، چەكدارانی فەتح و حەواتمە و حەبەش، لەسەر سنوورەكانی ئوردون - ئیسرائیل بارەگایان دانابوو، ئنجا لەوێوە پەلاماری ناوچەكانی ئیسرائیلیان دەدا، بەڵام كە ئیسرائیل زۆری بۆ ئەو چەكدارە فەلەستینیانە ھێنا و ڕاوی نان، ئەمان خۆیان نەگرت و بەرەو قووڵایی شارەكانی ئوردون پاشەكشەیان دەكرد، لەناو شار و شوێنە ئاوەدانەكانی ئوردونیش لەجیاتی ڕێزگرتن و پابەندبوون بە سیستەم و یاساكانی ئوردون، ئەو چەكدارە فەلەستینیانە لەژێرەوە و بە یارمەتی و دنەدانی ھەردوو بەعسی سووریا و عێراق، دەسەڵاتێكیان بۆ خۆیان دروست كردبوو و ھەوڵی نانەوەی ئاژاوە و ئینجا خۆسەپاندن و ڕووخاندنی حكوومەت و گشت سیستەمی ئوردونیان دەدا، تەنانەت لەناو عەمانی پایتەخی ئوردوندا، خاڵی پشكنینیان دادەنا و ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیانی ئوردونیان دەپشكنی و داوای پێناسەیان لە سەربازانی سوپای ئوردن دەكرد!

ھەتا گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە خوالێخۆشبوو شا حسێن كەوتە بەردەم سێ بژارە؛ یان دەبوایە دەسەڵات بۆ چەكدارانی فەتح و حەواتمە و حەبەش بەجێ بھێڵێت، یان ئەوە قبووڵ بكات كە لە ئوردون دوو دەسەڵات ھەبێت، یەكێكیان دەسەڵاتی دەوڵەتی ئوردون و ئەوی تریشیان دەسەڵاتی چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە فەلەستینیانە، یان دەبوایە بڕیارێكی سەخت بەڵام ڕاست و دروست بدات و ئەو چەكدارە فەلەستینیانە لە ڕەگوڕیشەوە ھەڵبكەنێت و لە ئوردون ڕایانبماڵێت.

فیعلەن خوالێخۆشبوو شا حوسێن بۆ ڕزگاركردنی ئوردون لە فیتنە و ھەوڵی خۆسەپاندنی ئەو چەكدارە فەلەستینیانە، بژارەی سێیەمی ھەڵبژارد و لە ساڵی 1970 ھەتا ساڵی 1971 بە شێوەی سەربازی، ئوردونی لەو چەكدارە فیتنە و ئاژاوەگێڕ و بێنمەكانە پاك كردەوە و ڕایانكردەوە بۆ لای ئەوانەی كە پێشتر دژی ئوردون دەستیان لە پشتیان دەدا، واتە ھەردوو بەعسی سووریا و عێراق!

جا وەك ڕای شەخسیی خۆم و بۆ ڕزگاربوون لە شەڕ و گێچەڵی پەكەكە و ھەوڵی خۆسەپاندنیان بەسەر ھەرێمی كوردستاندا، ھەرێمی كوردستانیش بێ گوێدانە موزایەدە و دروشمی شەعبەویانەی ئەم و ئەو، پێویستیی بە بڕیارێكی شاھانەی وەك بڕیارەكەی خوالێخۆشبوو شا حسێنی ئوردن ھەیە.