300 هەزار کارتی دەنگدان دراوە بەو عەرەب و تورکمانانەی هێنراونەتە کەرکووک
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

300 هەزار کارتی دەنگدان دراوە بەو عەرەب و تورکمانانەی هێنراونەتە کەرکووک

هاوار محەمەد، ئەندامی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەترسییەکی گەورە لەسەر کەمبوونەوەی دەنگی کورد بەراورد بە زیادبوونی دەنگی عەرەب و تورکمان لەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی پەرلەمانی عێراقدا بۆ (باسنیوز) ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، 300 هەزار کارتی دەنگدان دراوە بەو عەرەب و تورکمانانەی هاتوونەتە کەرکووک و نیشتەجێ کراون.

هاوار محەمەد ڕوونی کردەوە، لە ڕووی مرۆییشەوە ئامادەکاری بۆ ئەو 300 هەزار کارتە کراوە و دراون بە عەرەب و تورکمانەکانی عێراق و مافیان پێ دراوە لە بازنەکانی دەنگدان لە کەرکووک دەنگ بدەن و گوتی: ''ئەوە کارێکی نایاسایی دژ بە دەستوور و ماددەی 140ە و کاریگەریی لەسەر باڵانسی پێکهاتەکانی شارەکە و بەتایبەتی پێگەی کورد لە کەرکووک دەبێت''.

پێشتر لە بەدواداچوونێکی (باسنیوز)دا ئەوە ئاشکرا کرابوو کە له ‌دوای خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە نزیکەی 30 هەزار خێزانی عەرەب لە چوار ساڵی ڕابردوودا هاتوونەتە کەرکووک و بەشێکی زۆریان کارتی نیشتەجێبوونیان بۆ دەرکراوە و فۆڕمی خۆراکیان گواستووەتەوە، هەروەها به‌شێكی زۆری پۆسته‌ ئیدارییەکانی شاره‌كه‌ لە كورد سەندراونەتەوە‌، ئێستا بەپێی ئەو 300 هەزار کارتە ئەو ڕێژەیە زیاتر دەبێت و لە ڕۆژی هەڵبژاردندا عەرەب و تورکمانەکانی عێراق بە ڕێژەیەکی زۆر لە کەرکووک دەنگ دەدەن.

پێشتر ئامادەکارییان بۆ دابەشکردنی ئەو کارتانە کردووە

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) لە دوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەری 2017ەوە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی ئەو کارتانەی دەنگدان کراوە، بە شێوەیەک کە دەرفەت دراوە بە هەموو عەرەب و تورکمانێکی عێراق کە مافیان هەیە لەگەڵ گواستنەوەی ماڵەکانیان فۆڕمی خۆراکی خۆیان بۆ کەرکووک بگوازنەوە، هەروەها ئاسانکاریی زۆریش بۆ نیشتەجێبوونیان کراوە، ئێستاش کارتی دەنگدانیان بۆ گواستراوەتە شارەکە و مافی ئەوەیان پێ دراوە لە بازنەکانی کەرکووک دەنگ بدەن.

لەسەر بنەمای یاسای نوێی هەڵبژاردن، بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10/10/2021 بەڕێوە بچێت، کەرکووک کراوەتە سێ بازنە کە پێک هاتوون لە: بازنەی باکوور/ ڕۆژهەڵات، بازنەی ناوەڕاست و بازنەی باشوور/ ڕۆژئاوا.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگاکانی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان، 99%ی دەنگدەرەکانی بازنەی باکوور/ ڕۆژهەڵات کوردن کە پێنج کورسیی بۆ دیاری کراوە، بازنەی ناوەڕاست تێکەڵاوە لە عەرەب، تورکمان و کورد و چوار کورسیی دەبێت، بازنەی باشوور/ ڕۆژئاوا کە 99%ی عەرەبە، سێ کورسیی بۆ دیاری کراوە.

پێشتر محه‌مه‌د كه‌مال، سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی لە ئه‌نجوومه‌نی لەکارخراوی پارێزگای كه‌ركووك، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: "ڕاكان جبووری ئاسانكاری بۆ عه‌ره‌ب ده‌كات تا بێن بۆ ئه‌و شاره، چوار ساڵ‌ پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ش كه‌ داعش هات، زۆربه‌ی خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان حه‌ویجه‌یان جێ هێشت و هاتن بۆ كه‌ركووك و كه‌ هاتنه‌ كه‌ركووك ئیتر ناگه‌ڕێنه‌وه‌".

ڕایشیگه‌یاند: ''ژماره‌ی ده‌نگده‌ر له‌ شاره‌كه‌ به شێوەی ‌نائاسایی زیادی كردووه‌ و نه‌بوونی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاش ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ مه‌ترسیی لێ کەوتووەتەوە و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژماره‌ی پێكهاته‌كان زیادی كردووه‌ و تا ئێستاش ته‌عریب به ‌به‌هێزی له‌ شاره‌كه‌دا هەیە''.

محه‌مه‌د كه‌مال ده‌شڵێت: "به‌شێكی زۆری عه‌ره‌به‌كانی ده‌وروبه‌ر كه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو شار، جارێكی دیكه‌ ناگەڕێنه‌وه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ تۆماری ده‌نگدان ئه‌وه‌ عه‌ره‌ب له‌ حه‌ویجه‌ و عه‌باس و ڕه‌شاد و ڕیاز و مه‌لا عه‌بدوڵڵا ده‌نگیان هه‌یه‌ و ده‌بێ ئه‌و ده‌نگدەرانەی‌ ناوشار بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و له‌وێ ده‌نگ بده‌ن، چونكه‌ به‌م شێوه‌یەی ئێستا ڕێژه‌كان ده‌گۆڕێت و كورد زه‌رەر‌ ده‌كات''.

ئەوەیشی خستە ڕوو: ''جگە لە زیادبوونی ڕێژەی پێکهاتەکانی دیکە بەرانبەر بە کورد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزه‌ و شارەکە بۆ كورد ئارام نییە، ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی کورد شارەکە‌ به‌جێ دەهێڵن کە ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەنگی کورد لەم هەڵبژاردنەدا''.