كەسێك لە هەولێر بە بەهای ملیۆنێك دۆلار دەرمان بە قەرز وەردەگرێ و دیار نامێنێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كەسێك لە هەولێر بە بەهای ملیۆنێك دۆلار دەرمان بە قەرز وەردەگرێ و دیار نامێنێ

 

پزیشكێكی دەرمانساز لە هەولێر، نهێنیی بردنی ملیۆنێك دۆلاری كۆگاكانی دەرمان لە پارێزگای هەولێر ئاشكرا دەكات و سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانیش وردەكاریی زیاتر ئاشكرا دەكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ١٠ی ٩ی ٢٠٢١، هۆگر سەباح، پزیشكی دەرمانساز، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ”لە دوێنێوە بە نافەرمی ئاگادار كراوینەتەوە، كەسێك كە خۆی خاوەنی دەرمانخانە بووە، بڕێكی زۆر دەرمانی بە قەرز لە نزیكەی پەنجا كۆگای دەرمان لە سنووری هەولێر وەرگرتووە و ئێستا ئەو كەسە نادیارە“.

لەبارەی تۆماركردنی سكاڵا، ڕوونی كردەوە، تا ئێستا كەس بە فەرمی سكاڵای تۆمار نەكردووە و چاوەڕێ دەكرێ لە رۆژی یەكشەممەوە كە دەوامی فەرمییە، خاوەن قەرزەكان سكاڵا تۆمار بكەن.

ئاماژەی بەوەش دا كە بڕی ئەو دەرمانەی بە قەرز وەریگرتووە، ”نزیكەی یەك ملیۆن دۆلارە (١٠٠ دەفتەر) دەبێت“.

بە گوتەی ئەو پزیشكە دەرمانسازە: ”لە سنووری هەولێر، نزیكەی ٦٠ كۆگای دەرمان هەیە، ئەو كەسە لە زیاتر لە پەنجا كۆگا دەرمانی بە قەرز وەرگرتووە“.

هەر لەمبارەیەوە (باسنیوز) پەیوەندی بە موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە كرد، بەڵام ناوبراو رەتی كردەوە هیچ زانیارییەك بخاتە ڕوو.

لە لایەن خۆیەوە ڕەنج محەمەد عەبدولڕەحمان، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەو كەسەی پارەكانی بردووە، جگە لە قەرزی دەرمان، قەرزی ئۆتۆمبێل و شتی دیكەش بووە، كەسوكارەكەشی هەوڵیانداوە پارەكە بگەڕێننەوە.

ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ئەو كەسەی ئەم كارەی كردووە، دەرمانساز نییە و ئەندامی سەندیكاكەشیان نییە، ئەو پارەیەشی كە لە بواری دەرمان قەرزارە، ”ناگاتە (١٠٠) هەزار دۆلار، بەڵكوو پارەی قەرزی دیكەیە“.

بەپێی ئەو وێنە و زانیارییانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاو كراوەتەوە، ئەو كەسەی پارەكانی بردووە، ناوی (زریان هەورامی) بووە و خاوەنی دەرمانخانە بووە لە هەولێر، بەڵام (باسنیوز) هەرچەندە بەدواداچوونی كرد، نەیتوانی لە ناوەكە دڵنیا ببێتەوە.

پێشتر چەندان كەیسی بردنی پارەی خەڵك لە لایەن كەسانی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا بووە و بەهۆیەوە ملیۆنان دۆلاری خەڵكی بردراوە، لەوانەش كەیسی سلێمان هەڵشۆیی و ئیبراهیم گەوهەر هەن.

 

No description available.