پەکەکە سەرانە لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەستێنێ و دەینێرێتە قەندیل
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پەکەکە سەرانە لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەستێنێ و دەینێرێتە قەندیل

 “بەهۆی نەدانی سەرانە پەکەکە هەردوو گوێی زێڕه‌نگەرێکی بڕی” 

(م. ع)، فەرمانبەرێکی کارگێڕییە لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری قامیشلۆ، بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی بهێنرێ، بۆ (باسنیوز) گوتی: “دوو کادیری پەکەکە سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردین و داوای 20 هەزار دۆلار هاوکارییان کرد بۆ پەکەکە، ئەمەش پارەیەکی ئێجگار زۆرە بە بەراورد بەو داهاتەی نەخۆشخانەکە ساڵانە دەستی دەکەوێ”.

روونیشی کردەوە: “ئێمە دراوی سووری لە نەخۆشەکان وەردەگرین، جا ئەگەر بەهای ئەو دۆلارانەی داوای دەکەین بکەین بە دراوی سووری، ئەوا بڕەکەی ئێجگار زۆر دەبێ و نەخۆشخانە ناتوانێ بیدات”.

ئەو فەرمانبەرەی بەشی ئیدارەی نەخۆشخانەکە، گوتیشی: “دوای دانوستان و نێوانگیر لەنێوانمان، توانیمان بڕی پارە داواکراوەکە بکەین بە نیوە و بە دراوی سووریش پێیان بدەین”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “شێوازی داواکردنی ئەو سەرانەیان بە هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ بوو، کادیرێکی پەکەکە گوتی ئەگەر پارەکە نەدەن، مانای وایە ئێوە لەگەڵ خەباتی پەکەکە و قوربانییەکان و هزری ئۆجەلاندا نین و ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئێوەدا نییە”.

هەڕەشە و وەرگرتنی بڕی پارەی زۆر لە خەڵک

سەرانەسەندن بە هەموو جۆرەکانیەوە، چ لە رێی هەڕەشەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بووە بە هەڵسوکەوتی هەرە دیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژی دروستبوونیەوە و لە هەر شوێنێکدا بێ، بەتایبەتی لە گوندەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە.

دوای ئەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەری دەستی بەسەر رووبەرێکی فراوانی رۆژئاوای کوردستاندا گرت، بە دوو شێوە سەرانە لە خەڵک دەستێنێ، یەکەمیان لە رێی سەپاندنی باج لەلایەن دەزگای دارایی بەڕێوەبەریی خۆسەر بەسەر فەرمابەرانی سەر بە دامەزراوەکان و خاوەن شوێنە بازرگانییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و کارگەکان، دووەمیان لەژێر ناوی (ئالیکاری)، واتە یارمەتیدانی دارایی بۆ پەکەکە، ئەم رێگەیەش بە هەڕەشەی راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێ.

ناڕەزایی خاوەن کار و خەڵک لەو سەرانە سەندنە

لەم دواییانە، زۆر باس لە سەردانی فەرمانبەرانی سەر بە دامەزراوەی داریی و کادیرانی پەکەکە دەکرێ بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان و چێشتخانە و گازینۆ و کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراو و کارگەکان دەکرێ، بۆ ناچارکردنیان بەوەی بڕێکی زۆر پارە وەک کۆمەک، یان باج و سەرانە بە پەکەکە بدەن، بەڵام داواکردنی بڕی سەرانە لە کەرتی تاییەت بە ئارەزووی کادیرانی پەکەکەیە، لە هەزار دۆلارەوە دەست پێ دەکا تا دەگاتە بڕێکی ئێکدار زۆر، بەگوێرەی قەبارەی چالاکییە پیشەسازییەکان، کە رەنگە قازانجەکە نەگاتە بڕی ئەو سەرانەیەی داوای دەکەن.

(أ.س) خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری حەسەکەیە و بۆ (باسنیوز) گوتی:“یەک فلس نادەمە ئەو کادیرانە ئەگەر لە ملیشم بدەن، بەشی دارایی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەوان زانیاری و ئاماریان لەلا هەیە و هەموو ساڵێک پێیان دەدەین، بەڵام ئەوانە دێن داوا دەکەن لە گیرفانی خۆمان پێیان بدەین، یان چێشتخانەکەمان دادەخەن، ئەمەش قەبووڵ ناکرێ”.

دیاردەی سەپاندنی سەرانە بەسەر خاوەن کار و خەڵک بەگشتی، ناڕەزایی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی لە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە، کە نەخۆشخانەی تایبەت و چێشتخانەی زۆرن.

چی روودەدا ئەگەر خەڵکەکە سەرانە نەدەن؟

پەکەکە، لە رێی ئەنجوومەنەکانی گەڕەک، کە سەر بە پەیەدەن و بە گوندەکاندا بڵاو بوونەتەوە، سەرانە لە جووتیار و خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش دەستێنێ.

لەمبارەوە، خاوەن زەوییەکی گوندێکی باشووری شاری عاموودا بۆ (باسنیوز) رای گەیاند:”ساڵی رابردوو کاتێ بەروبووم پێگەیی و وەرزی دروێنە هات، پەکەکە داوای هاوکاریی کرد و نزیکەی 300 دۆلاری وەک باج لەسەر بەرووبوومەکەمەوە دانا، کە داهاتەکەی ناگاتە 2000 دۆلار!».

گوتیشی: “ئەوکات رەتم کردەوە و باجەکەم نەدا، کاتێ ئەمساڵ دەستم بە چاندنی کشتوکاڵ کرد، سەرۆکی ئەنجومەنی گەڕەک هات و گوتی کادیرانی پەکەکە داوایان لێ کردووم پێت رابگەیەنم، یان دەبێ بڕی باجەکە بدەی، یان رێگات نادەن زەوییەکەت دابچێنی، منیش نیوەی ئەو باجەم دانێ و بەڵای ئەوانم لە خۆم دوورخستەوە”.

کادیرانی پەکەکە کاتێ داوای بڕێکی دیاریکراوی سەرانە دەکەن، لەگەڵ ئەو خاوەن کارگە و کارانە دەکەونە مامەڵە، تا لەدوایی دەگەنە ژمارەیەک و هەردوولا لەسەری رێک دەکەون، خاوەن کار ناچارە و دەیەوێ بەمە پارێزگاریی لە کار و کەسابەتەکەی بکات، چونکە لە لێکەوتەکانی رەتکردنەوەکە دەترسێ.

زێڕه‌نگەرێکی کۆبانی، کە لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی زۆرینە کورد لە حەلەب کاری دەکرد، بەهۆی ئەوەی رەتی کردەوە سەرانەیەکی زۆریان پێ بدات، رفاندییان و دەستگیریان کرد، دوای دوو کاتژمێر کە هاتەوە، هەردوو گوێیان بڕیبوو.

پەکەکە پارەکە دەنێرێتە قەندیل

ئەو سەرانەیەی پەکەکە لە هاووڵاتییانی رۆژئاوای کوردستان دەستی دەکەوێ، دەینێرێتە بنکەکانی خۆی لە قەندیل، ئەمەش بەلای خەڵکی ناوچەکەوە شتێکی روون و ئاشکرایە.

ئەم هەڵسوکەوتەی پەکەکە و تەنگهەڵچنین بە خەڵک، دۆخێکی زۆر دژواری بۆ هاووڵاتییانی رۆژئاوای کوردستان دروست کردووە و وا لەوانە کردووە کە ماونەتەوە، ئەوانیش کۆچ بکەن و ناوچەکانیان جێ بێڵن.