بەخێوكردنی ئاژەڵان، بۆ خواست و ئارەزووی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، بەڵام هەندێك لەوانە ئاژەڵی دەگمەن بەخێو دەكەن، وەك مار، یەكێك لەو كەسانەی مار بەخێو دەكات، دەڵێت: ”هیوایەتێكی زۆر خۆشە، ئەوەی جارێك بەخێوی بكات، ناتوانێ دەستبەرداری بێت“، پزیشكێكی ڤێتەرنەریش جەخت لەوە دەكاتەوە، كە هیچ پسپۆڕێكی مار لە كوردستان نییە، بۆ ئەوەی ئاگاداری دۆخی مارەكان بێت، هەمووی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، شارەزاییان پەیدا كردووە.
سەفین كوردە، یەكێكە لەو كەسانەی كە ئارەزووی مار بەخێوكردنی هەیە، ماوەی ٧ ساڵە بە بەردەوامی مار بەخێو دەكات، ئاماژە بەوە دەدات، كە زۆر ئارەزووی بەخێوكردنی گیانلەبەرانی هەبوو، لەوانەش مار، بۆیە لە ئەورووپا چەند مارێكی بە دیاری بۆ دێت و بەخێویان دەكات، مارەكان ژەهراوی نین، بەڵام ئەگەر ئازار بدرێن، گاز دەگرن و ئازاری بەرامبەرەكانیان دەدەن، ”جارێك مارێك گازێكی لێ گرتم، تائێستا پەنجەیهكم سڕە“.

ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە، كە بەخێوكردنی مار، چێژێكی زۆر خۆشی هەیە، ئەوەی بەخێوی نەكردبێت، نازانێ چۆنە، ئەوەی هیوایەتیشی بێت، بێ مار ناتوانێ، دەڵێت: ”ئافرەتێك له سلێمانی، لە تیك تۆك ڤیدیۆكانی بینیبووم، پەیوەندی پێوەكردم و گوتی هیوایەتم مارە، مارێكم هەبووە، لێم مردووە، دێمە هەولێر، هاتە لام و چەندین وێنەی لەگەڵ مارەكانم گرت، هەموو پۆستەكانی لەسەر مار بوو، دەیگوت خۆشەویستی مار، لەگەڵ خوێنم تێكەڵ بووە“.
سەفین، ئێستا چوار ماری هەیە، جاری وا هەبووە، زیاتر لە هەشت ماری هەبووە، كە درێژیان سێ تا چوار مەتر بووە، نكۆڵی لەوەش ناكات، كە هاوسەرەكەی و منداڵەكانی سەرەتا ترساون، بەڵام خۆی ئاگاداری كردوونەتەوە، كە مارەكان ژەهراوی نین، ”هەر دەترسا، بۆیە گوتم تا مارەكە نەخەیتە سەر ملت، وازت لێناهێنم، شەو مارەكان دەخەمە سەر دەموچاوت، لەوە ناچاربوو مارەكەی لە ملی كردوو، ترسی شكا، ئێستا منداڵە شیرەخۆرەكەشم مارەكان لە باوەش دەكات، چونكە مار یەكێكە لەو گیانلەبەرانی یاریكردنی زۆر خۆشە و حەزی لە یارییە، ئەوەی جارێك بەخێوی بكات، ناتوانێت دەستبەرداری بێت“.

نرخی مار، بەپێی جۆرەكەی جیاوازە، مارەكان نرخیان لە نێوان حهوتسەد تا سێ هەزار دۆلارە، خواردنیشیان بریتییە، لە مشك، جرج و جوجەڵە، چونكە مار تەنیا نێچیری زیندوو دەخوات، سەفین دەڵێت: ”جوج راو دەكەم و دەیدەمە مارە گەورەكانم، مشك هامستەریش بە مارە بچووكەكانم دەدەم، دەبێ بە زیندووی پێیان بدەم، مارەكە خۆی دەیخنكێنێت و قوتی دەدات“.
گۆران جەلال، یەكێكە لەوانەی كە خۆی مار بەخێو دەكات و بازرگانیی هاوردەكردنی مار دەكات، بۆ (باسنیوز)، ئاماژە بەوە دەكات، كە بەخێوكردنی مار لە هەولێر بەتایبەت و بە كوردستان بە گشتی، تاكوتەرایە، چونكە پێشتر ئەزموونیان لەگەڵ بەخێوكردنی مار نەبووە، تەنیا زانیویانە كە مار ژەهراوییە، یاخود كەسێك مارێكی كڕیوە و نەیتوانیوە ژینگەیەكی لەباری بۆ دروست بكات، لێی مردووە، بۆیە لێی دووركەوتووەتەوە، بەڵام بە قسەی ئەو بەخێوكەرە وردە وردە بەشێك لە خەڵكی رووی تێدەكەن.

ئەو مارانەی لە نێو ماڵان بەخێو دەكرێن، زۆربەیان لە جۆری پایسۆنەكانن، كە ماری جوانكارییان پێ دەگوترێت، چونكە ماری بێ زیانن و ژەهراوی نین، لە هەمانكاتدا زۆر بە هێز نین، لەبارەی چارەسەریش بۆ نەخۆشییەكانی مار، گۆران، ئەوە دەخاتە ڕوو، كە لە كوردستان، پسپۆڕی ڤێتەرنەری مار نییە، تەنیا هەندێك لەوانەی بەخێوی دەكەن، شارەزاییان پەیدا كردووە، بۆ نموونە نەخۆشییە كەڕووییەكان و پێستی مار، بەچەند جۆرە دەرمانێك چارەسەر دەكەن، كە لە ڤێتەرنەرییەكان دەست دەكەوێت، بەتایبەت دەرمانە دژە بەكتریاكان، دەشڵێت: ”خۆم زۆر نەخۆشیم چارەسەر كردووە، دەرمانی ئاژەڵی دیكەم بەكارهێناوە، بەتایبەت بۆ نەخۆشییەكانی پێست و بەكتریاكان، بەڵام وەك پسپۆڕ، لە كوردستان پسپۆڕی مارمان نییە“.

د. بەختیار شوان، پزیشكی ڤێتەرنەری، نكۆڵی لەوە ناكات، كە دیاردەیەكی بەربڵاو لە هەموو جیهان هەیە، كە كوردستانیشی گرتووەتەوە، ئەویش بەخێوكردنی مارە دەگمەنەكانە، بەتایبەت ئەو مارانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، خەریكە بەخێوكردنیشی دەبێتە مۆدە، لەگەڵ ئەوەش لە كوردستان كەسی پسپۆڕ بۆ نەخۆشییەكانی مار نییە ”پسپۆڕ و پزیشك لە كوردستان نییە، كە شارەزای زانسی لە خشۆكەكان هەبێت، بۆیە ئەوانەی بەخێو دەكەن، بەردەوام لە ئینتەرنێت، زانیاری وەردەگرن، وەك ئاگاداربم، هەندێك لە بەخێوكەرەكان لە رووی زانستییەوە مارەكانیان باش بەخێو دەكەن، لە رووی نەخۆشیشەوە ئەو مارانە بەرگرییان باشە، تەنیا پێویستیان به ژینگەی گونجاو هەیە، لە وەرزی زستانیش بۆكسیان بۆ دروست دەكرێت، چونكە كاتی سڕبوونیانە“.