گوتەبێژی تاڵیبان باسی نیشتەجێكردنی پێكهاتەی هەزارە دەكات لە ڕۆژئاوای عێراق
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

گوتەبێژی تاڵیبان باسی نیشتەجێكردنی پێكهاتەی هەزارە دەكات لە ڕۆژئاوای عێراق

ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتەبێژ بەناوی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی تاڵیبان لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە هەواڵی ناردن و نیشتەجێكردنی پێكهاتەی هەزارەی ئەفغانستان كرد لە رۆژئاوای عێراق و ڕای گەیاند تاڵیبان داوا لە هەموو پێكهاتەكانی ئەفغانستان دەكات لە وڵاتەكە بمێننەوە.

د. محەمەد نەعیم گوتەبێژ بە ناوی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی تاڵیبان لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی "رووسیا تودەی" ئاماژەی بەوەدا كە بزوتنەوەی تاڵیبان دژی ئەوەیە هاووڵاتییان خاكی ئەفغانستان بەجێ بێڵن، جا سەر بە هەر پێكهاتەیەك بن.

گوتیشی نەك هاووڵاتییانی ئەفغانستانی لە پێكهاتەی هەزارە، بەڵكو ئەو ئەفغانانەی لەگەڵ ئەمریكییەكانیش كاریان كردووە، داوایان لێ دەكەین نەچنە دەرەوەی وڵات و لە ئەفغانستان بمێننەوە، چونكە وڵاتەكە پێویستی بە هەمووان هەیە.

گوتەبێژی تاڵیبان داواشی لە ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا كرد یەخەی هاووڵاتییانی ئەفغانستان بەردەن و چیتر ئاوارەی دەرەوەی وڵاتیان نەكەن، بەڵكو لێیانگەڕێن لە زێدی خۆیان بژین.

ئەم لێدوانەی نەعیم لە كاتێكدایە هەزاران هاووڵاتی ئەفغان لە ترسی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ڕوویان لە فڕۆكەخانەی كابول كردووە تا خۆیان بگەیەننە دەرەوەی وڵات و رزگاریان بێت لەدەست چەكدارانی بزوتنەوەكە، لەم ڕۆژانەشدا دەنگۆی ناردنی هەزاران هاووڵاتی ئەفغان بۆ عێراق هەیە، تاوەكو لە ڕۆژئاوای عێراق نیشتەجێ بكرێن.

بەپێی چەند راپۆرتێكی عێراقیش، كە بە پشت بەستن بە ڕای چاودێران و شارەزایانی سیاسی بڵاوكراونەتەوە، هەوڵێك هەیە لەلایەن ئەمریكاوە بۆ نیشتەجێكردنی هەزاران هاووڵاتی ئەفغانستان لە عێراق، لەوانەی پێشتر هاوكاری هێزەكانی ئەمریكایان كردووە لە ئەفغانستان.

ئەگەرچی سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراقەوە هەبوونی پلانێكی لەم جۆرەی رەت كردووەتەوە، بەڵام لە راپۆرتەكاندا دەگوترێ كە ئەمریكا بە نیازە هەزاران ئەفغان بە شێوەیەكی كاتی لە عێراق نیشتەجێ بكات، تا ئەو كاتەی ڕێگەچارەیەكی درێژخایەنیان بۆ دەدۆزرێتەوە.

پلانەكە بەشێوەیەكە، ئەو ئەفغانانەی هەڕەشەیان لەسەرە لە ئەفغانستان و ناتوانن بمێننەوە، دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەیەكی عێراق و لە نزیك بنكەیەكی سەربازیی هێزەكانی ئەمریكا نیشتەجێ دەكرێن، لەمبارەیەشەوە بەدیاریكراوی باس لە بنكەی سەربازیی ئاسمانیی عەین ئەسەد كراوە، لە ڕۆژئاوای عێراق، كە بنكەیەكی سەربازیی سەرەكیی ئەمریكییەكانە.