كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
وڵات موحسین 09/09/2021

یەڵماز گونەی له‌ زیندانه‌وه‌ خه‌ڵاته‌كانی فیستیڤاڵی كانی بردەوه‌

یەڵماز گونەی، دەرهێنەر و سیناریست و چیرۆکنووسی کورد، كه‌ بە ''پاشای ناحەز'' ناسراوە، لە ١ی ئەپرلی ١٩٣٨ لە گوندی ئینجەی پارێزگای ئەدنا لەدایک بووە. زۆر کەس بە پاشای سینەمای کوردی، یاخود باوکی سینەمای کورد ناوی دەبەن. گونەی لە خێزانێکی جووتیار و هەژاردا گەورە بووە و هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا چووەتە ئیستەنبوڵ و لەوێ کاری ‌هێنان و بردنی فیلمی کردووە، واتە فیلمی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بردووە. هاوکات لەگەڵ کارکردندا خوێندوویەتی و بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسەتی ئابووری بەدەست هێناوە و دواتر بڕوانامەی یاسا (حقوق)ی وەرگرتووە.

دنیای ئەدەب و هونەری گونەی لە کۆتایی پەنجاکاندا دەست پێ دەکات. سەرەتا ده‌ستی داوه‌ته‌ نووسینی شیعر و چیرۆک، پاشان وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و ئەکتەر کاری کردووە.

ئەو دەرهێنەرە کوردە لاپەڕەی زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەوکاتی تورکیای داپۆشی و بە پاشای ناحەز ناوبانگی دەرکرد. گونەی لە زیاتر لە ١٠٠ فیلمدا ڕۆڵی گێڕاوە، بەتایبەتییش لە فیلمە ئەکشنەکاندا. بەهۆی چەندین کەیسی سیاسیشەوە بەشی زۆری تەمەنی خۆی لە زینداندا بەسەر بردووە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی خۆی وەک دەرهێنەرێکی جیهانی بناسێنێت.

فیلمەکانی گونەی دەربڕی ئازار و مەینەتییەکانی گەلەکەی بوون. كاتێك باسی له‌ گوزەرانی چینی هەژار لە تورکیا کرد، ڕێگری لە نمایشکردنی فیلمەکانی کرا. بەڵام فیلمەکانی بوونە جێی سەرنجی وڵاتانی دەرەوە.

ساڵی ١٩٦١ وەرچەرخانێکی گه‌وره‌ لە ژیانی گونەیدا ڕوو ده‌دات و سینەمای تورکی ده‌باته‌ قۆناغێكی نوێوە و ڕەهەندێکی جیهانییشی پێی ده‌به‌خشێت. لەم قۆناغەدا گونەی فیلمەکانی ''سەید خان'' و ''گورگە برسییەکان و ڕانەکە''ی بەرهەم هێنا. ئەم فیلمانەش دەروازەیەک بوون بۆ بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا کە توانیی ١٧ خەڵاتی جیا جیا وەربگرێت.

بەهۆی داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلەکەی، ئەگەرچی نزیکەی ٢٠ ساڵی تەمەنی لە زیندانەکانی تورکیادا بەسەر بردووە، بەڵام کاروانی خەباتی بۆ سینەما نەوەستاندووە، بەڵکوو سیناریۆی زۆربەی فیلمەکانی لە زینداندا نووسیوە. فیلمی "یۆڵ" كه‌ بە مانای ''ڕێگا''یە، یەکێکە لەو فیلمانەی کە لە ساڵی ١٩٨٠ لە زینداندا سیناریۆکەی نووسیوە و لەوێشەوە سەرپەرشتیی تەواوی فلیمەکەی کردووە. ئەم فیلمە لە ساڵی ١٩٨١ بەرھەم ھێنرا و، یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی یەڵماز گونەیە كه‌ کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، بەهۆی ئەوەی کە زۆرترین پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا، بەتایبەت ئازار و مەینەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە باکوری کوردستان نیشان داوە.

ڕێگا بە یەکێک لە ناوازەترین شاکارەکانی گونەی دادەنرێت و توانی لە ساڵی ١٩٨٢ لە فیستیڤاڵی کان ''خەڵاتی چڵە خورمای زێڕین'' بەدەست بهێنێت. بەرهەمهێنانی فیلمی ڕێگا زۆر بەزەحمەت کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، چونکە ھاوکات بووە لەگەڵ کودەتای ساڵی ١٩٨٠ی تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا یەکەمین فیلمی ئەو کاتەی تورکیایە کە بە کوردی بەرھەم ھێنراوە و، لە بەشێکی زۆری دیالۆگی فیلمەکەدا زمانی کوردی بەکار هاتووە. هەروەها فیلمەكە لە چەند ناوچەیەکی کوردستانی باکوور وێنەی گیراوە، وەک ئامەد، ئەدەنە، عەنتاب، بینگۆل، ئورفە و بیلەجیک.

فیلمی ڕێگا ئەو چەوساندنەوەیەمان پێشان دەدات کە لە ناوچەکانی کورد هەیە، وەک نەبوونی خوێندەواری و هەژارییەکی زۆر و عەقڵی فیوداڵی دەربارەی ژن. لە یەک فیلمدا چیرۆکی پێنج کەسایەتیی جیاواز دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە زیندان پشوو دەدرێن و دەگەڕێنەوە بۆ لای خانەوادەکانیان. گونەی لەم فیلمەدا ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی وڵاتێکی ''دیکتاتۆری و بەسەربازیکراو'' پێشان دەدات و باس لەوە دەکات کە ئەوەی لە زیندانە بچووکەکه‌دا دەگوزەرێت، هەمان ئەو شتەیە کە لە دەرەوەی زیندانەکاندا هه‌یه‌. لەم فیلمەیدا ژن و منداڵی وەک یەکەم قوربانیی دەستی ئەو ڕژێم و فکرە فاشیستییەی تورکیا نیشان داوە. هاوکات گرنگییەکی زۆری بە پرسی ژن داوە. گونەی وەك خۆی ئاماژەی پێ دەدات ھەمیشە سوودی لە چیرۆكەكانی ئەو كۆمەڵگەیە وەرگرتووە کە تێیدا ژیاوە و هەوڵی داوە ئازارەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕێگەی سیناریۆ و فیلمەوە پێشانی جیهان بدات و جيهان به‌ دیوەکەی دیكه‌ی تورکیا ئاشنا بكات و زوڵم و زۆری دەسەڵات لەو وڵاتەدا بەرانبەر بە پرسی کورد و ھەژاری و دواکەوتویی ناوچە کوردییەکان ده‌ربخات.

ئەگەرچی فیلمی ڕێگا لە تەواوی تورکیا قەدەغە کرا، به‌ڵام به‌ ڕووداوێكی مێژوویی له‌و وڵاتەدا تۆمار كرا.

بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە‌ لە ٩\٩\١٩٨٤ کۆتایی بە ئيمپراتۆریەتی سینەمای گونەی هات و کۆچی دوایی کرد و لە ١٣\٩ لە گۆڕستانی ''پێرلاشز'' لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆر لە سینەماکاران و ڕۆشنبیران و نووسەرانی فەڕەنسا و ئەورووپا بە خاک سپێردرا.