پەرلەمانتارانی هیوا لە کوێن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ئاسۆ عەبدوللەتیف 09/09/2021

پەرلەمانتارانی هیوا لە کوێن؟

هەر هاوپەیمانی و کوالیسیۆنێکی پەرلەمانی، گەر میتۆد و پڕۆژە و ڕوانگەی قووڵی نیشتیمانیی نەبوو بۆ ڕیفۆرم و چارەسەری کێشەکان، وەک هاوپەیمانیی هیوای لێ دێت.

لە رابردوو چیان کرد لەو دروشمانە و چۆن ویستیان بۆ دڵخۆشکردن و ڕازیکردنی ئەجێندای هەندێک فراکسیۆنی زۆرینەی تائیفەگەرای فاشیست، وەبەرهێنان بکەن لە پرسەکانی لاوازکردنی ستاتۆی هەرێم و فیدراڵیەتی پارێزگاکان و بە ناوەندێتیکردنی مووچەی فەرمانبەران و هێنانەوەی هەژموونی سەربازیی بەغدا بۆ هەولێر تا هەورامان و هەڵەبجە. ئێستاش چۆن کەوتوونەتە دەنگ کۆکردنەوە بە ناوی یەکڕیزی و گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی بەڵام لەژێر پەرچەمی سەربەخۆییدا. سەربەخۆییش واتە ئەکتەری گوێڕایەڵ و نهێنگەرای حزبی و بۆ مەبەستی تایبەت تا ئدەچنەوە هۆڵی پەرلەمان!

دەی خۆ کاتیەتی بپرسین: ئەو برادەرانەی کە جاران هیوا بوون و ئێستا سەربەخۆ و جیاواز و موتەفەریقەن، لە کوێ و کام سەرچاوە و خەزێنەوە پارەی کەمپەینەکانیان دەستەبەر دەکەن بۆ هەڵمەتەکانی ئەمجارەیان؟

بیرمان نەچووە وەک گاڵتە و گەپیش بە ئایندە و خەونی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کوردەوە، هەندێک لەو مامۆستا بەڕێزە ناڕازییانەیان بانگهێشت کردە بەغدا بۆ وێنەگرتن و سنگ دەرپەڕاندن و سێڵفی، دواتر کوا بەرهەمەکەی‌ جگە لە بێئومێدکردنی ئەو خەڵکەی وا ئێستا سواڵی دەنگیان لێ دەکەن؟

دەرکەوت کاری رابردوو ستراتیژ نەبوو، بەڵكوو مانۆڕی هەندێک ئەکتەری سیاسی و مامەڵەی هەرزان بوو بۆ مانەوەی ئیمتیاز و مووچە و بەڵێن بۆ ڕاوێژکاری بندیوار و هەندێک پۆستی سیادی.
ئەگینا ناکرێ لە کوردستان پەرۆشی دەنگ کۆکردنەوە بن بە دروشمی جوان و ڕەحمانی و لە بەغداش بە تەنیشت ناسیۆنالمەزهەب و شۆڤێنیستەکانەوە، خەریکی عەیش و نۆش و دروشمی شەیتانی بن.

ئەو شانۆگەرییە چەند پەردەییەش تەنیا هەوڵێک بوو بۆ شکاندنی ئیجماعی میللی و نەتەوەیی کورد و دروستكردنی كەلێن و درزی گەورە لەو گوتار و ئیجماعە. به‌ حسابی خۆتان دەبنە ئه‌ڵته‌رناتیڤی نوخبه‌ی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان و کارکردن بۆ دەوڵەتی دامەزراوەیی، بێ ئەوەی خۆتان دامەزراو کردبێت لەسەر میتۆدێکی فیکری و هەڵوێستێکی نەگۆڕ.

بێئاگا لەوەی چاككردنه‌وه‌ی دۆخی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم به‌غدا کە دروشمێکی تری ئەو برادەرانە بوو، به‌ هاوار و دروشمسازی و گوتاری میدیایی و گرووپگەلی پانزه‌ و شانزە چێ نابێت، بەڵکوو بە گەڕانەوەی شکۆی سیاسی و نەتەوەیی کوردی دەبێت، ئەوەتا ئەو برادەرانە ئێستا ڕاکەڕاکیانە و هەر یەکێکیان لە ئاوازێک دەخوێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و شانۆگەریی دیکە، بەڵام ئەمجارە سەربەخۆ و مۆنۆدراما.