منیش پلە باڵام، بەڵام وەھا قسە ناكەم و وەھا نانووسم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 09/09/2021

منیش پلە باڵام، بەڵام وەھا قسە ناكەم و وەھا نانووسم



چەند ڕۆژێكە و لە ئەنجامی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، مووچەی پەرلەمانتار و پلە تایبەت و باڵاكان ھەندێكیان كەم بوونەتەوە و ھەندێكیان فایلەكانیان كەموكوڕیی ئیداریی تێدایە و راگیراون تا چارەسەر دەكرێن و بەپێی ئەو یاسایە و خزمەتەكانیان مووچەكانیان هەموار دەكرێت.

ھەندێك لەوانەی كە ڕاگیراون، فەرمانێكی تایبەتی دامەزراندن و فەرمانێكی تایبەتی خانەنشین نەبێت، ئیدی ھیچ سەرەتایەكی ھیچ خزمەتێكی فیعلی لە فایلەكانیاندا نیە، من خۆم ئەوەم بینیوە، باشە چۆن تۆ ھیچ خزمەتێكی فیعلیت لەناو ھیچ داوودەزگایەكی حكوومەتدا نەبووبێت و هیچ خزمەتێكیشت نەهێنابێتەوە، بەڵام بە پلەی وەزیر یان بریكاری وەزیر، یان بەڕێوەبەری گشتی، یان ڕاوێژكار خانەنشین كراویت؟

ھەندێكی تر ھەن، ڕاستەوخۆ خزمەتی فیعلیان لەناو داوودەزگاكانی حكوومەتدا ھەبووە، بەڵام بۆ نموونە ھەیە لەناو ئەو خزمەتە فیعلیەدا بەڕێوەبەری گشتی بووە كەچی لە كاتی خانەنشینیدا پلەیەك یان دوو پلەی پێ بەخشراوە و كراوە بە بریكاری وەزیر، جا باشە تۆ كە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خزمەتی فیعلیت ھەبووە، بۆچی لەو ڕۆژەی خانەنشین كرایت خێرا بوویت بە بریكاری وەزیر؟ ئایا ئەمە چ ناڕەواییەكی تیایە كە بەپێی یاسایەكی پەسەندكراو لە پەرلەمان، پلەی بریكاری وەزیری لەم جۆرە پلە باڵایانە بستێنرێتەوە و بكرێتەوە بە بەڕێوەبەری گشی؟ ئاخر خۆ ھەر بە ڕاستی و بە فیعلییش بەڕێوەبەری گشتی بووە نەك بریكاری وەزارەت.

ھەندێكی تر خزمەتیان لەناو داوودەزگاكانی حكوومەتدا ھەیە، بەڵام خزمەتیان لە خوار 15 ساڵە، بەڵام ئەمڕۆ 9 – 9 وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوەیەكی بە ژمارە 7521 دەركردووە و لە خاڵی 1ی ئەم ڕوونكردنەوەیەدا ھاتووە كە: ”سەرجەم ئەو خانەنشینە پلە باڵا و تایبەتانەی بەپێی یاسای چاکسازی مووچەیان هەموار دەکرێتەوە، خزمەتی (شارستانی، پێشمەرگایەتی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، سەندیکا، ئاوارەیی) ئەگەر هەبوو بۆیان هەژمار دەکرێت و دوای پشتڕاستكردنەوە ئاراستەی لیژنەی ئەژماركردنی ڕاژە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەو خزمەتانەیان بە مەبەستی خانەنشینی بۆ ئەژمار بكرێت و لەگەڵ یاسای چاكسازیدا بگونجێندرێن.

جا منی پلە باڵا لەم بەش و جۆرەی پلە باڵاكانم، چونكە 10 ساڵ خزمەتی فیعلیم ھەیە و ئەوەی پێویستیش بێت لە یەكێك لەو جۆرانەی خزمەتی ناو خاڵی یەكەمی ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی دەیكەم و دەشتوانم بیكەم، چونكە لەناو یەكێك لەو بابەتانەی كە هەر بەپێی یاسا، بە خزمەت ئەژمار دەكرێت، لەوێش خزمەتی فیعلیی سەرو زیادم ھەیە، ئینجا سەرەڕای ھەموو ئەوانەش سوور دەزانم و حەتمەن مووچەی خانەنشینیەكەم كەم دەبێتەوە و لایەكی دەڕوات!

بەڵام ئایا ئەوە ھەر خۆم نەبووم كە پشتیوانیم لە چاكسازی و یاسای چاكسازی كرد؟ ئەی ئەو ھەموو قسە و نووسینە چی بوو كە لەسەر پێویستیی چاكسازی گوتم و نووسیم؟ باشە ئەگەر یەكێك لەوانەی كە بەر ئەو یاسایە كەوتوون و ھەست دەكەن كە لە شێوازی جێبەجێكردنی یاساكەدا جۆرێك لە ناحەقییان لێ كراوە و خۆیان بە مەغدوور دەزانن، ئایا دەبێ ھەر ھێرش و پەلاماری ناڕەوا و كوێرانە بكەنە سەر حكوومەت؟ ئایا ھیچ ڕێگەیەكی شارستانی و یاسایی تر لەبەردەمدا نیە بۆ ڕاستكردنەوەی ئەوەی ئەو بە ناڕەوای دەزانێت؟

ئایا ھەر حكوومەت خۆی گوێ لە سكاڵا ناگرێت؟ ئایا دادگای ئیدارییمان نیە؟ ئەی ئایا چ پلە باڵایەك ھەیە كە نەتوانێت ھەر بە تەلەفۆن داوای ڕوونكردنەوە و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران یان لە وەزارەتی دارایی یان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین بۆ كەیسی خۆی بكات؟ باشە كە ئەم ڕێگە شارستانی و یاساییانە ھەن، ئیتر ھێرش و پەلاماری ناڕەوا و قسەی بازاڕی بۆچی؟