د. سه‌باح سوبحى، كاندیدی پارتی لە هەولێر: خەڵكی دەزانن پارتی تاكە لایەنە شەڕی مافەكانیان لە بەغدا دەكا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

د. سه‌باح سوبحى، كاندیدی پارتی لە هەولێر: خەڵكی دەزانن پارتی تاكە لایەنە شەڕی مافەكانیان لە بەغدا دەكا

د. سه‌باح سوبحى، كاندیدی ژماره‌ی 36ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ بازنه‌ی چوارى هه‌ولێر بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق، ڕایگه‌یاند، نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غدا دابه‌ش كراون هه‌ندێكیان له‌ پێناو كوردستان تێ ده‌كۆشن و به‌شێكی تریش‌ به‌ربه‌رست بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد دروست ده‌كه‌ن.

د. سه‌باح سوبحى، كاندیدی ژماره‌ی 36ی پارتی له‌ بازنه‌ی چوارى هه‌ولێر له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ (باسنیوز)دا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غدا دابه‌ش كراون هه‌ندێكیان له‌ پێناو كوردستان تێ ده‌كۆشن، كه پارتی له‌مه‌دا پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێ و  به‌شێكی تریش‌ به‌ربه‌رست بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد دروست ده‌كه‌ن و هه‌میشه‌ دژى هه‌رێمى كوردستان كاریان كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد:  ده‌بێ بزانین كه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو رووبه‌رووی سێ ته‌حه‌دای سه‌ره‌كی ده‌بینه‌وه، پێكهاته‌ی په‌رله‌مانی داهاتوو وه‌ك ده‌رهاوێشته‌ی یاسای ژماره‌ 9ی 2020 تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقی، به‌هۆی بوونی بازنه‌ی بچووك، ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی هێزی دیكه‌ی ناو په‌رله‌مان و بیروبۆچوونی جیاواز دێته‌ ئاراوه‌، له‌وانه‌یه‌ فیكری توندڕه‌ویش دژ به‌ سیسته‌می فیدراڵی دروست بێت.

ئه‌و كاندیده‌ى پارتى ده‌شڵێت: ئێمه‌ وه‌ك پارتى دیموكراتى كوردستان هه‌میشه‌ هه‌وڵمان داوه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان بپارێزین و به‌رگرى له‌ خاكى پیرۆزى كوردستان بكه‌ین، ئه‌مه‌ش له‌ نوێنه‌رانى پێشوومان له‌ به‌غدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م ده‌ستدرێژییانه‌ى كه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنورییه‌كان له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنوورى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان هه‌یه‌، كارى له‌سه‌ر بكه‌ین و له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ نوێیه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئێران و توركیاوه‌ دروست ده‌بێ بووه‌ستین.

د. سه‌باح ڕاشىده‌گه‌یه‌نێت: نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا دابه‌ش كراون بۆ دوو به‌ره‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌جیندای كوردستانیبوونیان هه‌یه‌ و شه‌ڕی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ‌ له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌وانه‌ی تریش كه‌ ئه‌جیندای تایبه‌تییان هه‌یه‌ دژ به‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌ به‌ربه‌ستێك بۆ چه‌سپاندنی پره‌نسیپه‌كانی فیدراڵییه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت، "بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین گرنگترین مه‌رجه‌ع بۆ زه‌مانه‌تی كیانی هه‌رێمی كوردستان و له‌ رووی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانییه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌‌وه‌ی، نوێنه‌رانى پارتى له‌ به‌غدا هه‌میشه‌ ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌، كه‌ یه‌كه‌م كار له‌ به‌رنامه‌ى كارى ئه‌وان كوردستانیبوون و به‌گریكردنه‌ له‌ خاكى پیرۆزى كوردستان، كه‌ ده‌بێته‌ پێشینكاری ئێمه‌ش. هه‌روه‌ها كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ى كه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ماونه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون.

دووپاتیشی كرده‌وه‌: ئێمه‌ گۆشكراوى رێبازێكین كه‌ هه‌میشه‌ به‌ر‌گریمان كردووه، خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ناوه‌وه‌ و‌ ده‌‌ره‌وه‌ى عێراق هه‌میشه‌ متمانه‌یان به‌ بوونى پارتى هه‌یه‌، چونكه‌ ته‌نیا پارتى به‌رگرى له‌ ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانى كورد ده‌كات و ئارامى و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانى بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ى دابین كردووه‌، پارتى هه‌میشه‌ پارێزه‌رى ماف و داخوازییه‌كانیانه،‌ بۆیه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌و سه‌نگه‌ به‌هێزه‌ى هه‌یه‌تى زیاتر ده‌بێت و خه‌ڵكى كوردستانیش ده‌نگ به‌ پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌ده‌ن.