لە ماوەی ٢١ ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر پەنجا مەتر دابەزیوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە ماوەی ٢١ ساڵی رابردوودا ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر پەنجا مەتر دابەزیوە

"لە ڕووی پێکهاتەوە ئاوی حەوزی دەشتی هەولێر یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی ئاو، بەڵام مەترسیی لەسەرە"

بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، ئەمساڵ لە سنووری شاری هەولێر، کێشەی کەمئاویی زیاتر هەستی پێکرا و دانیشتووانی بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی شارەکە دووچاری گرفتی کەمئاوی بوون و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش چارەسەری سەرەتایی دۆخەکەیان کرد. بەپێی گوتەی شارەزایان، هۆکارێکی گرفتەکە وشکەساڵی و هۆکارێکی دیکەش دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی بوو لە سنووری شارەکە. لە دیدارێکیدا لەگەڵ (باسنیوز)، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی هەولێر تیشک دەخاتە سەر ئاستی دابەزینی ئاوی ژێرزەوی و هۆکارەکانی، هەروەها باس لە چەند رێگاچارەیەکیش دەکات. بەپێی گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، لە ماوەی ٢١ ساڵی رابردوودا، ٥٠ مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەویی لە هەولێر دابەزیوە.

لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە تاوەکو ئێستا ئاستی ئاوی ژێرەزەوی لە دابەزیندایە

نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی پارێزگای هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، سێیەم شەپۆڵی وشکەساڵییە، کە دووچاری هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، ئێمە لە ساڵی (٢٠٠٠)ەوە تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی چاودێریی پێوانی ئاوی ژێرزەویی دەکەین و ئاستەکەی روو لە دابەزینە. شەپۆڵی سێیەم، کە دەکاتە ئەمساڵ، بە رادەیەکی زۆر زیانی بە ئاوی کوردستان بە گشتی و هەولێر و گەرمیان بەتایبەتی گەیاندووە، چونکە بارانبارین بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، کە بە سەدان بیر لە هەولێر ئاوەکەیان وشک بکات و ئاستی ئاوەکەی دابەزاند و وای کرد پێویستی بە کارەبا و ترۆمپای زۆر و رێوشوێنی نوێ بێت”.

“وشکەساڵی گۆڕانکاریی جیاواز بەدوای خۆیدا دێنێت”

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، بەهۆی شێلووبوونی ئاوی زێی گەورەوە، گرفت بۆ پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز لە سنووری هەولێر دروست بوو، ئەمەش وای کرد بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی ناو شارەکە بێ ئاوی خواردنەوە ببن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت رێوشوێنی جیاوازیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە گرتەبەر. بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی هەولێر پێوەند بەو بابەتە گوتی: “لە کاتی وشکەساڵیدا پێشبینی رووداو و گۆڕانکاریی جیاواز دەکرێت، یەکێک لەوانە ئاوی زێی گەورە بوو، کە شێلو بوو، هیچ ساڵێک ئاوی زێی گەورە بەو شێوەیە شێلو نەبووە، ئەمەش وایکرد هەر سێ پرۆژەی ئاوی قەندیل و ئاوی ئیفراز گرفتیان بۆ دروست ببێت، کە لە ٪٤٠ی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکەن. هەر سێ پرۆژەکە کێشەیان بۆ دروست بوو و ئاویان وەستا و پرۆژەکان نەیاندەتوانی بە باشی کار بکەن، بەڵام ئێستا ئێمە خەریکی داڕشتنی پلانین و راپۆرت بەرز دەکەینەوە بۆ پلانی درێژ خایەن، چونکە پلانە هەنووکەییەکانمان تێپەڕاند، بۆ نموونە، ئەگەر لەسەر زێی گەورە بەنداومان هەبووایە، ئەو ئاوە شێلو نەدەبوو و پرۆژەکانی ئیفراز و بەنداوی قەندیل شێلوو نەدەبوون و وەکو ئاوی دووکان و بەنداوی دهۆک ئاوێکی پاکیان دەبوو”.

“زۆرترین دابەزینی ئاستی ئاو لە سنووری هەولێر لە قوشتەپە و کەسنەزانە”

نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی پارێزگای هەولێر، لە درێژەی قسەکانی سەبارەت بە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە دا، کە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ماوەی ٢١ ساڵی رابردوودا لە هەولێر، بەپێی شوێنەکان دەگۆڕێت، بەڵام زۆرترین دابەزین لە ناوچەی کەسنەزان و قوشتەپەیە، کە بیر هەیە ئاستی ئاوەکەی ٥٠ مەتر دابەزیوە، شوێنیش هەیە ٣٠ مەتر و هەشیانە ٢٠ مەتر دابەزیوە، بەپێی شوێنەکان دەگۆڕێت، ئەو رۆژانە بەراوردن بە ساڵی ٢٠٠٠ و زۆرترین دابەزین ٥٠ مەتر بووە، بەپێی پێشبینییەکانی ئێمەش، کە ماوەی ٢٠ ساڵە ئاستی ئاوی ژێرزەوی روو لە دابەزینە و وشکەساڵی هەیە.

“پێویستە پلانی گلدانەوەی ئاو پەیڕەو بکرێت”

ئەو بەڕێوەبەرە لە باسی چارەسەری گرفتی دابەزینی ئاوی ژێرزەوی، باسی لەوە کرد، کە پێویستە هەرێمی کوردستان پلانی گلدانەوەی ئاو پەیڕەو بکات، لەمڕۆوە لەو شوێنانەی، کە باران و بەفری زۆر دەبارێت، لەنێو بەنداوی بچووکدا کۆی بکاتەوە و زۆرترین بەنداو لەسەر زێ و رووبارەکان دروست بکات، بۆ ئەوەی لە کاتی هاوین و کەمیی ئاودا پشتی پێ ببەستێ و سوودی لێ ببینێ، چونکە "قەیرانی ئاو دەبێتە قەرانی ناوچەیی و ململانێی جیهانی، کە بەشێوەیەکی بێدەنگ دەستی پێکردووە، حكوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو بارودۆخە، چونکە وڵاتانی دەوروبەر پرۆژەی زیاتریان لەسەر ئەو ئاوانە دروست کردووە، کە دەڕژێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، ئێمەش پێویستە وەکو ئەوان پلانمان هەبێت و پرۆژەی بەنداو لەسەر زێ و رووبارەکان دروست بکەین".

“هۆشیاریی تاکەکان سەبارەت بە پاراستنی سامانی ئاو”

پاراستنی سامانی ئاو پەیوەستە بە هەوڵ و هۆشیاریی تاکەکانی کۆمەڵگە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی هەولێر لەمبارەیەوە رایگەیاند: "بەداخەوە هاووڵاتییانی ئێمە هۆشیاری و رۆشنبیریی پاراستنی سامانی ئاویان کەمە و وەکو سامانێکی نەتەوەیی سەیری ئاو ناکەن، بۆ نموونە، ئەو بیر و پرۆژانەی لە هەولێر ئاو دابەش دەکەن، لەگەڵ پرۆژەی ئاوی ئیفراز، هەر هاووڵاتییەک دوو ئەوەندە و نیوی خۆی ئاوی بەر دەکەوێت، لەکاتێکدا پێوەرە جیهانییەکەی، کە بۆ هاووڵاتییان دانراوە ٢٠٠ لیترە، ئەمەش جێگەی داخە، کە هاووڵاتییان دەست بە ئاوەوە ناگرن و ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ دەدەن".

“لە ماوەی ٢١ ساڵدا ئاستی ئاو ٥٠ مەتر دابەزیوە”

بەپێی گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠٠ بە ٢٠ مەتر بیرێک لێدرابووایە، ئێستا پێویستە ئەو بیرە بگاتە ٧٠ مەتر، بەگشتی ئەو ناوچانەی، کە زۆر دووچاری کێشەی کەمئاویی بوونەتەوە ئەو شوێنانەن، کە دەکەونە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، وەکو بنەسڵاوە و قوشتەپە و کەسنەزان.

“ئاوی حەوزی دەشتی هەولێر یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی ئاو”

حەوزی دەشتی هەولێر، کە بە یەکێک لە حەوزە هەرە گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، کە رووبەرەکەی سێ هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەترە، ئەمە لە باکوورەوە دەکەوێتە سنووری بەستۆڕە و لە باکووری رۆژهەڵاتەوە دەکەوێتە بەرزاییەکانی دوورگەیەکی یەکجار فراوان، کە ئاوێکی سازگاری هەیە، ئەمە بە باشترین جۆرەکانی ئاو دادەنرێت و دەتوانین بڵێین، یەکێکە لە باشترین حەوزەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئاوێکی زۆر پاک و شیرینی تێدایە و توخم و میکرۆبە زیانبەخشەکانی زۆر زۆر کەمن. بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی هەولێر ئەو زانیارییانەی درکاند و گوتیشی: "ئەو ئاوە سازگارە لەمەترسیدایە، چونکە ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر بە گشتی لەمەترسیدایە، نەک لەبەر جۆری ئاوەکە، بەڵکو لەبەر دابەزینی ئاستی ئاو. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە مەترسیی کەمئاویدایە، هەروەها ئەو ئاگرەی لە دارستانەکانی تورکیا کەوتەوە، لەوانەیە قەیرانی وشکەساڵی لای ئێمە قووڵتر بکاتەوە و کاریگەرdی دەبێت لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

لەکۆتایی قسەکانیدا، نەزیز ئەسعەد سەبارەت بە لێدانی بیری ئاو و چارەسەرکردنی ئەو بیرانەی وشکبوونە، رایگەیاند: "زۆر بیر لە هەولێر وشک بوون، بیرەکان بەهۆی بێ ئاوییەوە دادەخرێن و لەتەنیشت ئەوانەوە بیری تر بە قووڵیی زیاتر لێ دەدرێنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە ئاوی سازگار، تاوەکو ئێستا ئامارێکی وردمان نییە، تا بزانین ژمارەی ئەو بیرانە چەندن، کە لە هەولێر هەمانن، پلانمان هەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاماری بیرەکان بەوردی بەدەست بێنین و بزانین بەهۆی ئەو شەپۆڵی وشکەساڵییەوە چەند بیر داخراون و ئاستی ئاوەکەیان چەند دابەزیوە”.