ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دەستی پێكرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دەستی پێكرد

لە ئێستاوە ناوی هادی عامری و حەسەن كەعبی دەخرێتەڕوو

 

 

ئەگەرچی بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، بەڵام لە ئێستاوە دوو هێزی سەرەكیی شیعەی عێراق ناوی كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو خستووەتەڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕەوتی سەدر ئاشكرای كرد كە حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێستای عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كاندید دەكەن.

ڕەوتی سەدر كە لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانییەكەیان، هاوپەیمانی ئەلسائیرون زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەست هێنابوو، لەمڕۆوە نوێنەرێكیان لە پەرلەمانی عێراق بە ناوی بەدر زیاری ئاشكرای كرد كە لە ئێستاوە لێكتێگەیشتنێك لە نێوان ڕەوتی سەدر و لایەنە سوننییەكان و كوردییەكانیش هەیە بۆ ئەوەی حكوومەتی داهاتوو سەرۆك وەزیرانێكی سەر بە ڕەوتی سەدری هەبێت.

زیاری ئەوەشی گوتووە كە ڕەوتەكەیان لەم هەڵبژاردنەدا كورسی زیاتریش دەهێنێت لە سایەی یاسای نوێی هەڵبژاردن و سیستەمی بازنەیی هەڵبژاردنەكان.

لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ ئەبو میساق مەساری سەركردە لە هاوپەیمانیی ئەلفەتح بە سەركردایەتیی هادی عامری، گوتی كە عامری تاكە كاندیدی ئەوانە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.

مەساری لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا پێشبینی كرد ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی داهاتوودا زۆر زیاتر بێت لەوەی لە هەڵبژاردنی 2018دا بەدەستیان هێنا، كە بریتی بوو لە 45 كورسی.

هەروەها ئەوەشی گوت كە دوای ڕێككەوتنیان لەگەڵ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی لە دوای هەڵبژاردن، عادی عامری وەك تاكە كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشان دەكەن.