بۆ شکات ناکەن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 08/09/2021

بۆ شکات ناکەن؟

هاوڕێیەكم گوتی: ئەو جەماعەتە بە هەڕەشە و چاوسووركردنەوە و بە عەنتەری، بڕە پارەیەكی زۆریان لێ سەندم.

پرسیم: مەبەستت كام جەماعەتەیە؟
گوتی: ئەوانەی ماوەیەكە شاریان كردووەتە مەقادیشۆ!

گوتم: ئێ خۆ هەر دەتوانیت بڕۆیت سكاڵایەك لە دادگا پێشكەش بكەیت.
گوتی: ئاخر چۆن دەتوانم لە شوێنێكی وەكوو مەقادیشۆ شكایەت پێشكەش بكەم؟

گوتم: تۆ شكاتی خۆت بكە و لەڕێی دادگاوە داوای مافی خۆت بكەوە، قابیلە هەتا سەر هەر مەقادیشۆ بێت!
گوتی: ئاخر جارێ وەك باسی دەكەن، قازیفە و هامەر و دۆشكە و مووشەكی میلان و ئەم جۆرە شتانەیان لایە! من چۆن دەتوانم شكات لەوانە بكەم؟

گوتم: دادگا ئەو شتانە نازانێت، بڕۆ شكاتی خۆت بكە و با مەلەفێكیان بۆ بكەنەوە.
گوتی: ئاخر خۆ هەر من نیم كە ئەو جەماعەتە غەدریان لێ كردبێ!

گوتم: كێی تر هەیە وەك تۆ غەدرێ لێ كرابێت؟
گوتی: زۆرن، یەكجار زۆرن!

گوتم: بۆ نموونە كێ؟
گوتی: برادەرێك دەناسم هەر لەم شارەدا و هەر بە عەنتەری ئەو جەماعەتە چەند موڵكێكیان لێ زەوت كرد و داگیریان كرد.

گوتم: ئێ دە با ئەویش بێت و بڕۆن پێكەوە سكاڵای یاسایی پێشكەش بكەن.
گوتی: نا جارێ تۆ راوەستە، خەڵكی تریش هەن.

گوتم: كێی تر؟
گوتی: هاوڕێیەكم هەیە براكەی زۆر بە ناحەق هەر لەلایەن ئەو جەماعەتەوە كوژراوە.


گوتم: ئێ با ئەویش بێت لەگەڵتان، خۆ ئەوەیان تاوانی قەتڵە و مافی خوێنە، چۆن لێی بێدەنگ دەبێ!
گوتی: ئەی من پێت ناڵێم جارێ لەم مەقادیشۆین!

گوتم: تەنیا ئەو دوو كەسە دەناسیت، ئاوها غەدریان لێ كرابێت؟
گوتی: كەسێكی تر دەناسم، كۆمپانیایەكی هەبوو، چەند جۆرێك شمەكی هاوردە دەكرد، چوونە سەری و هەڕەشەیان لێ كرد و مافی هاوردەكردنی ئەو شمەكەیان لێ سەندەوە و خستیانە سەر كۆمپانیایەكی خۆیان!

گوتم: ئەگەر ئەویش بێت سكاڵا بكات، ئەو وەخت دەبنە چوار كەس، ئەی بۆ ناڕۆن؟
گوتی: ئاخر خۆ هەر ئەو چوار كەسە نین!

گوتم: چۆن! یەعنی خەڵكی تریش هەن؟
گوتی: كەسێكی تر دەناسم، لەڕێی كامێرای نهێنی و ئافرەتێكەوە بۆسەیان بۆ نابووەوە و بەردەوام بە بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاو هەڕەشەیان لێ دەكرد.

گوتم: ئۆهۆوووو! بە قسەی تۆ بێت ئەم جەماعەتە تاوانیان زۆرە! ئەی ئەو برادەرە بۆ ناچێت شكات بكات؟
گوتی: تۆ راوەستە، كەسایەتیەكی سیاسییش دەناسم، ئەو جەماعەتە بەردەوام لەڕێی چەندین پەیجی فەیسبووك و لەشكرێكی جنێوفرۆشەوە، سووكایەتیی دنیایان بە خۆی و ماڵباتەكەی كردووە.

گوتم: ئێ ئەوەش هەر تاوانە و دەبێ بچێت شكاتی لەسەر بكات، بۆ نایكات؟
گوتی: كۆمەڵێك كادیری پێشكەوتووی حزبەكەشیان دەناسم، دەڵێن لە كۆنگرەدا ئێمە بە مافی خۆمان دەرچووبووین بۆ سەركردایەتی، بەڵام ئەو جەماعەتە تەزویریان كرد و گرووپی خۆیان دەرچواند.

گوتم: ئەوانیش دەتوانن هەم لەنێو حزبی خۆیان و لە دادگاش شكات بكەن.
گوتی: هێشتا ماوە، تۆ چیت بیستووە؟ بەخوا ناسیاوێكم كارمەندە لە فڕۆكەخانەی شار، بۆی گێڕامەوە كە ئەم جەماعەتە هەفتانە بڕی زۆر زۆر زێڕ و ئاڵتوونی قاچاخیان بە فڕۆكەخانەدا دەهێنا و دەبرد.

گوتم: ئێ كەواتە دەبێ دەزگا حكوومیەكانی سلێمانیش شكاتیان لێ بكەن.
گوتی: ئەوە تۆ دەڵێی چی؟ شۆفێرێكی خزمم لە مەرزێكی سنووری ئیش دەكات، دەیگوت، ئەو جەماعەتە لەو مەرزەوە بە زەبری هێزی خۆیان، شەو تا بەیانی جگەر و دووگ و هێلكە و خۆراكی ماوەبەسەرچوویان دەكرد بەم شارەردا.

گوتم: كەواتە دەبێ هەموو خەڵكی شار كە قوربانیی خواردنی ماوەبەسەرچووی قاچاخچێتیی ئەو جەماعەتەن، دەبێ هەر هەموویان لە دادگا سكاڵا پێشكەش بكەن، ئەی بۆچی كەس ناچێ شكات بكات؟
گوتی: ئاخر جارێ هەموویان دانیشتووی شاری مەقادیشۆن!

گوتم: سەیرە! بۆچی كەس شكات ناكات؟
گوتی: با شتێكی لەوانەش خەتەرترت بۆ باس بكەم، پاسەوانی بەرپرسێكی كەركووكی بۆی گێڕامەوە، بە چاوی خۆی بینیبووی ئەو جەماعەتە، بەبێ پرسی دادگا و حكوومەت و حزب، بە چەند كاروانێك سەدان تیرۆریستیان لە زیندانەكانی سلێمانی ئازاد كرد و بە چەندین پاسی كۆستەر بردیاننەوە بۆ ناو كەركووك و ئێستاش هەر ئەو ئازادكراوانەن بوونەتەوە بە داعش.

گوتم: ئەوە تۆ چی دەڵێی؟ ئەوە تاوانێكی گەورەی نێودەوڵەتیە، كەواتە دەبێ هەموو عالەم شكاتیان لێ بكات، ئەی بۆ كەس شكات ناكات؟
گوتی: خوشكی من، عالەم شكاتی چی بكات، ئێرە مەقادیشۆیە!