جاسم ئیبراهیم، كاندیدی پارتی لە ئەنبار: كار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان دەكەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

جاسم ئیبراهیم، كاندیدی پارتی لە ئەنبار: كار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان دەكەین

 

پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، لە بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش کاندیدی هەیە و خەڵکێکی زۆر ئومێدی بەوەیە کە ئەمجارەش پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، وەك حزب دەنگی یەکەم بێنێتەوە. کاندیدێکی پارتییش لە پارێزگای ئەنبار رای دەگەیەنێ: ”پارتی حزبێكی نیشتمانییە و باوەڕی بە برایەتی و تەبایی هەیە و نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكانی كردووە بەبێ جیاوازی“.

لە دیمانەیەكی (باسنیوز)دا، جاسم ئیبراهیم، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهۆی ئەوەی حزبێكی گەورە و نیشتمانییە و دژی تائیفییەتە، بۆیە لە پارێزگای ئەنبار خۆم لەسەر لیستی ئەو حزبە كاندید كردووە و دەشڵێت: "لە پەرلەمان كار دەکەم بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان".

لەبارەی خۆناساندنیەوە، كاندیدەكەی پارتی، گوتی: ”من پارێزەر جاسم ئیبراهیم، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانم لە بازنەی 1ی هەڵبژاردن، كە ناوچەكانی فەلووجە و سەقڵاویە و كەرمە دەگرێتەوە و ژمارەكەشم 44، داوا لە هاووڵاتییانی بازنەی 1ی هەڵبژاردنی ئەنبار دەكەم دەنگم پێ بدەن، بۆ ئەوەی لە پەرلەمانەوە كار بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان بكەم“.

لەبارەی ئەوەی چۆن بوو بۆ پەرلەمانی عێراق خۆی لەسەر لیستی پارتی كاندید كردووە؟ ئەو كاندیدەی پارتی لە ئەنبار ئاماژەی بەوە دا: ”پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی ئەوەی حزبێكە دژی تائیفییە و حزبێكی گەورەیە، لە ماوەی ڕابردووشدا ئەوەی سەلماندووە كە نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكانی كردووە بەبێ جیاوازی، پارتی حزبێكی نیشتمانییە و باوەڕی بە برایەتی و تەبایی هەیە و كاریشی لەو پێناوەدا كردووە، فەخامەتی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكان هەمیشە دەستپێشخەر بووە، پارتی وای كردبوو كە لە ناوچە دابڕاوەكانیش برایەتی و پێكەوەژیان پێش بخرێت، هەروەها لە هەرێمی كوردستانیش لەسایەی ئەو حزبەدا پێشكەوتنی بەرچاو لە هەموو رووەكانەوە، بەتایبەت لە رووی ئاوەدانی هەیە“.

سەبارەت بەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکانی خەڵکی سنووری پارێزگای ئەنبار لە سنووری هەرێمی كوردستان ماون و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، كاندیدەكەی پارتی لە ئەنبار گوتی: “لە سەروبەندی داگیركردنی چەند شارێكی عێراق لەلایەن داعشەوە، تاكە شوێن هەرێمی كوردستان بوو دەرگای بۆ ئاوارەكان كردەوە، بەتایبەت ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار، تەنانەت بەغدا دەرگای بۆ ئاوارەكانی ئەنبار نەكردەوە، ئەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە دەرگای بۆ ئاوارەكان كردەوە و پێشوازییان لە ئاوارەكان كرد و ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە كەمپەكاندا یارمەتی پێشكەش بە ئاوارەكان دەكەن، بۆیە هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی لە قەیرانی ئابووریدایە، بەڵام یارمەتییەكانی بۆ ئاوارەكان بەردەوامە و ئاوارەكانیش سەربەرزانە لە هەرێمی كوردستان دەژین، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە خۆم كاندید كردووە و ئەگەر دەربچم، كارم لە پەرلەمان گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان دەبێت و بۆ منیش شەرەفمەندیە، كە لە ڕێگەی پارتییەوە كاندید کراوم“.

لە كۆتاییدا لەبارەی ئەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان سندووقیان بۆ دادەنرێت، بۆ ئەوەی دەنگ بە كاندیدەكانیان بدەن؟ ئەو كاندیدە، ڕایگەیاند: ”بەڵێ لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن سندووق بۆ ئاوارەكان بۆ دادەنرێت و دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن“.