خەڵك و حزبەكان ستایشی چاكسازییەكانی حكوومەت دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

خەڵك و حزبەكان ستایشی چاكسازییەكانی حكوومەت دەكەن

 هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەكان، ستایشی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

دوای ئەوەی وەزیری دارایی رای گەیاند كە مووچەی نایاسایی ژمارەیەكی زۆری خانەنشینانی پلەباڵا بڕدراوە و ئەوانەشی كە مووچەی زۆریان وەرگرتووە، بەپێی یاسای تازە مووچەكانیان كەم كراوەتەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە بەرفراوانی ستایشی هەنگاوەكەیان كرد و بە بڕیارێكی بوێرانەیان وەسف كرد.

لەمبارەیەشەوە عەلی حاجی فەرەج، جێگری پێشووی مەڵبەندی شارەزووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەربارەی ھەنگاوەکانی پڕۆژەیاسای چاکسازی و بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی ساڵانێکە بە پلەی وەزیر و بریکاری وەزیر مووچەی خەیاڵی وەردەگرن، بەبێ ئەوەی بەرپرسیاریەتییان لە ھیچ وەزارەتێکدا ھەبووبێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زۆر دەمێکە ھەوڵ دەدات چاکسازی لە مووچەی پلەباڵاکاندا بکات، بێگومان ئەوە کارێکی باشە و بەباشی دەزانم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێژە بە پڕۆژەیاسای چاکسازی بدات''.

گوتیشی: ''زۆر عەیبە بۆ ئەوانەی ھەموو مانگێک چوار ملیۆن بۆ شەش ملیۆن دینار وەردەگرن، بەڵام مامۆستایەکی قوتابخانە تەنھا دوو سەد ھەزار دینار وەربگرێت، ئێستا ئەوانە پێیان ناخۆشە مووچەکانیان کەم بکرێتەوە، بۆیە من پشتگیریی ئەو چاکسازییە دەکەم''.

عەلی حاجی فەرەج ئەوەشی خستە ڕوو: ''ئەوانەی کە دژایەتیی بڕینی مووچەی نایاسایی دەکەن، ئەو کەسانەن کە چەند ساڵێکە مووچەی نایاسایی وەردەگرن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کەوتوونەتە دژایەتیکردنی پڕۆژەیاساکە، لە ھیچ وڵاتێکی دنیادا شتی وا نییە وەزیرێک، یان پەرلەمانتارێک دوای تەواوبوونی کارەکەی ھەموو مانگێک بڕی شەش ملیۆن دینار وەربگرێت، بۆیە داواکارم حکوومەتی ھەرێم درێژە بەو چاکسازییە بدات، ھەروەھا پەرلەمانی کوردستان ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێم بکات بۆ ئەوەی مووچەی نایاسایی نەمێنێت''.

لەو بارەیەوە، نزار مەحموود، باژێروانی مەکۆی ھەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''درێژەدان بە پڕۆژەیاسای چاکسازی و بڕینی مووچەی نایاسایی، کارێکی زۆر گرنگە و ھەمیشە پاڵپشتی لە چاکسای دەکەین، چونکە ئەگەر پڕۆژەیاسای چاکسازی بەردەوام بێت، داھاتێکی زۆر بۆ خەزێنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و بەو پارەیە دەتوانین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین''.

گوتیشی: ''بزووتنەوەی گۆڕان پاڵپشتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ داماڵینی بندیوارەکان و نەھێشتنی مووچەی نایاسایی، بێگومان ئەوە خواستی ھەموو خەڵکی کوردستانە کە مووچەی نایاسایی نەمێنێت''.

نزار مەحموود، ئاماژەی بەوەش کرد: ''پڕۆژەیاسای چاکسازی دوژمنی زۆرە، بەڵام ئێمە پاڵپشتیی دەکەین، ڕاستە خەڵکێکی زۆر ھەیە ساڵانێکی دوورودرێژە مووچەیەکی زەبەلاح بە نایاسایی وەردەگرن، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە مووچەی ئەو کەسانە نەمێنێت و داھاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا خەرجی بکات''.

تایبەت بەو باسە، نەبەرد حەمە کەریم، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ژمێریاری و دارایی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارێکی باش دەکات ھەنگاوەکانی بۆ چاکسازی چڕ دەکاتەوە، بێگومان خەڵکێکی زۆر ھەن بە پلەی باڵا خانەنشین کراون و مانگانە بڕەپارەیەکی زۆر وەردەگرن، ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێژە بەو چاکسازییە بدات، دەتوانێت ئەو پارە خەیاڵییەی چەند ساڵێکی دوورودرێژە ئەو کەسانە وەری دەگرن، پاشەکەوتی بکات بۆ کاتی تەنگانە. بۆ نموونە، حکوومەت دەتوانێت بەو پارەیە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگ بۆ شارەکانی کوردستان جێبەجێ بکات، ئەو کاتە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە پێشکەوتنی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت''.