بۆچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریکا گرنگە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
وژار فهری 08/09/2021

بۆچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریکا گرنگە؟

ئەمڕۆ کۆدەنگی لەسەر دوو خاڵی سەرەکیی سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا هەیە، ئەمانیش بریتین لە: نابێت ئەمریکا شەڕی ''تاهەتایی'' دیکە بکات، وەک ئەوەی لە عێراق و ئەفانستان ڕووی دا. هەروەها ئەمریکا ڕێگە بگرێت لە سەرهەڵدانی چین و بەرەنگاری هەژموونیی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتەوە. گرنگیی ئەم دوو خاڵە کاریگەری دەخاتە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی کشانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خۆی قەدەغە بکات.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر پێش شەڕی عێراق، بەقووڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرقاڵ بوو، ئەمەش بەهۆی پێویستیی بەرەنگاربوونەوە و ڕکابەریی یەکێتیی سۆڤیەت بوو. وەک چۆن بەریتانییەکان هەوڵیان دا کۆنتڕۆڵی کەناڵی سوێس و کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزن، کە بۆ هەر جەنگێک بە گرنگیان دەزانی. ئەمریکاش لە کاتی جەنگی سارددا بەهۆی نیگەرانی لە زاڵبوونی سۆڤیەت بەسەر هەرێمەکەدا دەستبەرداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدەبوو. لە دوای جەنگی سارد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵەکانی دژی عێراق چڕ کردەوە و ئۆپۆزسیۆنی لەدژی ڕژێمی سەددام پێک هێنا. ''ڕێککەوتننامەی واشنتۆن'' یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ بەهێزتربوونی ئۆپۆزسیۆن دژی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بوو.

ئایا هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر پرسیاردایە؟
ڕووسیا و چین ئەوەیان نەشاردووەتەوە کە دەستێوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گرنگترین ستراتیژییەکانیانە. ڕووسیا بووە هۆکاری ئەوەی کە ڕژێمی ''بەشار ئەسەد'' لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە کە ئەمە دژی ئامانجەکانی ئەمریکا بوو. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دووبارە ڕووسیا بتوانێت بە هێزەوە بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنپێی خۆی لە سووریا بچەقێنێت.

لە هەمان کاتدا چین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە بە کلیلی سەرکەوتنی سیاسەتی "ڕێگای ئاوریشم"؛ ئەم سیاسەتە بووە هۆی فراوانبوونی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی و سەربازیی چین، هەروەها یارمەتیی وەبەرهێنانی چینیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بەتایبەتی لە ئێران، سعوودیە، ئیماڕات و میسر. چین پەیوەندیی دیپلۆماسیی خۆی لە هەرێمدا فراوان کرد. بارودۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو دەرفەتەی بە چین دا کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پتەو بکاتەوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی تووشی قەیرانی دارایی بوون و ئابوورییەکەیان داتەپیوە.

سیاسەتزانانی ئەمریکا ئەم وانەیان وەرگرتووە کە ڕژانی خوێنی سەربازە ئەمریکییەکان و خەرجکردنی ملیاران دۆلاری ئەمریکی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کەمترین ''سوودی'' بۆ وڵاتەکەیان گێڕاوەتەوە. سەرەرای ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک جاران پێویستی بە سامانی سرۆشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە، بەڵام هاوپەیمانانی ئەمریکا لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هێشتا پێویستیان بە سەرچاوە سروشتییەکانی ئەم ناوچەیە ماوە. ئێستا گرنگیی ڕەهای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، چونکە ئەمریکا وردە وردە کۆتایی بە پشتبەستنی خۆی بە نەوتی ئەم هەرێمە هێناوە و بەرهەمی هایدرۆکاربۆنی خۆی بەرز کردووەتەوە، هەروەها گرنگیی ڕێژەیی هەرێمەکە بە شێوەیەکی گوماناوی دابەزیوە. بەڵام گرنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لە سامانە سروشتییەکانیدا نییە، هەبوونی ڕێرەوی ئاویی گرنگ وەک ''کەناڵی سوێز'' و ''بابلمەندەب'' کە بە شاڕێگای بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەورووپا دادەنرێن، گرنگیی ئەم هەرێمەی زیاتر کردووە بۆ زلهێزانی جیهانی.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ سەرهەڵدانی هەڕەشەی چەکی ناوکی و چەکە کۆمەڵکوژەکانی دیکە دەمێنێتەوە، بەتایبەتی کە چەندین وڵات دەیانەوێت ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی لەم هەرێمەدا. کاتێک باس لە تیرۆریزم دەکرێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوەندی ئەم بابەتە دەمێنێتەوە. ڕووسیا خواستی خۆی نیشان داوە بۆ کۆنتڕۆڵنەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بەهۆی نەبوونی توانای ئابووریی بەهێز بۆ ئەم ئامانجە، بەڵام دەتوانێت هەرێمەکە وەک کارتێکی فشار بۆ سەر ڕۆژئاوا بەکار بهێنێت، بۆ نموونە دەستێوەردانەکەی لە سووریا ملیۆنان پەنابەری کردە ناو باوەشی ئەورووپا و یەکێتیی ئەورووپای خستە ناو قەیرانی کۆچبەرانەوە.

خۆگونجاندنی ئەمریکا لەگەڵ هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەمریکا پێویستی بە ستراتیژییەک هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بتوانێت هێژمۆنیی خۆی لە هەرێمەکەدا بپارێزێت. ئەم جۆرە سیاسەتە پێویستە زیاتر پشت بە دیپلۆماسی ببەستێت و سنووری پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا فراوان بکات. یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەوەدایە کە چین پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەهێزی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە، بەڵام ئەمریکا پەیوەندیی دیپلۆماسیی تەنها لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی هەیە و دژی ئەو وڵاتەیە کە هاوپەیمانی نەبێت. لە ڕاستیدا ناکرێت ئەمریکا بەتەواوی لە هەرێمەکە بکشێنێتەوە، چونکە کاردانەوەکان لە کاتی سەرهەڵدانی ئاژاوە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان لەوانەیە قورس بێت. بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەمکی ''بەرپرسیارەتیی بەکۆمەڵ'' کە ئەمریکا بەپرسیاریەتی و ئەرکی تر بەجێ بهێڵێت بۆ هاوپەیمانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی. ئەمەش لە سەردانی بەڕێز سەرۆک ماکرۆن ڕوون بوو، کاتێک گوتی، ''جیاواز لە سیاسەتی ئەمریکا، ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە''.

وڵاتە شکەستخواردووەکان هۆکاری سەرەکین بۆ سەرهەڵدانی هێزە توندڕەوەکان کە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی جیهان. هەبوونی هێزە ئەمریکییەکان دەبێتە بەربەستێکی گەورە بۆ سەرهەڵدانەوەی تیرۆریست و توندڕەوەکان. بەڵام سەرەڕای پێویستیی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە ئەکتەرەکانی ئەم ناوچەیەش هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن بۆ سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک چاکسازیکردن لە سیستەمی سەربازیی خۆیان و، نزیکبوونەوەی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا لە یەکتری؛ وەک وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسرائیل. هەروەها هێشتنەوە هێزەکانی خۆی لە ئاستی پێویستدا کە بتوانن بەرپەچی هەر کردارێکی تیرۆریستی بدەنەوە.