كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پێگەی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا

ئەگەر دەنگدەری كورد دەنگ بە پارتە كوردییەكان بدەن، پێگەیان ئەوەندەی جەهەدەپە بەهێز دەبێت

ئەگەر باس لە پێگەی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا بكەین، دەبێت باس لە سەرەتاكانی ساڵانی نەوەدەكان بكەین، چونكە ئەوكات ٢٠ پەرلەمانتاری كورد بە فەرمی و بەناوی كوردەوە چوونە پەرلەمانی توركیا. پێشتر دەنگی دەنگدەری كورد لە تەواوی توركیا بۆ پارتە توركییەكان رۆیشتووە، هۆكارەكەشی روونە، دروستكردنی پارتی كوردی لە توركیا قەدەغە بووە.

بەرلە نەوەدەكان، كەسایەتییە سیاسییەكانی كورد، چوونەتە پەرلەمانی توركیا، بەڵام خۆیان لەسەر لیستی پارتێكی توركی كاندید كردووە، بۆ نموونە ئەحمەد تورك لەسەر لیستی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) خۆی گەیاندە پەرلەمانی توركیا.

لە سەردەمی مستەفا كەمال ئەتاتوركیشدا، چەند کەسێکی كورد بوونە پەرلەمانتاری توركیا، بەڵام بۆیان نەبووە باس لە مافی كورد بكەن، بەڵكوو خەباتیان تەنیا بۆ مافی تورك بووە و ئینكاری كوردبوونی خۆیان كردووە، دیاترین نموونەش حەسەن خەیرییە، كە پیاوی ئەتاتورك بوو و، لەناو پەرلەمانی توركیا بە جلی كوردییەوە بینرا و، لە وڵاتانی ئەورووپا هاواری دەكرد ئەتاتورك مافی كوردی داوە و هیچ كێشەیەكمان نییە، سەرەنجام هەر بە بڕیاری مستەفا کەمال ئەتاتورك لەسێدارە درا.

لە دوای دروستبوونی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، دەكرێت بڵێین كورد هەناسەیەكی هەڵمژی، چونكە دەرگایان بەڕووی كورددا كردەوە بە زمانی خۆیان قسە بكەن و گۆرانی بڵێن و تەنانەت تەلەفزیۆنێكی تایبەتی دەوڵەتیش بە ناوی (TRT) كوردی دەستی بە پەخش كرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، هێشتان پێگەی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا لاوازە و ئەو پێگەیە نەبووە حیسابی بۆ بكرێت.

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، لە ٢٠١٥ بڕیاری دا وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، بۆ ئەمەشیان رێگەی بۆ خۆش كرا و لەلایەن چەند پارتێكی توركیا و یەكێتی ئەورووپا پشتگیرییەكی تەواو كرا، چونكە ئەوان پێیان وابوو، ئەگەر هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا بەهێز بێت، ئیدی كێشەی كورد لەبری ئەوەی لە رێگەی شەڕ و چەكەوەچارەسەر بکرێت، لەڕێگەی ئاشتی و لەناو پەرلەمانی توركیا چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە.

هەدەپە توانی سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت و لە هەڵبژاردنی ٢٠١٥ و بووە خاوەنی ٨١ كورسیی پەرلەمانی. لە مێژووی توركیادا بۆ یەكەمجار بووە كورد لەناو پەرلەمانی توركیا تا ڕادەیەک پێگەیەكی بەهێزی هەبێت، هەروەها بۆ یەكەمجاریش بووە كورد وەكوو پارت بچێتە پەرلەمان و ١٠٪ی بەربەستی هەڵبژاردنی شكاند.

بەڵام بەهۆی ئەوەی نێوان هەدەپە و ئاكەپە بەرەو خراپی رۆیشت و نەیانتوانی بەو هەموو كورسییەوە لەناو پەرلەمانی توركیا ببن بەو هێزەی هاوكێشەی سیاسی بگۆڕن، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر لە ١٠ پەرلەمانتاری هەدەپەی خستە زیندانەوە، كە لەناویاندا هاوسەرۆكان (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ) هەبوون.

بابەتی ئەوەی بۆچی هەدەپە حكوومەتی لەگەڵ ئاكەپەدا پێك نەهێنا و دژایەتیی كرد، دەكرێت لە داهاتوودا بە درێژی باسی بكرێت، بەڵام ئەوەی كرۆكی ئەم شرۆڤەیەیە، بۆچی پێگەی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا بەهێز نەبووە؟

دەكرێت چەند هۆكارێك باس بكەین، كە بۆچی پێگەی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا وەكوو پێویست نییە، لە كاتێكدا یەك لەسەر چواری دانیشتوانی هەموو توركیا كوردن.

یەكەم: پارتە كوردییەكان یەكدەنگ نین، بۆیە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا دەنگی كورد پرژ و بڵاو دەبێت و نزیكەی ١٠ كورسیی پەرلەمان لە تەواوی توركیادا لەدەست دەدەن.

دووەم: دەنگدەری كورد، وەكوو پێویست متمانەی بە پارتە كوردییەكان نییە، بۆیە روو لە پارتە توركییەكان دەكەن. بەتایبەت كوردە موحافیزكارەكان پێیانوایە، هەدەپە باڵێكی سەرەكیی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە لەناو پەرلەمانی توركیا، بۆیە رووی تێناكەن و روویان لە ئاكەپە كردووە.

سێیەم: لە كاتی دانانی كاندید بۆ هەڵبژاردن، بەتایبەت كاتێك هەدەپە كاندید دادەنێت، پەكەكە بەتەواوی دەست وەردەداتە لیستەكە و كاندیدی خۆی دادەنێت، ئەمەش وا دەكات بەشێكی كوردەكان دەنگ بەو كاندیدانە نەدەن، بەمەش دەنگێكی زۆر بۆ پارتەكانی تری توركیا دەڕوات. هەر بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨، پەكەكە رێگەی نەدا ئاڵتان تان لەسەر لیستی هەدەپە خۆی كاندید بكات، لە كاتێكدا ئاڵتان كەسایەتییەكی دیار و خاوەن جەماوەرە لە باكووری كوردستان.

چوارەم: پارتە توركییەكان سیاسیەتێكی زیرەكانە لەگەڵ دەنگدەری كورد دەكەن، بە تایبەت ئاكەپە، توانیویەتی كوردە موحافیزكارەكان بۆ لای خۆی رابكێشێت، هەروەها بەشێكی زۆری ئەو كوردانەی ئاسیمیلە كراون، دەنگ بە جەهەپە و مەهەپە دەدەن.

ئەردۆغان لە ٢٠١٩ سەردانی ئەمریكای كرد، لەوێ رۆژنامەنووسێك لێی پرسی، بۆچی كێشەی كورد چارەسەر ناكەن؟ ئەویش گوتی "تەنیا لەناو پارتەكەی مندا، ٥٠ پەرلەمانتاری كورد هەیە، كەواتە لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوەی هەیە كێشەی پەكەكە و یەپەگەیە".

ئەگەر ٥٠ پەرلەمانتارەکەی ئاكەپە كە كوردن و ٨١ی هەدەپە و نزیكەی ١٠ پەرلەمانتاری جەهەپەش كە كوردن وەربگرین، رێژەی پەرلەمانتاری كورد لەناو پەرلەمانی توركیا، نزیكەی ١٤٠ پەرلەمانتار دەبن، لەو رێژەیە ١٥یان توركن، كەواتە ئەگەر دەنگدەری كورد دەنگ بە پارتی كوردییەكان بدات و پارتە كوردییەكانیش بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، ئەوكات پێگەی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا، ئەوەندەی جەهەپە بەهێز دەبێت، كە جەهەپە خاوەنی ١٣٤ كورسیی پەرلەمانییە و گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە.

تا پەرلەمانتارانی كورد ژمارەی كورسییەكانیان لە ١٠٠ تێپەڕ نەكات، كورد ناتوانێت لەڕێگەی پەرلەمان و دەستوورەوە مافەكانی مسۆگەر بكات، بۆیە دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ستراتیژییەتی كار و سیاسەتیان بگۆڕن.