ڤیان دەخیل کاندیدی پارتی لە شنگال: فشار لە بەغدا دەكەین بۆ نەهێشتنی چەكدارانی نایاسایی و بیانی لە شنگال
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ڤیان دەخیل کاندیدی پارتی لە شنگال: فشار لە بەغدا دەكەین بۆ نەهێشتنی چەكدارانی نایاسایی و بیانی لە شنگال

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (باسنیوز)دا، ڤیان دەخیل، کاندیدی ژمارەی ٢٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سێی شنگال بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، لە پەرلەمانی عێراق لەسەر بابەتە چارەسەرنەکراوەکانی کچان و ژنانی ئێزدی و دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی کار دەکات و دەشڵێت: ''هەموو توانای خۆم بۆ بابەتی گەڕان بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی بەکار دێنم''.

(باسنیوز): ئەوە حەوت ساڵە خەڵکی شنگال ئاوارەن، ئەگەر ئەمجارە دەنگی پێویستتان هێنا و سەركەوتن، لە پەرلەمانی عێراق چی دەکەن بۆ دابینکردنی ئاسایش و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان؟

ڤیان دەخیل شێخ سەعید: ئەوە حەوت ساڵە خەڵکی شنگال ئاوارەن، ڕاستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هێندێک کاریان کردووە، بەڵام ئێستا ئەوانیش وردە وردە دەستیان لە خزمەتکردنی ئاوارەکان هەڵگرتووە. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش کارێکی ئەوتۆی بۆ خەڵکی شنگال نەکردووە تاکوو دۆخی ژیانی خەڵکەکە باش بێت. ئەگەر چووینە پەرلەمان، هەوڵ دەدەین فشار بخەینە سەر بەغدا کە چەکداری بیانی لەنێو شنگال نەمێنن و ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال واژۆ کراوە، جێبەجێ بکرێت و گرووپە چەکدارەکان لە شنگال بچنە دەرەوە و خەڵکی شنگال خۆیان ئیدارەی شارەکەی خۆیان بەڕێوە ببەن و ئیدارەی ئەمنی و لۆکاڵیی شنگال لە دەستی خەڵکی قەزاکەدا بێت.

(باسنیوز): بوونی ئەو گرووپە چەكدارە نایاساییانە چ کێشەیەکی لە شنگال ناوەتەوە کە دەتەوێ لە پەرلەمان کار بۆ دەرکردنیان بکەیت؟

ڤیان دەخیل شێخ سەعید: بوونی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال، کێشەی هەرە گەورەی بۆ هاووڵاتییانی شنگال ناوەتەوە و ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بۆیە ئەرکی پەرلەمان ئەوەیە کە یاسایەک دەربکات و بەپێی ئەو یاسایە حکوومەتی عێراق ناچار بکات هێزە بیانییەکان لە شنگال نەمێنن. بەتایبەتی پەکەکە کە هێزێکی بیانییە و مەعقوول نییە هاتووەتە نێو وڵاتی ئێمەوە و خەڵکی شنگال تووشی کێشەی ئەمنی و کۆمەڵایەتی دەکات. پەکەکە کێشەی کۆمەڵایەتیی بۆ خەڵکی شنگال دروست کردووە، بەتایبەت لە بابەتی ڕفاندنی کچانی ئێزدی و مێرمنداڵاندا، ئەو کچە ئێزدییانەی پەکەکە دەیانبات، ئیتر ناگەڕێنەوە و ئەوەش کێشەیەکی یەکجار گەورەیە بۆ خەڵکی شنگال.

(باسنیوز): ئەوە حەوت ساڵ بەسەر جینۆسایدی شنگالدا تێپەڕی و هێشتا ژمارەیەکی زۆری کچان و ژنانی ئێزدی دیار نین؟

ڤیان دەخیل شێخ سەعید: من لەسەر بابەتێکی زۆر گرنگ پێداگری دەکەم، ئەویش بابەتی ئەو کچ و ژنە ئێزدییانەیە کە تا ئێستا هەر ماوە و چارەسەر نەکراوە. هەروەها کار لەسەر دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی دەکەم و هەموو توانای خۆم لە بابەتی گەڕان بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ڕفێنراونی ئێزدیدا بەکار دێنم. ئەوە حەوت ساڵە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شنگال بێسەروشوێن کراون، لەسەر دۆسیەی ئەوان کار دەکەم، چونکە ئەو دۆسیەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە.

(باسنیوز): خەڵکی شنگال دەڵێن لە عێراقدا هیچ مافێکیان بەدەست نەکەوتووە؟

ڤیان دەخیل شێخ سەعید: نەک هەر خەڵکی شنگال، بگرە خەڵکی هەموو عێراق باوەڕیان بە حکوومەتی عێراق نەماوە، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە خەڵک ناڕازین، چونکە هەتا ئێستا حکوومەتێکی وایان نەبینیوە کە مافی هاووڵاتییان دابین بکات، بۆیە چوونی کاندیدە بەهێزەکان بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەیە کە لەسەر بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتییان کار بکەن. ڕاستە خەڵکی ئێمە باوەڕیان بە حکوومەتی عێراق نەماوە، بەڵام باوەڕیان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی کاندیدەکانی پارتی دەیانەوێت فشار بخەنە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ماف بۆ خەڵک بگەڕێننەوە.