لە ئەفغانستان خۆپیشاندان لەدژی تاڵیبان دەستی پێکرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە ئەفغانستان خۆپیشاندان لەدژی تاڵیبان دەستی پێکرد

پاش داوای ئەحمەد مەسعوود، ڕێبەری بەرەی بەرگریی نیشتمانیی ئەفغانستان، شەوی ڕابردوو لە چەندین شار و ویلایەتی ئەو وڵاتە، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و لەدژی پاکستان و تاڵیبان ڕاپەڕین و لایەنگرییان لە بەرەی بەرگریی ئەو وڵاتە کرد.

بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، شەوی رابردوو خەڵک لە سارەکانی کابول، مەزار شەریف و هەرات ڕژاونەتە سەرشەقامەکان و دروشمگەلی (بمێنێ بەرەی بەرگری) و (مەرگ بۆ پاکستان) و (ئەڵاهوو ئەکبەر)یان گوتووەتەوە.

هاوکات چەندین هەواڵ و ڕاپۆرتی دژ بە یەک لەبارەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی تاڵیبان و بەرەی مقاومەتی نیشتمانی لە پەنجشێر بڵاو کراوەتەوە.

دوێنێ و پاش شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە نێوان تاڵیبان و هێزەکانی پەنجشێر، ئەحمەد مەسعوود وەک ڕێبەری بەرەی نیشتمانی لە پەنجشێر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە خەڵکی ئەفغانستان کردووە لەدژی تاڵیبان ڕابپەڕن و داوای ڕاپەڕینی سەرتاسەری کردووە.

ماڵپەڕی (ئوفوق)ی ئەفغانستان لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە خۆپیشاندانی خەڵک، کە داوای هاوبەشی سیاسیی لایەنەکان و کۆتاییهاتنی دەستێوەردانی پاکستانیان کردووە، توندوتیژیی لێ کەوتووەتەوە و دەستڕێژ لە خۆپیشاندەران کراوە، بەڵام هێشتا دیار نییە زیانی گیانیی هەبووە یان نا.

ئەحمەد مەسعوود ئاماژەی بەوەش کردووە: "هێرشی دوێنێی تاڵیبان بە ڕوونی دەری دەخات کە هێزە بیانییەکان هاوتەریب و لەگەڵ تاڵیبان، ساڵانێکی زۆرە لەدژی خەڵکی ئەفغانستان وەستاونەتەوە و ئێستاش هەر هەن".

ئاماژەی ئەحمەد مەسعوود بە فڕۆکە بێفڕۆکەوان و درۆنەکانی پاکستانە کە شەوی یەکشەممە بنکە و ناوچەکانی ژێر کۆنۆترۆڵی بەرەی مقاومەتیان لە ویلایەتی پەنجشێر بۆردومان کرد.

بەپێی ڕاپۆرت و زانیارییەکان لەو بۆردومانانەدا فەهیم دەشتی گوتەبێژی بەرەی بەرگریی پەنجشێر گیانی لەدەست دا.

ڕاپۆرت و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی تاڵیبان سەنتەری ویلایەتی پەنجشێریان کۆنترۆڵ کردووە و ئاڵای خۆیان تێدا هەڵداوە.