گوتەبێژی تاڵیبان: ویلایەتی پەنجشێرمان کۆنترۆڵ کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

گوتەبێژی تاڵیبان: ویلایەتی پەنجشێرمان کۆنترۆڵ کردووە

بەرگریی پەنجشێر: ئەو هەواڵانە دەنگۆی تاڵیبانن و پەنجشێر نەگیراوە

گرووپی تاڵیبان ئاشکرای کردووە ئێستا بەتەواوەتی ویلایەتی پەنجشێریان کۆنترۆڵ کردووە و ناوەندی پارێزگاکەیان بەدەستەوە گرتووە.

لەمبارەوە زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی گرووپی تاڵیبان ئاشکرای کردووە: "بەم سەرکەوتنە ئێمە ئێستا بەتەواوی وڵاتمان کۆنترۆڵ کردووە و ئەفغانستانمان لە زەلکاوی شەڕ ڕزگار کردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەی بەرگریی نیشتمانیی ئەفغانستان کە لە پەنجشێرن، ئەو هەواڵەیان ڕەت کردووەتەوە و عەلی مەیسەم نەزەری گوتەبێژی بەرگریی پەنجشێر بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: "ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و تاڵیبان دەستی بەسەر ویلایەتی پەنجشێردا نەگرتووە و ئێمە ئەو دەنگۆیە بەتەواوی ڕەت دەکەینەوە".

نەزەری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە: "هێزەکانی بەرەی بەرگریی نیشتمانی لە هەموو پێگە ستراتیژییەکانی دۆڵی پەنجشێر جێگیرن و سەرقاڵی بەرگرین و هەموو خەڵکی ئەفغانستان دڵنیا دەکەینەوە کە خەبات و شەڕ لەدژی تاڵیبان و هاوپەیمانەکانی درێژە پێ دەدەین و تا ئەوکاتەی یەکسانی و ئازادیی یەکجارەکیی مسۆگەر نەبێت، درێژە بە خەبات دەدەین".

ئەحمەد مەسعوود: لەسەر داوای زانایانی وڵات شەڕ ڕادەگرین

چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆیەک بڵاو کراوەتەوە کە چەکدارانی تاڵیبان لەبەردەم بینای پاریزگای پەنجشێر دەردەکەون، بەڵام هێشتا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

گرووپی تاڵیبان سێ هەفتە لەمەوبەر هەموو ئەفغانستانی جگە لە ویلایەتی پەنجشێر کۆنترۆڵ کرد و لە ڕێکەوتی ١٥ی٨ی٢٠٢١ بە ڕووخانی حکوومەتی ئەفغانستان، کابولی بە دەستەوە گرت.

ئەحمەد مەسعوود، ڕێبەری بەرەی نیشتمانیی ئەفغانستان دوێنێ ئاشکرای کردووە، ئەگەر بێت و تاڵیبان هێرشەکانی ڕابگرێت، ئێمە ئامادەی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبانین.

دوێنێ ئەنجومەنی باڵای زانا و کەسایەتییە ئایینییەکانی ئەفغانستان ئاشکرایان کردووە کە شەڕی پەنجشێر ناڕەوا و هیچ بنەمایەکی "شەرعی"نییە و داوایان کردووە ڕابگیرێت و ئەحمەد مەسعوود ئاشکرای کردووە کە داوای کە داواکەیان قبووڵ دەکات.