با پەكەكە لە خەلیفان بێت بەڵام ئەنەكەسە لە حەسەكە نەبێت!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 05/09/2021

با پەكەكە لە خەلیفان بێت بەڵام ئەنەكەسە لە حەسەكە نەبێت!

ناڵێم نیە، بەڵام نموونەی حزبی دووڕوو و چەواشەكاری وەك پەكەكە لە كوردستان زۆر كەمن، لە دووڕوویی و درۆكردن و چەواشەكاریدا، پەكەكە لە ڕیزی پێشەوەی هەموانە و سەرقافڵەیە. 

لە 24 سەعاتی ڕابردوودا، لە لایەك ھەپەگەی سەر بە پەكەكە ڕاگەیەندراوێكیان بڵاو كردووەتەوە كە پەیوەندیی بە دیارنەمانی حەوت چەكداری خۆیانەوە ھەیە لە خەلیفان و بە قسەی خۆیان گوایە ئەو حەوت چەكدارەی پەكەكە، كەوتوونەتە كەمینێكی پێشمەرگە و كوژراون! لە لایەكی تریش و ھەر لە ماوەی ئەم 24 سەعاتەدا، گرووپێكی چەكداری سەر بە پەكەكە، بە ناوی (جەوانێن شۆڕشگێڕ!) بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 5-9-2021، بە نارنجۆك هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا (ئەنەکەسە) لە گەڕەکی شەهیدانی شارۆچکەی دەرباسییە لە سنووری سەرێ کانیی سەر بە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان، دە ئینجا وەرن سەیر كەن:

1- پەكەكە  لە هەرێمی كوردستان، ڕێگە بە خۆی دەدات لە خەلیفان بێت، لە گارە و مەتینا بێت، لە ئاسۆس و مامەندە و شارباژێڕ و پێنجوێن بێت، بەڵام ڕێگە بە حزب و لایەنەكانی ناو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا نادات كە لە قامشلو و كۆبانێ و حەسەكە بن.

2- كە ئەم پرسیارە ئاراستەی پەكەكە دەكرێت: باشە ئێوە ئیشتان بە خەلیفان و پێنجوێن و ئامێدی و گارە و مەتینا چیە و چی دەكەن لەم شوێنانەی هەرێمی كوردستان؟ دەڵێن: كوردستان ھەر كوردستانە و ئاساییە پەكەكە لە ھەر شوێنێكی كوردستان بێت. بەڵام كە پێیان بڵێیت: باشە ئەی بۆچی ئێوە ناھێڵن حزبە كوردیەكانی دیكەی كوردی سووریا كە لەدەرەوەی پەكەكەن لە كۆبانێ و حەسەكە و قامشلوی ڕۆژئاوای كوردستان بن و ئازادانە كار بكەن؟ بۆچی جارێك دەچن ئەندامانیان دەڕفێنن و لەژێر ئەشكەنجەی وەحشیانەدا دەیانكوژن و جارێكیش بە نارنجۆك ھێرش دەكەنە سەر بارەگاكانیان ؟ دەڵێن: ئاخر ئەوانە بەكرێگیراون!

واتە ئەگەر پەكەكە لە خەلیفان و شارباژێڕ بن، قەیچێكا ھەمووی ھەر كوردستانە و پەكەكە لە خەلیفان و شارباژێڕ شۆڕشگێڕن و بەرخۆدان دەكەن! بەڵام ئەگەر حزبەكانی رۆژئاوای كوردستان بەدەر لە پەكەكە، لە حەسەكە و كۆبانێ بن، نا ئەوانە بەكرێگیراون و دەبێ ئەندامەكانیان بڕفێنرێن و بە نارنجۆك ھێرش بكرێتە سەر بارەگاكانیان!

3- ئەگەر بە پەكەكە بگوترێت: باشە بۆچی ڕازی نابن و ناھێڵن  پێشمەرگەكانی لەشكری ڕۆژ كە رۆڵە و پێشمەرگەی ڕۆژئاوای كوردستانن، بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای كوردستان؟ دەڵێن ئاخر ئەوە لەبەر ئەوەیە كە لە ڕۆژئاوای كوردستان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ھەیە و ئەم ئیدارەیە یەك سوپای ھەیە و لەشكری ڕۆژ كێشە بۆ ئەو ئیدارەیە دروست دەكەن، بەڵام ئەگەر پێیان بگوترێت: باشە ئەگەر وایە، ئەی بۆچی ئێوە چەكدارانی خۆتان لە باشووری كوردستان دوور ناخەنەوە؟ خۆ لێرەش ئیدارەیەكی دەستووری ھەیە و ناوی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە و لێرەش وەزارەتی پێشمەرگە ھەیە كە ھی ئەم حكوومەتەیە و ئێوە ھەر بە فیعلی بوونەتە ھۆی دروستبوونی كێشەی گەورە بۆ ھەرێمی كوردستان بە ئیدارەو خەڵكیەوە، بۆ ئەمەیان لە وەڵامدا دەڵێن: حكوومەتی ھەرێمی چی؟ ئێمە لێرە ھەرێم و ئەیالەتی پشدەر و شارباژێڕ و گارە و مەتینا و خەلیفانمان ھەیە!