زانکۆی سنە چووە ڕیزی ٨٠٠ زانکۆی یەکەمی جیهانەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

زانکۆی سنە چووە ڕیزی ٨٠٠ زانکۆی یەکەمی جیهانەوە

"لەناو ٥٨ زانکۆی گرنگی ئێراندا پلەی ١٠یەمی هەیە"

بەپێی نوێترین لیستەی بڵاوکراوە لەلایەن سیستەمی پلەبەندیی جیهانیی (تایمز)وە، زانکۆی کوردستان لە سنە بۆ دووەم ساڵ توانیویە لەناو ٨٠٠ زانکۆی بەرزی جیهاندا پلەی ٦٠١ی بەدەست هێناوە.

پلەبەندیی تایمز، یەکێک لە خاوەن پێگە و زانستیترین سیستەمی نێودەوڵەتییە لە بواری هەڵسەنگاندن و پلەبەندیی زانکۆکانی جیهاندا. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٤ بنکەی تایمز بە هاوکاریی (QS) لیستەی زانکۆ یەکەمەکانی جیهانیان بڵاو کردەوە و بە کۆتاییهاتنی هاوکاریی ئەو دوو بنکەیە، لە ساڵی ٢٠١١وە تایمز بە شێوەی سەربەخۆ دەستی بە هەڵسەنگاندنی ئاستی ناوەندە زانستییەکانی جیهان کرد. تایمز جیا لە دیاریکردنی پەلبەندیی زانکۆکان لە ئاستی جیهان و ناوچە، هەر ساڵە لیستەی زانکۆ بەهێز و یەکەمەکانی جیهان و کاریگەر لەڕاستای بەدیهاتنی ئامانج و گەشەی سەقامگیری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڵاو دەکاتەوە.

نوێترین لیستەی پلەبەندیی زانکۆکانی جیهان لەلایەن پلەبەندیی جیهانیی تایمزەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢، زانیاریی زیاتر لە دوو هەزار و ١٠٠ زانکۆی لە ٩٩ وڵاتی جیهان هەڵسەنگاندووە. پاش تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی قۆناغی یەکەم، لە ئەنجامدا هەزار و ٦٦٢ زانکۆ مەرجی ئەوەیان تێدا بووە کە لەو پلەبەندییەدا هەبن.

بەپێی ئەو لیستەیەی کە بڵاو کراوەتەوە زانکۆی ئۆکسۆرد، دامەزراوەی تەکنۆلۆژیای کالیفۆڕنیا و زانکۆی هاروارد لە ڕیزی سێ زانکۆی یەکەمی جیهاندان.

هاوکات ناوی ٥٨ زانکۆی ئێرانی لەو لیستەیەدا هەیە کە زانکۆی سنە لە ڕێزی ئەو ٥٨ زانکۆیەدا پلەی ١٠یەمی هەیە و هاوکات زانکۆ ئێرانییەکانی (جامع، پیشەیی و زانستی پزیشکی) بۆ دووەمین ساڵ لەناو ٨٠٠ زانکۆی جیهانداا پلەی ٦٠١یان لە ئاستی جیهاندا مسۆگەر کردووە.

زانکۆی سنە لە چوار ساڵی ڕابردوودا توانیویە لە ئاستی زانستی و پلەبەندیی جیهانیدا گەشە بکات، کە یەکێک لە مەرجەکانی سیستەمی پەلەبەندیی جیهانی توێژینەوەی زانستی بەپێی میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە و بوونی گۆڤاری زانستی بووە کە زانکۆی سنە و بەتایبەتی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی بەهۆی بوونی گۆڤارێکی زانستی – توێژینەوەیی بە دوو زمانی کوردی و فارسی لەم بوارەدا دەوری بەرچاوی هەبووە.