لە یەک ڕۆژدا لە ئێران هەشت گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوە چووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە یەک ڕۆژدا لە ئێران هەشت گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوە چووە

لە درێژەی گردبوونەوەی ناڕەزایی چین و توێژەکانی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە، ڕۆژی ڕابردوو هەشت گردبوونەوەی ناڕەزایی لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (هێرانا) دوێنێ شەممە ٤ی٩ی٢٠٢١ لە درێژەی کۆبوونەوە و گردبوونەوەی ناڕەزایەکان لە ئێران، لە هەشت شار و ناوچەی جیاجیا هەشت گردبوونەوەی ناڕەزایی بە هۆکاری جۆراوجۆر بەڕێوە چووە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ ئێران، ئەو گردبوونەوە ناڕەزاییانە کە دوێنێ شەممە بەڕێوە چوون بریتی بوون لە: "گردبوونەوەی کۆمەڵێک لە وەرگیراوانی پیشەی نەوتی پاڵاوگەی قشم لەبەردەم بینای کۆمپانیای تابان وزە، گردبووەنوەی مامۆستایانی گەورەساڵان لەبەردەم پەرلەمانی ئێران، گردبوونەوەی کرێکارانی شارەوانیی یاسووج لەبەردەم بینای پارێزگای کهگیلویە و بویرئەحمەد، گردبووەنوەی کرێکارانی دەرکراوی شارەوانیی ئەهواز لەبەردەم بینای ئەنجومەنی شاری ئەهواز، کۆبوونەوەی ماڵدزراوانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی کریپتولەند لە فولکەی وەنەک لە تاران، گردبوونەوەی فەرمانبەران لەبەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە لە تاران، کارمەندانی جەهادی نەسری کرماشان لەبەردەم پارێزگا و گردبوونەوەی کرێکارانی شارەوانیی خوڕەمشار لەبەردەم بینای قایمقامیەتی ئەو شارە".

پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە ئێران بێکارن

حوجەتوڵا عەبدولمەلکی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران ئاشکرای کردووە ئێستا پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە ئێران بێکارن و تووشی قەیران بوون و سەرهەڵدانی کۆرۆناش بووەتە هۆی زیاتربوونی ڕێژەی بێکاری.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران ڕێکەوتی ٣ی٩ی٢٠٢١ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە لە شاری قوم ئاشکرای کردووە کە سەرکۆماری نوێی ئێران بەڵێنیی داوە ساڵانە یەک ملیۆن دەرفەتی نوێی کاری بۆ خەڵک بڕەخسێنێت.

وادە و بەڵێنیی ڕەخساندنی یەک ملیۆن دەرفەتی کار لە کاتێکدایە کە بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران لە بەهاری ساڵی ٢٠١٩وە هەتا بەهاری ٢٠٢١ واتە لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەرفەتی کاری لە ئێران لەناو چووە و خەڵک کارەکانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت لە بەهاری ئەمساڵدا نزیکەی دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسی بێکار (ئەو کەسانەی هیچ سەرچاوەیەکی بژیویان نییە و بەدوای کاردا دەگەڕێن) لە ئێران هەیە. هاوکات لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا دوو ملیۆن و ٨٧٠ هەزار کەسی دیکەش کاریان ناچالاک بووە (نە کارێکیان هەیە و نە بەدوای کاریشدا دەگەڕێن).

ئەنجامی ڕاپرسییەک: ٥٩٪ی خەڵک هیچ هیوایەکیان بە داهاتوو نییە

ناوەندی ڕاپرسیی خوێندکارانی ئێران (ئیسپا) ئەنجامی ڕاپرسییەکی بڵاو کردووەتەوە و دەری خستووە نزیکەی ٥٩٪ی ئەو کەسانەی کە ڕاپرسییان لەگەڵ کراوە، هیچ هیوا و ئومێدکیان بە باشتربوونی دۆخی ئەو وڵاتە لە داهاتوودا نییە.

بەپێی ئەو ڕاپرسییە نزیکەی ٣٠٪ خەڵکیش لەو باوەڕەدان کە بارودۆخی ئێران لە ساڵی داهاتوودا لە ئێستا خراپتر دەبێت.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو ڕاپرسییە لە ماوەی ڕۆژی ئەم مانگەدا جێبەجێ کراوە و بە لە بەرچاوگرتنی تەمەنی ١٨ ساڵ بۆ سەرەوەی هەموو ئێران (دانیشتوانی گوند و شار) بۆ نموونە ئەو ڕاپرسییە لەگەڵ هەزار و ٥٧٠ کەس کراوە.

ناڕەزایی گشتی لە کەرتە جیاجیاکان بابەتێکی هەستیارە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ساڵانەی ڕابردوودا ناوە بە ناوە لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بەرەوڕووی بووەتەوە، بەڵام لەباتی چارەسەرکردنی گرفتەکان و هەوڵدان بۆ دابینکردنی ویست و داخوازیی خەڵک، ڕێکاری سەرکوت و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی گرتووەتە پێش.

ناڕەزاییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەیان سەندووە

بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران لەو باوەڕەدان لە یەک ساڵی ڕابردوودا، کەموکۆڕی لە دابینکردنی خزمەتگوزاری لە کابینەی حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری پێشووی ئێران، بەتایبەتی لە بواری کۆنترۆڵنەکردنی پەتای کۆرۆنا و دابینکردنی ڤاکسین، ئەم پرسە بووەتە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان و زیادبوونی قەیرانەکان و ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵک و بێهیوایی خەڵک بە داهاتوو زۆر زیادی کردووە.

٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر و بەهۆی نەبوونی ئاو و پچڕانی بەردەوامی کارەبا، لە پارێزگای خووزستانی خۆپیشاندانێکی فراوانی دانیشتوانی ئەو پارێزگا دەستی پێکرد و توندوتیژیی لێ کەوتەوە و کە بووە هۆی کوژرانی هەشت کەس و خەسار و زیانێکی زۆر بەر بینا حکومییەکان کەوت.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هێرانا، ڕێکەوتی شەممە 8/8/2021 لە درێژەی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵک لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرجەم حەوت کۆبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوە چووە کە دوو لەو ناڕەزاییانە لە شارەکانی نەغەدە و کرماشان بوون.

بەپێی هەمان سەرچاوە گردبوونەوەی ناڕەزایی کۆمەڵێک لە خەڵکی گوندی "داماش"ی سەر بە شاری ڕوودبار لەبەردەم ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەو شارە، کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی سپاهانی ئیسفەهان لەبەردەم دەرگای ئەو کۆماپانیایە، خوێندکارانی پزیشکیی کرماشان لەبەردەم زانکۆی پزیشکیی کرماشان، خاوەن نانەواخانەکانی زەنجان لەبەردەم بینای پارێزگای ئەو شارە و کرێکارانی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوتتەپە بۆ بیست و شەشەمین ڕۆژی بەردەوام لەبەردەم بینای قایمقامیەتی شاری شووش بەڕێوە چوو.

هاوکات لە شاری نەغدە و دەوروبەری لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا بەهۆی پشێوی و ناڕەزایی و کێشە و ئاڵۆزیی نێوان دوو نەتەوەی کورد و ئازەری سێ هاووڵاتیی کورد کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.