تاڵیبان دەستی بەسەر ناوچەیەکی پەنجشێردا گرت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

تاڵیبان دەستی بەسەر ناوچەیەکی پەنجشێردا گرت

بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، گرووپی تاڵیبان لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود توانیویە بچێتە ناو چەند بەشێکی ویلایەتی پەنجشێرەوە و دەستی بەسەر قەزای "ئانابە"دا گرتووە.

تۆڕی میدیایی (BBC) لەمبارەوە بە پشتبەستن بە زانیاریی بەرپرسانی نەخۆشخانەی ئیمرجنسیی ئیتاڵی لە کابول بڵاوی کردووەتەوە کە شەوی ڕابردوودا چەکدارانی تاڵیبان بەرەو دۆڵی پەنجشێر پێشڕەوەییان کردووە و گەیشتوونەتە گوندی "ئانابە" کە فەرمانگەیەکی تەندروستیی ئەو نەخۆشخانە ئیتاڵییەی تێدایە.

ئەو نەخۆشخانەیە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە کە جەنگ لە پەنجشێر نەبووەتە هۆی وەستانی کارەکانی ئەوان و کۆمەڵێک بریندار هێنراونەتەوە ئەو ناوەندە تەندروستییە و دانیشتووانی چەندین گوند شوێنی ژیانیان بەجێ هێشتووە و هێڵەکانی پەیوەندیی ئەو هەرێمە لەلایەن تاڵیبانەوە پچڕاون.

پەنجشێر دوایین هەرێم و ناوچەیە کە تا ئێستا لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە دەستی بەسەردا نەگیراوە و ئێستا شەڕێکی توند لە نێوان چەکدارانی تاڵیبان و "بەرەی بەرگریی ئەفغانستان" بە ڕێبەریی ئەحمەد مەسعوود بەردەوامە.

یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی تاڵیبان بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ڕاگەیاندووە کە ئەو ناوچەیە کەوتووەتە ژێر کۆنتۆرڵی تاڵیبان، بەڵام هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود ڕەتیان کردووەتەوە و دەڵێن هێشتا بەرگری لە پەنجشێر بەردەوامە.

ئەمروڵا ساڵح، جێگری سەرکۆماری پێشووی ئەفغانستان و یەکێک لە ڕێبەرانی ئێستای بەرگریی پەنجشێر، هەواڵی هەڵاتنی خۆی لە هەرێمی پەنجشێری ڕەت کردووەتەوە.

بەهۆی شەڕ و پێکدادان لە ویلایەتی پەنجشێر تا ئێستا سەدان کەس بوونەتە قوربانی و هاوکات شەوی ڕابردوو لە شاری کابول و چەند شاری دیکە بەهۆی تەقەی خۆشی و جەژن و شادیی چەکدارانی تاڵیبان چەند کەس کوژراون و بریندار بوون.