مەریوان قەرەنی، كاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق: دەبێ كەسانێك ببنە نوێنەری كوردستان كە خۆچەماندن نەزانن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مەریوان قەرەنی، كاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق: دەبێ كەسانێك ببنە نوێنەری كوردستان كە خۆچەماندن نەزانن

”خەڵكی هەولێر پێیانوایە بۆ ئەوەی شارەكە لە پیلانگێڕیی نەیاران بەدوور بێت، دەبێ پارتی سەركەوتوو بێت“

لەبارەی مافەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و ئەو پێشێلكارییە یاسایی و دەستوورییەی كە لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان كراوە، هەروەها سەبارەت بە كەسایەتیی ئەو نوێنەرەی كە پێویستە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا هەڵیبژێرن، مەریوان قەرەنی، مافپەروەر و كاندیدی ژمارە (٣٣)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی چواری هەولێر، وەڵامی پرسیارەكانی (باسنیوز) دەداتەوە:

(باسنیوز): وەك مافپەروەرێك، پێتانوایە خەڵكی هەرێمی كوردستان مافەكانی خۆیان لە عێراق بەدەست هێناوە؟

مەریوان قەرەنی: بەداخەوە لە ساڵانی رابردوودا نوخبەی سیاسیی فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارانی بەغدا لە دەستوور دەرچوون، پێشێلكاریی زەقیان کردووە و لە جێگەی بەرژەوەندیی نیشتمانی و بایەخدان بە بنەماكانی پێكەوەژیان، پێکهاتەکانی عێراقیان پەراوێز خستووە، بەو هۆیەوە پێشێلکارییەکی گەورەیان لە ماددەکانی دەستووری عێراق ئەنجام داوە.

بەپێی زانیاریی خۆم و دەرئەنجامی توێژینەوەی یاساناسان، تا ئێستا پێشێلكاریی زەق بەرامبەر بە زیاتر لە (٦٠) ماددەی دەستوور كراوە، هەر بۆ نموونە، بنەمای هاوبەشی كە بنەمایەکی سەرەکییە لە دەوڵەتی فیدرالیی عێراقدا، لەو ڕووەوە کە سیستەمی فیدراڵی بەبێ ڕەچاوکردن و جێبەجێکردنی ئەو بنەمایە نایەتە دی، هەروەها لە بڕیاری ٢٣٦٧ی ڕۆژی ١٤ی تەمووزی ٢٠١٧ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشدا كە تایبەت بوو بە عێراق، جەخت لە گرنگیی ئەو بنەمایە کراوەتەوە و داوای بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، بە ڕۆحیەتی (شەراکەتی ڕاستەقینە) لە چوارچێوەی دەستوور، كەچی نەك هەر ئەم بنەمایە لەبەر چاو نەگیراوە، بەڵكوو بە مەبەست هەوڵی لێدان لە بنەمای فیدڕاڵیەت دراوە.

(باسنیوز): بە ڕای ئێوە، پەرلەمانتارانی كوردستان بەپێی پێویست كاریان لەسەر ئەو پێشێلكارییانە كردووە؟

مەریوان قەرەنی: پەرلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا دابەش دەكرێن بەسەر دوو كۆمەڵەوە، كۆمەڵەی یەكەمیان ئەوانەن كە بە ڕاستی دڵسۆزی ویست و داخوازییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانن و بە هەموو توانایان هەوڵی بەدیهێنانی مافەكانی كوردستان دەدەن، ئەمانە زۆرینەن و لە سەرجەم فراكسیۆنەكانیشدا هەن بەتایبەتی فراكسیۆنی پارتی، بەڵام كۆمەڵەی دووەمیان ئەو پەرلەمانتارانەن كە راستە بە كوردی دەدوێن و بە حساب نوێنەری هەرێمی كوردستانن، بەڵام لە راستیدا وەك لە زمانی یاسادا بە لایەنی بەرامبەر دەگوترێ (خەسم)، ئەوانە وەك خەسمێك پشتیان داوەتە عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان. بەداخەوە ئەوانیش ژمارەیان زۆرە و جگە لە فراكسیۆنی پارتی، كەسانی سەر بە كۆمەڵەی دووەم لەنێو هەموو فراكسیۆنەكانی دیكەدا هەن.

ئەوەی وای كردووە پەرلەمانتارانی كوردستان نەتوانن مافەكانی خەڵكی كوردستان بە تەواوی بەدەست بهێنن، بە پلەی یەكەم بۆ ئەو كۆمەڵە پەرلەمانتارە دەگەڕێتەوە كە بەردەوام نەیارێتیی هەرێمی كوردستان دەكەن و لە هیچ بابەتێكدا نایەڵن یەكڕیزی دروست ببێت. بەردەوامیش هەوڵ دەدەن ئەو پاساوانە بەدەست حكوومەتەكانی عێراق بدەن كە وا دەكات بەغدا خۆی لە جێبەجێكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان بدزێتەوە.

(باسنیوز): بە ڕای ئێوە پێویستە خەڵكی هەرێمی كوردستان چ كەسانێك وەك نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن؟

مەریوان قەرەنی: لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە كەسانێك بنێرنە بەغدا بەرامبەر بە نەیارانی كوردستان خۆیان نەچەمێنن، باوەڕ بكەن ئەو كەسانە دیارن، هەر سەیری پاشخانی كۆمەڵایەتیی خانەوادەكانیان بكەیت دەزانیت كام پەرلەمانتار لە بەغدا خۆی دەچەمێنێ و كار بۆ نەیاران دەكات! پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا خەڵكی كوردستان بە تێگەیشتنێكی تازەوە بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، بیر لەوە بكەنەوە كە ئەوانەی تەنیا لەبەر قسەی گەورەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمانبژاردن چییان بۆ كردین جگە لە زیان؟ لەوەتەی ٢٠٠٣وە عەرەبێك داوای نەكردووە بە تۆپ و تەیارە لێمان بدرێت، بەڵام پەرلەمانتاری كوردە پێشنیاز دەكات سوپای عێراق بێتە كوردستان و دەست بەسەر كێڵگە نەوتییەكانماندا بگرێت؟ هەر پەرلەمانتاری كوردە هانی پەرلەمانتارە عەرەبەكان دەدات بۆ ئەوەی ڕێگە لە ناردنی بەشە بودجەی كوردستان بۆ بەغدا بگرن!

دەبێ ئەمجارە پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا خەریكی شەڕ و ململانێی ناوخۆیی نەبێت و لێ گەڕێت لە ناوخۆی كوردستان لایەنە سیاسییەكان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كار لەسەر كەموكوڕییەكانی ناوخۆ بكەن، بەڵكوو ئەوان ئەركیان ئەوەیە لە بەغداوە شەڕی بەدیهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن لە هەموو ڕوویێكەوە.

(باسنیوز): پێتوایە سەرەكیترین داواكاریی ئێستای خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا چی بێت؟

مەریوان قەرەنی: پێویستە دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بكرێ، نە كێشەی نەتەوەیی و هاوبەشیكردنمان لە دەسەڵاتەكان دەبێت، نە كێشەی سووتەمەنی، نە بودجە و مووچە، زۆر كێشەمان لە كۆڵ دەبێتەوە.

هەر كەسێك ببێتە نوێنەری هەرێمی كوردستان لە عێراق، پێویستە بۆ هەموو بابەتەكان پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور بكات كە لە قازانجی هەرێمی كوردستانە. ئێمە نەمانبیستووە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هیچ كاتێك دەستوور بە زیانی خۆی ببینێت.

دیارترین پێویستییەكانی ئێستای خەڵكی كوردستان، وێرای مافە نەتەوەییەكان، بابەتی بودجە و مووچەیە كە دەبێت مافەكانی هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە بپارێزرێت. هەروەها پرسی پێشمەرگە و سەیركردنیەتی وەك بەشێك لە هێزەكانی بەرگریی عێراق، جگە لە بابەتی یاسای نەوت و غاز و چەند پرسێكی دیكە.

(باسنیوز): تۆ وەك كاندیدێكی پارتی لە هەولێر، تا ئێستا پشتیوانیی خەڵك لە لیستی پارتی چۆن دەبینیت؟

مەریوان قەرەنی: خەڵكی هەولێر بەوە ناسراون كە پارتی بە بەشێك لە خۆیان دەزانن، هەموان وای دەبینن كە بەردەوامیی كاروانی ئاوەدانیی شارەكە و مانەوەی لەو ڕق و كینەیەی كە نەیاران بەرامبەر بە هەولێر هەیانە، لەوەدایە كە دەبێ پارتی یەكەمین بێت، هەر لەم ڕووەشەوە زۆر بە گەرمی پێشوازی لە كاندیدانی پارتی دەكەن.

ئەوەی من تێبینیم كردووە، ئەمجارە خەڵكی زۆرتر بۆی دەركەوتووە كە تەنیا پارتی خەمخۆرێكی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستانە و خۆی بەرامبەر بە پیلانگێڕیی نەیاران ناچەمێنێ، لەبەر ئەوەشە كە نایانەوێ هەرگیز ئەو تاكە خەمخۆرەی خۆیان لاواز بكەن، لەم چوارچێوەیەوە دەبینین ڕۆژانە بە لێشاو كادیری لایەنەكانی دیكە دێنە نێو ڕیزەكانی پارتی و خەڵكی ئاسایی لەسەر شەقام و ماڵەكانی خۆیاندا بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی پارتی دەردەبڕن.

بە دڵنیاییەوە هەر یەكێك لە ئێمەی كاندیدانی پارتی بچینە پەرلەمانی عێراق، ئەم پشتیوانییانەی خەڵكی كوردستان لەبیر ناكەین، حزبەكەمان فێری كردووین وەفادار بین بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان.

ئەوەی ئێمە لە خەڵكمان بیستووە، خەڵكی هەولێر داخوازییان لە پەرلەمانتارانی پارتی ئەوەیە كە لە بەغداوە كار بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان بكەن، كار بۆ ئەوە بكەن شارەكە لە چوارچێوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی عێراقدا پارەیەكی باشی بۆ خەرج بكرێت تاوەكوو زیاتر ئاوەدان ببێتەوە. هەروەها بودجەی هەرێمی كوردستان و مووچەی خەڵكی بە تەواوەتی لە بەغداوە بنێردرێت. بەپێی دەستوور بابەتی ئاو بابەتێكی ئیتیحادییە و خەڵكی هەولێر داخوازییان ئەوەیە هانی حكوومەتی عێراق بدرێت بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێك لە سنووری پارێزگاكە تاوەكوو بتواندرێت كێشەی كەمئاوی چارەسەر بكرێت، لەگەڵ زۆر داواكاریی دیكە. بە دڵنیاییەوە پەرلەمانتارانی پارتی كار لەسەر یەك بە یەكی ئەو داخوازییانە دەكەن.