بە وێنە.. مۆزەخانەیەكی كەلەپووریی تایبەت بە كۆكردنەوەی كڵاوی كوردیی خانمان لە چەمچەماڵ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بە وێنە.. مۆزەخانەیەكی كەلەپووریی تایبەت بە كۆكردنەوەی كڵاوی كوردیی خانمان لە چەمچەماڵ

بەشی یەکەم / مۆزەخانەی یووسف نەجمەدین لە چەمچەماڵ

لە شاری چەمچەماڵ مۆزەخانەیەکی کەلەپووریی تایبەت هەیە کە بووەتە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی زۆربەی جۆرەکانی کڵاوی کوردیی ئافرەتان، بەتایبەت ئەو کڵاوانەی ئێستا باویان نەماوە و فەرامۆش کراون و بەکار ناهێنرێن.

خاوەنی ئەم مۆزەخانە کەلەپوورییە یووسف نەجمەدین محەمەدە دانیشتووی شارۆچکەی چەمچەماڵە کە بە گوتەی خۆی هەر لە منداڵییەوە خولیای پەیداکردنی زانیاری بووە لەسەر کولتووری جلوبەرگ، هەروەها خولیای کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپووری و پاراستنی کولتووری هەبووە، هەر ئەمەش وای لێ کردووە هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپووری و مێژوویی بدات.

No description available.

یووسف نەجمەدین لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) بەم شێوەیە باسی ئەو هۆکارانە دەکات کە وایان کردووە حەزی بۆ فۆلکلۆری کوردی بچێت و هەوڵی پاراستنیان بدات و گوتی: "خولیا و ئارەزووی من بۆ فۆلکلۆر بۆ سەردەمی منداڵیم دەگەڕێتەوە، کە پشووی هاوین دەهات، هەر سێ مانگی هاوین دەچووم بۆ لادێ بۆ ماڵی خزمەکانم، ئەوکات ژیانی لادێ لەڕووی تەکنۆلۆجیاوە وەکوو ئێستا پێشکەوتوو نەبوو، تەنانەت کارەباش نەبوو، بۆیە لەگەڵ ئامۆزاکانم بە ڕۆژ خۆمان بە یارییە فۆلکلۆرییەکانەوە خەریک دەکرد و شەوانیش دادەنیشتین مەتەڵمان بۆ یەک باس دەکرد، یان مەتەڵی هەڵبێنەمان لە یەکتری دەپرسی.. ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ من کە حەز لە فۆلکلۆر بکەم،  بەڵام لەبارەی فۆلکلۆری تایبەت بە جلوبەرگی رەسەنی کوردی دەبی بڵێم دوای ئەوەی کە چوومە قۆناغی ناوەندی، زیاتر ئارەزوو و حەزم بۆ فۆلکلۆری کوردی دەچوو، بەتایبەت جلوبەرگ، هۆکارەکەشی دایکم و پوورەکانم بوون، ئەوان باسی باپیرەمیان دەکرد کە کەوا و سەڵتەی دەپۆشی و مشکی و چەفێی لەسەر دەنا، یان باسی خۆیانیان دەکرد کە کڵاو داویان لەسەر کردووە و ژێرچەنەیان بەستووە، کراس و کەوا و کۆڵەوانە و بەرەنپیل و پەشتەماڵ و دەسماڵیان بەکار هێناوە. من وردە وردە ئەم ناوانەم هەمووی لە مێشکی خۆم تۆمار دەکرد و لەگەڵ چۆنیەتیی بەکارهێنان و پۆشینی ئەم پارچانە، بۆیە بەم شێوازە حەز و خولیای فۆلکلۆری کوردی لە هەناوی کەسایەتی من بووژایەوە و توانیم پەرەی پێ بدەم".

ئاماژەی بەوەش کرد: "دوای قۆناغی ئامادەیی من زیاتر چوومە ناو بواری فۆلکلۆر، هەرچی شت و کەلوپەلی فۆلکلۆری ماڵی هەر دوو باپیرەم هەبوو کۆم کردنەوە، وەک دەستاڕ، دۆڵ، داس، شەن، بەڕە، جاجم، لباد و زۆر شتی دیکە.. خۆشم وردە وردە شتم پێی زیاد دەکرد و دۆست و برادەرانیش شتیان بۆ دەهێنانم، دواتر خۆشم کۆمەڵێک پێداویستی کە جاران لە ماڵەکاندا هەبوو و لە خۆڵ و قوڕ دروست دەکران دەستم بە دروستکردنەوەیان کرد، وەک هیزران، مەقەڵە، کەن و کوپەی مێشهەنگ هتد".

مۆزەخانەی کەلەپووریی یووسف نەجمەدین بەگشتی مۆزەخانەیەکە کە زۆربەی کەلوپەلە کەلەپوورییە کوردییەکانی تێدا کۆ کراوەتەوە، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە و وای لێ دەکات لەگەڵ مۆزەخانە تایبەتەکانی تر جیاواز بێت، هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە جۆرەکانی کڵاوی رەسەنی کوردییە، ئەوانەش زیاتر کڵاوی ئافرەتانن.

لەم مۆزەخانە کەلەپوورییەدا زیاتر لە حەوت جۆر کڵاوی خانمانی کورد هەن، هەر یەکە و ئی ناوچەیەکی تایبەتە، ئەم جیاوازیی ناوچەییە وا دەکات کڵاوەکان لەڕووی شێوە و جۆری دروستکردن و دیزاینیان لە یەک جیاواز بن.

تاسکڵاوی مەهابادی
No description available.

 ئەم کڵاوە لە مەهاباد و دەورووبەری و بەشێک لە شاری سنەش بەکار هاتووە، لە شاری سنە (کڵاوڕەقی) پێ دەگوترێت.

 ئەم کڵاوە لە چەشنی جامێکە و سەری کڵاوەکە تەختە و کڵاوێکی ڕەقە. لە سەرەتادا بۆ دروستکردنی سوودیان لە مقەبا وەرگرتووە، بەڵام ئێستا سوود لە لەزگە و چەند جۆرێک قوماشی ڕەق وەردەگرن.

ئەم کڵاوە لەلای ڕاست و چەپەوە گوڵێکی پێوەیە، هەندێ جار بەرچاوکە دەدرێتە پێشی کڵاوەکە کە پێچکەکانی لەسەر شێوازی (دڵ)ە.

 چواردەوری ئەم کڵاوە لەلایەن خەڵکانی ئاساییەوە بە پوولەکەی ئاسایی ڕازێندراوەتەوە و نەخشێندراوە، بەڵام لەلایەن کەسانی دەوڵەمەندەوە پوولەکەی زێڕیان بەکار هێناوە.

 ئەم کڵاوە هەردەم ژێرچەناگەی توندی لەگەڵ بەکار دێت، تاکوو کڵاوەکە بە سەرەوە بەند بێت و بە هیچ شێوەیەک هیچی لەگەڵ نابەسترێت، جگە لە دەسماڵێکی تەنک نەبێت، تەنیا لە ناوچەی سنە لەگەڵ کڵاوەکە مشکی و هەوری و چەفتەیان بەکار هێناوە.

کڵاو لار، یان کڵاوی سنەیی
No description available.

ئەم کڵاوە تایبەتە بە خانمانی ناوچەی ئەردەڵان لە شاری سنە. ئەمیش کڵاوێکە کە هیچی لەسەر نابەسترێت و پوولەکە و نقێم و گوڵ و زەنگیانەیان بۆ ڕازاندنەوەی کڵاوەکە بەکار هێناوە.

ئەم کڵاوە زۆر بە لاری دەکرێتە سەر، هەندێ جار ئەوەندە لار بووە کە تەنیا نیوەی سەری خاتوونەکەی داپۆشیوە.

شێوازی بەکارهێنانی ئەم کڵاوە بەو جۆرەیە هەندێ جار زۆر بە لاری دابنرێت تا گوێچکەیەکی خانمەکە دادەپۆشێت و ژێرچەناگەی زۆر توندی لەگەڵ بەکار دێت.

کۆچک و چارەگ

No description available.

کۆچک و چارەگ جۆرێکە لە کڵاوی خانمانی کورد، بە تایبەت لای خانمانی ناوچەی مەنگوڕ لە ڕانیە، قەڵادزێ، پشدەر و سەردەشت زۆر باو بووە. ئەم کڵاوە دوو گۆپکەی لە چەشنی گوارەی پێوەیە لە هەردوو لای ڕاست و چەپ، لە پشتیشەوە دەرزیلە، یان پاشەسەری پێوەیە و ژێر چەناگەیەکی دروستکراو لە ئاوریشم لەگەڵیدا بەکار دێت، کە درێژیی ئەو ژێرچەناگەیە دوو مەتر و نیوە، هەردوو سەری ژێرچەناگەکە گوڵینگی پێوەیە و لایەکی شۆڕ دەبێتەوە تا خوار ئەژنۆ، لایەکەی تریشی دەگاتە سەر ئەژنۆ.

ئەم کڵاوە لە دواوە توورەگەیەکی پێوەیە کە قژیان تێ خستووە، چونکە ژنانی ئەو ناوچەیە قژیان درێژ بووە.

جۆری دووەمی تاسکڵاو

No description available.

تاسکڵاو نموونەیەکی ترە لە کڵاوی خانمانی کورد و لە دەفرێک دەچێت کە نەخشی لەسەر نەخشێنراوە و لەسەر تاس کڵاوەکە دانراوە. تاسکڵاو گۆپکەیەکی هەیە کە گەورەیی و بچووکی گۆپکەکە لە تاسێک بۆ تاسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام هەندێک لە تاسەکانی باکووری کوردستان گۆپکەیان نییە. لەبارەی نەخشەکانەوە دەبێ بڵێین نەخشی تاسێک بۆ تاسێکی تر جیاوازە و تاسکڵاوی ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر لەڕووی قەبارە و نەخشەوە جیاوازە.

 هەندێ لە تاس کڵاوەکان پۆیلە و پێچکی هەیە و پێیدا شۆڕ دەبێتەوە، بەڵام بەشێکی تریان پێچکی نییە هەر تاسەکەیە و بەس.

 بەکارهێنانی تاسکڵاو

 تاسکڵاو لەسەر کڵاو دەدوورێتەوە، ئەو تاسانەی پاچکیان نییە، پۆشین یان مشکی لەگەڵ بەکار هاتووە لە باشووری کوردستان، بەڵام ئەو تاسانەی پاچکیان هەیە، لە سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک هیچی لەگەڵ بەکار نایەت.

هەموو ناوچە و پارێزگاکانی باشووری کوردستان تاس کڵاویان بەکار هێناوە و لە باکووری کوردستانیش لە زۆربەی پارێزگاکان بەکار هاتووە و ئێستاش بەکار دێت.

چوارەم جۆری کڵاوی خانمانی کورد، جۆری یەکەمی کڵاو فێست

No description available.

 ئەم کڵاوە لە لایەن خانمانی کورد لە ناوچەکانی هەورامان تاکوو سنە بەکار هاتووە، پێشەوەی کڵاوەکە بە بەرچاوکە، یان بەڕەسەر، یان پڕچکە کە لە زەنگیانە دروست دەکرێت لە لێواری کڵاوەکە دەدرێت. زۆر جار بەرچاوکەی زیویش لەگەڵی بەکار هاتووە. لەسەرووی بەرچاوکەکەوە کڵاوەکە بە لیرە دادەپۆشرێت تاکوو سەری کڵاوەکە و لای ڕاست و چەپی کڵاوەکە، هەندێ جار پۆیلەی چەند ڕیزێک بە شیلانە بۆ دەکرێت، هەروەها بەشی سەرەوەی کڵاوەکە پۆیلەی بۆ دەکرێت، بەڵام لە هەندێ ناوچەی هەورامان یەک لای کڵاوەکە پۆیلەی لێ دەدرێت و هەندێ کات لەجیاتیی پۆیلە، گوڵی لاسەر نقێمی لێ دەدرێت. ئەم کڵاوە دەکرێ لاگیرەی لەگەڵ بەکار بێت و ژێرچەناگەی زەنگیانە، یان مووروو، یان کرمەکی لەگەڵ بەکار دێت، لەسەری کڵاوەکە لیرەیەک هەیە پێی دەڵێن غازی، یان قڵف لەژێر و هەندێ کات یەکڕیز قڵف لەژێر لەلای ڕاستەوە دەچێت بۆ لای چەپی کڵاوەکە و دەیکاتە بە دوو بەشەوە.

 جۆری دووەمی کڵاو فێست

No description available.

ئەم کڵاوە نیو کڵاویشی پێ دەگوترێت، چونکە نیوەی کڵاوەکە بە لیرە داپۆشراوە و پێشی کڵاوەکە زۆربەی کات بە پەرچاوکەی زەنگیانە پڕچکە بەڕەسە داپۆشراوە، هەندێ کات بەرچاوکەی زیویش بەکار هاتووە لەگەڵیدا و لاگیرەشی لەگەڵ بەکار دێت، بەڵام گوڵ، یان نقێمەکان لە پشتی کڵاوەکە دەدرێت و یەکریز غازی، یان قڵف لەژێر لای ڕاستی کڵاوەکە دێتەوە بۆ لای چەپ و ژێرچەناگەی زەنگیانە، یان مووروو، یانیش کرمەکی لەگەڵ بەکار دێت و دەسماڵێکی تەنک بەسەریدا دەدرێت و هیچی تر نابەسترێتە سەر کڵاوەکەوە.

 جۆری سێیەمی کڵاو فێست

No description available.

ئەم مۆدێلە کڵاوە لە ناوچەکانی کەرکووک، سلێمانی، کرماشان و سنە باو بووە و بەکار هاتووە. بەشی پێشەوەی کڵاوەکە بەرچاوکەی زیوی پێوەیە کە لیرەکانی یەک قڕانین، هەروا جووتێک لاگیرەی پێوەیە کە دانەیەکیان دەکەوێتە لای ڕاستەوە، دانەکەی تریش دەکەوێتە لای چەپەوە، هەندێ کات پۆیلەی لە شیلانە دروستکراو دەدرێتە لای ڕاست و چەپی کڵاوەکە، هەندێ کات پۆیلەش لەسەر کڵاوەکە دەدرێت. سەری کڵاوەکە بە لیرە دادەپۆشرێت و لە هەندێ مۆدێلیش تەنیا قوڵف لەژێر، یان غازی بەتەنیا لێ دەدرێت. دەکرێ بۆ جوانی لەجیاتی لیرە لەسەر کڵاوەکه کوژەکەی شین و شیلانەی لێ بدرێت، ژێرچەناگەی زەنگیانە و کرمەکی لەگەڵ بەکاردێت، ئەم کڵاوە لە دوای ساڵانی هەشتاکانەوە لەلایەن کچانەوە لەسەر کراوە و هیچ شتێکیان نەبەستووەتە سەریانەوە، بەڵام پێشتر مشکی پۆشین، هەوری، چەفتە، چەفێ دەسماڵیان لەگەڵ بەکار هێناوە.

بە گوتەی خاوەن مۆزەخانەکە، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان زیاتر لە ٣٠ جۆر کڵاوی ئافرەتانمان هەیە کە هەندێکیان هی ناوچەیەکی دیاریکراو و تایبەتن و هەندێکیان گشتین و لە زۆربەی ناوچەکان بەکار هاتوون.

یووسف نەجمەدینی خاوەن مۆزەخانە کەلەپوورییەکە پێی وایە ئەگەر هاوکاری و شوێنی تایبەتی بۆ دابین بکرێت، لە داهاتوودا دەتوانێت مۆزەخانەیەکی تایبەت بە جلوبەرگی کوردی بەتایبەت جۆرەکانی کڵاوە رەسەنەکانی کوردی بکاتەوە.