كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕۆیتەرز: مەلا برادەر سەرکردایەتیی حکوومەتی تاڵیبان دەکات

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان لە ئەفغانستان ئاشکرای کردووە کە مەلا عەبدولغەنی برادەر سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان، سەرکردایەتیی حکوومەتی نوێی تاڵیبان دەکات.

ڕۆیتەرز لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە سێ سەرچاوە ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردوەتەوە و ئەوەش خراوەتە روو کە لە حکوومەتەکەی تاڵیباندا کە بڕیارە دوای نوێژی هەینیی ئەمڕۆ ڕابگەیەندرێت، مەلا محەمەد یەعقووب، کوڕی مەلا حومەر دامەزرێنەری گرووپی تاڵیبان و شیرمحەمەد عەباس ستانکری، لە پۆستی باڵای حکوومەتی تاڵیباندا دەبن و ئەمڕۆ مەلا برادەر وەک سەرۆکی حکوومەت دەستبەکار دەبێت.

هەرچەند هەتا ئێستا گوتەبێژانی تاڵیبان لەمبارەوە بە فەرمی هیچیان بڵاو نەکردووەتەوە.

شیرمحەمەد عەباس ستانکری، جێگری مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان لە قەتەر ڕای گەیاندووە کاری پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بەردەوامە و حکوومەت و سیستەمی نوێی ئەفغانستان ڕادەگەیەندرێت.

ماوەی نزیکەی ٢٠ ڕۆژ لە ڕووخانی حکوومەتی ئەفگانستان بەدەستی تاڵیبان تێدەپەڕێت، هەرچەند هێشتا ویلایەتی پەنجشێر کە لەژێر کۆنترۆڵی هیزەکانی ئەحمەد مەسعوود دایە کۆنترۆڵ نەکراوە و تێیدا شەڕ بەردەوامە، بەڵام تاڵیبان بەبێ بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە ویلایەتی ئیسلامی لەو وڵاتە ڕادەگەیەنێت.

شەڕی ناوخۆیی لە ئەفغانستان دەست پێدەکات؟

هەرچەند تاڵیبان خەریکە حکوومەتی نوێ بەبێ بەشداریی لایەنەکانی دیکەی ئەفگانستان پێک دەهێنێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی ویلایەتی پەنجشێر، خەریکە شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە دیسان هەڵدەگیرسێت.

دانیشتوان و چه‌كدارانی دۆڵی په‌نجشیر كه‌ بوونه‌ته‌ گرێكوێره‌ی دڵی تاڵیبان به‌ هه‌مان شێوه‌ و ریتمی ساڵانی 1996-2001 دژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و ناچنه‌ ژێر ركێفی تاڵبیان.

 هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی په‌یامێكی ده‌نگی ئه‌میرخان موته‌قی، به‌رپرسی باڵای تاڵیبان كه‌ ئاراسته‌ی خه‌ڵكی په‌نجشیر-ی كرد له‌ تویتێکدا ده‌ڵێت: "هاوه‌ڵ و هاوڕێكانمان! ... به ‌هه‌موو جۆره‌ هه‌وڵێكمانه‌وه‌ ویستمان چاره‌سه‌ری گرفتی په‌نجشیر به‌ گفتوگۆ و وتووێژ بكه‌ین و رێكه‌وین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و گفتووگۆیانه‌، ئه‌نجامی نه‌بوو".

لەمبارەوە زیاتریشی نووسیوە‌: "ئێستا دوای شكستی گفتوگۆكان دۆڵی په‌نجشیر له‌لایه‌ن خه‌باتكارانی تاڵیبان-ه‌وه‌ گه‌مارۆ دراوه‌، به‌ڵام خه‌ڵكانێك له ‌ناوچه‌كه‌ نایانه‌وێت چاره‌سه‌ری گرفته‌كان به‌ ئاشتیانه‌ بێت".

ئاماژەی بەوەش کردوو: "ئێستا ئێمه‌ ئه‌وان بۆ ئێوه‌ بەجێ ده‌هێڵین كه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن". له‌كۆتایدا سه‌ركرده‌كه‌ی تاڵیبان په‌یامێكی ئاوای نارد: "ئه‌وان حه‌ز به‌شه‌ڕ ده‌كه‌ن پێیان بڵێن به‌سه‌".

خەڵکی پەنجشێر: دەمرین و تەسلیم نابین

به‌ڵام بیسمیلا محه‌مه‌دی، وه‌زیری به‌رگریی پێشووی حكوومه‌تی ئه‌فغانستان به‌ر له كه‌وتنی كابول كه‌ ئێستا له‌ دۆڵی په‌نجشیره‌، به‌ رۆیته‌رز-ی گوتووه‌: "شه‌وی 1ی ئه‌یلوول بۆ جارێكی دیكه‌ تیرۆریستانی تاڵیبان هێرشیان كرده‌وه‌ سه‌ر دۆڵی په‌نجشیر، به‌ڵام تێكشكان".

به‌ پێچه‌وانه‌ی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌میرخان موته‌قی، خه‌ڵكی په‌نجشێر خۆیان ئاماده‌ییان تێدایه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تاڵیبان بكه‌ن.

خه‌ڵكی په‌نجشیر له‌ده‌روازه‌ی كه‌رتی ویلایه‌ته‌كه‌یان به‌ گه‌وره‌یی نوسیویانە: "یان مردن، یان ته‌سلیم نه‌بوون". یه‌كێك له‌ دانیشتوانی په‌نجشیر به‌ ئاژانسی ئەه‌سۆشیتید پرێس-ی وتووه‌: "ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ به‌رگریكردن، تا دڵۆپێك خوێن له‌ جه‌سته‌ماندا بێت".