سه‌فین دزه‌یی: پەكەكە هۆكاری نائارامیی شنگالە و دەبێت ڕێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا جێبەجێ بكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سه‌فین دزه‌یی: پەكەكە هۆكاری نائارامیی شنگالە و دەبێت ڕێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا جێبەجێ بكرێت

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیبه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ دیدارێکی (باسنیوز)دا، باس له‌ قسه‌کانی کونسوڵی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ولێر ده‌کات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، که‌ به‌هۆی په‌که‌که‌ و گرووپه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌، گرفت بۆ رێککه‌وتنی شنگال دروست بووه‌.

(باسنیوز): رۆژی دووشەممە ٣٠ی ٨ی ٢٠٢١، كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا جەختی لە مانەوەیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە، رای ئێوە چیە لەسەر قسەكانیان؟

سه‌فین دزه‌یی: ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ‌شوێنی خۆی بوو، ئه‌مه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی بڵاو كرایه‌وه‌ و وه‌ك هه‌ڵوێستی فه‌رمیی ئه‌مه‌ریكا وه‌ری ده‌گرین، له‌لایه‌كی دیكەوە، ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و پشتیوانییه‌ له‌ ڕێگای نوێنه‌رایه‌تیی كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا پێشووتر جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌، له‌داهاتوودا كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌مان ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا دەبێت و ئه‌و بابه‌تانه‌ قسه‌ی باشی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.

(باسنیوز): ئایا کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کوردستان ده‌بێت؟ هیچ نییه‌تێک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا به‌ته‌واوه‌تی بکشێته‌وه‌؟.

سه‌فین دزه‌یی: خۆی بابه‌تی كشانه‌وه‌ و نه‌كشانه‌وه‌ نییه‌ له‌ كوردستان، بابه‌ته‌كه‌ له ‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆی ستراتیژیی ‌نێوان واشنتۆن و به‌غدایه‌، كه‌ ده‌بێ ئه‌و هێزانه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی داڕێژراودا وه‌ك هێزی ڕاهێنه‌ر نه‌ك شه‌ڕكه‌ر لێرە بن و خۆیشیان ڕایانگه‌یاند، كه‌ هێزی شەڕكه‌ر له‌ عێراق نامێنن و هێزی ڕاهێنانیان ده‌بێت.

(باسنیوز):  ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانه‌ له‌ ڕه‌وشی شنگال و هه‌بوونی په‌كه‌كه‌ به‌و شێوه‌یەی ئێستا، قسه‌كانی كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا هۆشداریی تازه‌ بوو بۆ په‌كه‌كه‌؟ ئایا ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌؟.

سه‌فین دزه‌یی: سه‌باره‌ت به‌ شنگال، ڕێككه‌وتنی فه‌رمی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌ و حكوومه‌تی فیدراڵی پشتیوانیی كردووه‌ و هه‌نگاوی باش نراوه‌ بۆ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان پشتیوانیی لێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له ‌ئه‌رزی واقعدا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، هۆكاره‌كه‌شی دیاره‌، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان، ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌، جیا له‌وه‌ش، هه‌بوونی په‌كه‌كه‌ هۆكاره‌ بۆ سه‌رئێشه ‌و نائارامیی شاره‌كه‌ و ده‌بێت ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی بۆ شاره‌كە بگه‌ڕێته‌وه‌ .

(باسنیوز): له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین کونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا لە هەولێر و هه‌نگاوه‌كانی كاركردن له‌و كونسوڵخانه‌یه‌ به‌کوێ گه‌یشتووە و چ ئاماده‌کارییەکی بۆ کراوە؟.

سه‌فین دزه‌یی: به‌رنامه‌ی دروستكردنی كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر دوو ساڵه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و كاره‌كانی به‌رده‌وامه‌ و چاوەڕوان ده‌كرێت ساڵی داهاتوو كاره‌كانی كۆتایی بێت و ده‌بێته‌ نێرده‌ی فه‌رمیی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌مه‌ شتێكی باشه‌ وه‌ك ناوه‌ندی دیپلۆماسیی ئه‌مه‌ریكا له‌ كوردستان.

(باسنیوز): كێ ئه‌و كونسوڵخانەیە‌ ده‌كاته‌وه‌؟ چ گه‌وره‌ به‌رپرسێکی ئه‌مه‌ریکا بڕیاره‌ بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و کونسوڵخانه‌یه‌ بێته‌ کوردستان؟.

سه‌فین دزه‌یی: دیار نییه‌، به‌ڵام به‌پێی نه‌ریتی دیپلۆماسی، سه‌رۆكی ئه‌و دامه‌زراوەیە، كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یه‌ به‌فه‌رمیی ده‌یكاته‌وه،‌ له‌ هه‌ندێك وڵات جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یه،‌ ئیتر ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌، کە دێن و ئه‌و كونسوڵخانەیە ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا به‌فه‌رمی پێمان نه‌گوتراوه‌ كێ ده‌یكاته‌وه‌.

(باسنیوز): هاتنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ ئه‌و په‌یامه‌ چی بوو کە بۆ كوردستانی پێی بوو؟ بڕیاری گرنگ له‌و بارەیەوه‌ چی بوو؟

سه‌فین دزه‌یی: فه‌ره‌نسا وه‌ك وڵاتێكی زلهێز بانگهێشت كرا بۆ ئه‌و كۆنفرانسه‌ی له‌ به‌غدا به‌سترا، دواتر هاتنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كوردستان خۆی له‌ خۆیدا مانابه‌خشه‌ و پشتیوانیی ڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ عێراق و كوردستان. له‌ پرێسكۆنفرانسه‌كه‌ی ماكرۆن له‌ كوردستان، به‌ ڕوونی سیاسه‌تی فه‌ره‌نسای خسته‌ ڕوو، کە پشتیوانی و پشتگیریی وڵاته‌کەی بۆ كوردستان ده‌ربڕی، دواتر له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكوومه‌تیش كۆ بووه‌وه‌، سه‌رۆك بارزانیی وه‌ك سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بینی، خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی وه‌ك خاوه‌نی سه‌روه‌ریی وڵات بینی، بینینی ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ئافره‌ت وه‌ك هێمای قاره‌مانیی ئافره‌ت بوو، هاتنی ئەمجارەی ماكرۆن بۆ كوردستان ده‌بێته‌ زیاتر له‌ دوو جار سه‌ردانی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانەکەی پاڵپشتییه‌ بۆ سیاسه‌تی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا و دروستكردنی دۆستایه‌تی و جه‌خكردنه‌وه‌ی دۆستایه‌تی بوو.