سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان، بۆ دروستکردنەوەی وڵاتانە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە: بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان پەیوەندیی بە کۆتاییهێنان بە سەردەمی ئۆپەراسیۆنە گەورەکانی ئەمریکا لە دەرەوە، هەیە.
جۆ بایدن هەروەها رایگەیاندووە: ئەمریکا دەیەوێ بەم هەنگاوە ”رێگا بۆ دروستکردنەوەی وڵاتانی دیکە خۆش بکات".
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند بوو: شەوی (30 لەسەر 31-8-2021)، دوایین سەربازی ئەمریکا ئەفغانستانی بەجێ هێشت.
دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد.
هەرچەندە بەپێی رێککەوتنی تاڵیبان و ئەمریکا، دەبوایە ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان بکێشێتەوە، بەڵام پەلەی کرد و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، بەر لە رۆژی 15-8-2021 کشێندراونەوە.
تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامیی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخا.