مووسا و هاڕوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هەر سێ نیشانەكەی مووسا جێگای سەرسوڕمانن، گۆچان جووڵەی تێكەوێت ببێتە مار، لەپڕ بە دەستلێدانێكی مووسا ببێتەوە بە گۆچان، دەستێكی گول چاك بێتەوە و ئاوی دەریا ببێتە خوێن. ئەوە هەموویان دەسكاریكردنی كرۆك و پێكهاتەی شتەكانن، كاری نەكردەن، ئەوەی پێچەوانەیە، كە مووسا سكاڵا لەدەست قورسیی قسەكردنی دەكات، موعجیزەیەك ڕوو نادات و چارەسەرێكی زۆر بێدەسەڵاتانەی بۆ دەدۆزێتەوە، چارەسەرێك كە دەربڕینە هونەرییەكەی كردوویەتی بە داهێنان.

مووسا بە ڕادەیەك لە قورسیی زمانی ناڕەحەتە كە داوا لە یەزدان دەكات، كەسێكی دیكە لەجیاتی ئەو بنێرێ، لەگەڵ ئەوەشدا خودا پەنا بۆ موعجیزە نابات و داوای لێ دەكات، كە هاڕوون لیڤی برای لەگەڵ خۆی بەرێت و ئەو لەجیاتی مووسا قسە بكات.
- یەكێك لە هونەرە هەرە پێویست و بنەڕەتییەكانی پێغەمبەرایەتی، شێوازی بانگكردن و قسەكردنیانە بۆ خەڵك، كە مووسا لێی بێبەشە.
دەكرێ وەك خوێنەرێك، یان میسرییەكی ئەو كاتە بپرسم، ئەرێ گۆڕینی (گۆچان بە مار) ئاسانترە یان چاكکردنەوەی زمانگیرانی كەسێك؟

هەنگاوەكانی مووسا:
- مووسا بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ میسر و ژن و منداڵەكانیشی لەگەڵ خۆی دەبات.
- مووسا وتەكانی یەزدان بۆ هاڕوونی برا دەگێڕێتەوە و ئەویش لەگەڵی دەچێ.
- مووسا و هاڕوون تەواوی پەرجووەكان نیشانی پیرانی گەلەكەی خودا دەدەن و ئەوانیش باوەڕیان پێدەكەن، كە یەزدان خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقووبی بۆ دەركەوتووە و بەڵێنی ڕزگاریی پێ داوە.

گەمەی یەزدان
{یەزدان بە مووسای فەرموو: كاتێك دەگەڕێیەوە میسر، سەرنج بدە هەموو پەرجووەكان، كە لە دەستی تۆم داناوە، لەبەردەم فیرعەون ئەنجامیان بدە، بەڵام من دڵی ڕەق دەكەم بۆ ئەوەی نەهێڵێت گەلەكە بڕۆن. تەورات، دەرچوون،٤}.
ئەو هەڵوێستەی یەزدان نامۆیە، پەرجوو دەداتە مووسا، بەڵام دڵی فیرعەون ڕەق دەكات، تا ڕێگا نەدات گەلەكەی، كە چەوساوەن، كە بێزارن، كە زوڵمیان لێ دەكرێ، بڕۆن، واتە پەرجووەكان لەپێناو چیدان؟

تا ئێستا دوو حیكمەت لە پەرجووەكاندان:
١. هێزێكە بۆ مووسا، كە ناتوانێ قسە بكات و زمانی دەگیرێ.
٢. مووسا بەهۆی ئەو پەرجووانەوە گەلەكەی كۆ دەكاتەوە و یەكیان دەخات.
ئەو لەبەر دوو هۆ میسری بەجێ هێشتووە:
یەكەم: میسرییەكی كوشتووە، لە كاتی گەڕانەوەیدا داواكاران و پەیوەندیداران نەماون.
دووەم: كاتێك ویستی داداوەریی لەنێوان گەلەكەی خۆیدا بكات، پێیان گوت: ”كێ تۆی كردووە بە گەورەی ئێمە؟“.

كە دەگەڕێتەوە هیچ كەس دوای ناكەوێت و داوای خوێنی میسرییەكە ناكات، خودا ئەوەندەش هێزی داوەتێ گەلەكەی ڕازی بكات.
كاری یەزدان لەو بەشەدا زۆر لاوازە، تاكە ئومێدی هێنانەدەری گەلی ئیسرائیلە، كە بە گەلەكەم ناوی دەبات، لە میسر، بە ڕێكایەكی ئاڵۆز و ناڕوون.
- مووسا و هاڕوونی برای توانییان باوەڕ بە گەلی ئیسرائیل بهێنن، بەڵام نەیانتوانی فیرعەون ڕازی بكەن ڕێگا بە گەلەكەیان بدات لە میسر بڕۆنەوە دەرەوە.
- ئەوەش ویستی یەزدان بوو، چونكە بەڵێنی دابوو دڵی فیرعەون ڕەق بكات.
- فیرعەون سزای زیاتری گەلی ئیسرائیلی دا.

- گەلی ئیسرائیل لە مووسا تووڕە بوون و گوتیان خوداكەت تووشی ئازاری زیاتری كردین.
{مووسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە كرد؟ بۆچی منت نارد؟ لەو كاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەڵ ئەو گەلە كرد، تۆش فریای گەلەكەت نەكەوتیت. تەورات، دەرچوون، ٥}.

تێگەیشتن بۆ یەزدان
- ئەوەی ئێمە دەیخوێنینەوە، چیرۆكە هەرە سەرەتییەكانی دەركەوتنی خودایە، خودا وەك نوور و تاقانە. (مووسا دەگەڕێتەوە لای خودا)، كەواتە خودا شوێنێكی دیاریكراوی هەیە، كە مووسا دەتوانێ هەمیشە بگەڕێتەوە بۆ لای، وەك تەورات پێمان دەڵێ، ئەو شوێنەش خاكی پیرۆزە، ئەو شوێنەی دەوەنەكەی دەسووتا.

- پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەو گەلە كرد؟
ئایا پەیامبەر بۆی هەیە داوای ڕوونكردنەوە لە یەزدان بكات، خراپ و چاكیی خودا لە یەكتر جیا كاتەوە؟ یان پرسیارێك بكات، كە وەڵامەكەی لە خۆیدایەتی؟
ئەوانە بەشێكن لە بونیاتی چیرۆكەكە، كە چیرۆكی خودایە، كە چیرۆكی هاتنەخوارەوەی یەزدانە. بونیاتی چیرۆك پێویستی بە گومانی مووساش هەیە، پێویستی بەوەش هەیە فیرعەون دڵڕەق بێت.
{یەزدان بە مووسای فەرموو: ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەكەم، بە دەستێكی بەهێز ناچاری دەكەم بەرەڵایان بكات}.

هەروەها فەرمووی:
{- من یەزدانم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقووب وەك خودای هەرە بەتوانا دەركەوتم، بەڵام بە ناوی خۆم، كە یەزدانە، لە لای ئەوان خۆم نەناساند. هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، كە خاكی كەنعانیان بدەمێ. تەورات}.
یەزدان تا ئەو كاتە تەنیا یەك بەڵێنی بە پێغەمبەرانی پێشتر داوە، ئەویش بەخشینی خاكی كەنعانە پێیان، بەڵام ئیبراهیمی گەورەی پیغەمبەران، كە ژنەكەی دەمرێت، لەدوای سەد و بیست و حەوت ساڵ، هێشتا نەك خاكی كەنعانی نەدراوەتێ، شوێنێكی دەست ناكەوێت ژنەكەشی لێ بنێژێ.

دوای بەڵێنی خودا بە بەخشینی خاكی كەنعان:
- پێغەمبەر ئیبراهیم ١٧٥ ساڵ ژیاوە.
- ئیسحاقی كوڕی، كە ئەویش هەر نێرداراوی خوا بوو، ١٨٠ ساڵ ژیاوە.
- یاقووبی كوڕی ئیسحاق ١٤٧ ساڵ ژیاوە.
- دنیایەك ساڵیش لەو نێوانەدا هەن.

ئێستاش كە مووسا و هاڕوون دەنێردرێنە لای فیرعەون:
- مووسا تەمەنی هەشتا ساڵە و هاڕوون برا گەوەری تەمەنی هەشتا و سێ ساڵە.
دوای ئەو هەموو ساڵە، یەزدان بۆ خۆی دێتە خوارێ، جگە لەوەی كە خاكی كەنعان نەبووەتە موڵكیان، گەلی ئیسرائیل ئێستا دیل و ئاوارەن و لەژێر ئەشكەنجەدان.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، یەزدان بڕیاری داوە ئەو گەلە ڕزگار بكات، بۆ ئەوەی بێنە خاكی پیرۆز و قوربانیی بۆ بكەن و بیپەرستن، لە كتێبی پیرۆزدا پەیمانی خودا لەسەر هەموو شتێكەوەیە، هەتا بونیاتی چیرۆكیش.