گرووپێ هەڵپەڕکێی دیلانی ورمێ خەڵاتی یەکەمی دوو فێستیڤاڵی جیهانیی مسۆگەر کرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

گرووپێ هەڵپەڕکێی دیلانی ورمێ خەڵاتی یەکەمی دوو فێستیڤاڵی جیهانیی مسۆگەر کرد

گرووپی فەرهەنگی و هونەریی دیلانی ورمێ لە هورنەری هەڵپەڕکێدا توانیویانە پلەی یەکەمی دوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا و ئوسترالیا بەدەست بهێنن.

لەبەر دۆخی پەتای کۆرۆنا کە گرووپە هونەری و فەرهەنگییەکان ناتوانن ڕاستەوخۆ بەشداری فێستیڤاڵە جیهانییەکان بن، بۆیە گرووپی فەرهەنگی و هونەریی دیلان لەبەر ئەو پێشینە هونەرییەی کە هەیبوو، بە فەرمی بۆ فێستیڤاڵی هونەریی (سەرنجڕاکێشیی ئەمریکایی) لە میامیی ئەمریکا، هەروەها فێستیڤاڵی (لەژێر ئاسمانی ئوسترالیا) لە سیدنی بانگهێشت کراوە، بەڵام بە شێوەی ئۆنلان هاوڕێ لەگەڵ گرووپی مۆسیقا بەشدارییان کرد و توانیویانە خەڵاتی یەکەمی هەردوو فێستیڤاڵەکە ببنەوە.

گرووپی فەرهەنگی و هونەریی دیلانی ورمێ لە زستانی ٢٠١٧وە دامەزراوە و هەتا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و جیهان بەشداریی کردووە خەڵاتی بەدەست هێناوە.

دیلانی ورمێ چەند خەڵاتێکی لە کارنامەی خۆیدا هەیە بۆ وێنە هاوینی ساڵی ٢٠١٩ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەرمینیا بەشداریی کرد و توانی لە بەشی مۆسیقا و هەڵپەڕکێدا خەڵاتی یەکەم بەدەست بهێنێت.

هاوکات لە پاییزی هەمان ساڵ لە فێستیڤاڵی گەورەی ئیسپانیا لە شاری یۆرت دماری بارسێلۆنا بەشداریی کرد و دیسان لەوێش خەڵاتی دووەمی مسۆگەر کرد.

گرووپی فەرهەنگی و هونەریی دیلانی ورمێ ئێستا بە فەرمی ئەندامی ئەنجومەنی فۆلکلۆری ئەورووپایە.

لە بواری هورنەی هەڵپەڕکێیەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن پێگەیەکی تایبەتە و لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز، بانە و مەهاباد و بۆکان چەندین گرووپی جیاوازی کوڕان و کچان هەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا توانیویانە خەڵاتی گرنگی نێودەوڵەتی مسۆگەر بکەن، وەک تیپی هەڵپەڕکێی شاهۆی لە سنە، ١٢ سوارەی مەریوان، خان و نیشتمان لە بانە و دیلان لە ورمێ.