حەمەڕەشید هەرەس: ٣١ی ئاب هەنگاوێك بوو بەرەو دەوڵەتی كوردی، بەڵام ١٦ی ئۆكتۆبەر موئامەرەیەكی قێزەون بوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

حەمەڕەشید هەرەس: ٣١ی ئاب هەنگاوێك بوو بەرەو دەوڵەتی كوردی، بەڵام ١٦ی ئۆكتۆبەر موئامەرەیەكی قێزەون بوو

حەمەڕەشد ھەرەس، نووسەر و ھونەرمەندی دیاری کوردستان، دەربارەی ڕووداوەکانی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب زادەی قۆرخکاریی کوردستان بوو لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بێگومان ئەگەر ٣١ی ئاب نەبووایە، وەکوو چۆن ئێستا عێراق لەژێر دەستی ئێراندا تووشی گەندەڵی و ھەناسەساردی بووە و بووەتە شوێنی تەراتێنی ئەو میلیشیانەی دژی کورد و دڵسۆزی ئێرانن، کوردستانیش وای بەسەر دەهات.
ڕوونیشی كردەوە: ''ئەگەر ٣١ی ئاب نەبووایە، کوردستان لە ئێستای عێراق خراپتر دەبوو، بە جۆرێک کە بە چاوی خۆمان ئەم قەوارە سیاسییەی ئێستامان نەدەبینی، میلیشیای شیعە وڵاتەکەمانی بەڕێوە دەبرد، بەڵام ٣١ی ئاب نینۆکی دەستتێوەردانی وڵاتانی بۆ داگیرکردنی کوردستان بڕی''.
ئەو نووسەرە كە لە سلێمانی دەژی، نایشارێتەوە كە: ''هەرچەندە گەندەڵییەکی زۆر ھەیە، هەر ئەو گەندەڵییەشە زۆنی سەوزی لە سلێمانی تەنیوە، بەڵام ئێستا کورد خاوەنی پەرلەمان و حکوومەت و یاسا و دەستووری خۆیەتی، ئەوەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، لە ڕووی پێشکەوتن و پڕۆژەی وەبەرھێنان و بووژانەوە و کرانەوەی وڵاتەکەمان بە ڕووی وڵاتانی ئەورووپادا، ھەمووی بۆ ڕووداوەکانی ٣١ی ئاب دەگەڕێتەوە. هەر بۆ نموونە، ئەگەر ٣١ی ئاب نەبووایە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ھاوکاریی یەکێتی ھەولێری داگیر بکردایە، ئەو کاتە قەوارەكەمان لەناو دەچوو''.
دەربارەی جیاوازایی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و پاککردنەوەی کوردستان لە داگیرکەران لە ڕووداوەکانی ٣١ی ئابدا، حەمەڕەشید ھەرەس بۆ (باسنیوز) گوتی: “خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر موئامەرەیەکی قێزەون بوو دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، بەڵام ٣١ی ئاب ھەنگاوێک بوو بەرەو دەوڵەتی کوردی، ئەگەر ٣١ی ئاب نەبووایە، ئێستا کورد لەژێر ڕکێفی داگیرکەراندا دەبوو، خۆشبەختانە گەلی کورد ئەو دۆخەی بە چاوی خۆی نەبینی و لە ٣١ی ئابدا ھەولێر لە داگیرکەران پاک کرایەوە''.