نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری دەرگای بادینان (ئامێدی)
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری دەرگای بادینان (ئامێدی)

"چەندین هێمای مێژوویی و ئایینی تێیدا نەخشێندراون"

لە مانگی ئەپریلی ئەمساڵ و لە درێژەی سەردانێکی کۆنسوڵی گشتیی پێشووری ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندەکەی بۆ دەڤەری دهۆک و بەتایبەت شاری ئامێدی، بڕیار نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری دەرگای بادینان (دەرگەهێ بادینان) لە شاری ئامێدی درا.

بەپێی رێککەوتنەکان ئەم پرۆژەیە وەک کارێکی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری کوردستان و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە کاری نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری (دەرگای بادینان) بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆک و لەلایەن تیمێکی هاوبەشی زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک و بە پشتگیریی دارایی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە هەواڵێک سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە نییە.

لەبارەی دواکەوتنی دەستپێکردنی پرۆژەکە دکتۆر بێکەس بریفکانی بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پاش سەردانەکەی کۆنسوڵی پێشووی گشتیی ئەمریکا بۆ شوێنەواری دەرگای بادینان، تیمی زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکی سەردانی شوێنە شوێنەوارییەکەیان کرد بە مەبەستی دۆکیۆمێنتکردن و ئامادەکاری بۆ دەستپێکی پرۆژەکە، هەروەها بە پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵێک کە پێکهاتبوو لە چۆنیەتیی ڕاپەڕاندنی پرۆژەکە، هەر بەپێی ئەو سەردانە  قۆناغە سەرەتاییەکانی پرۆژەکە جێبەجێ کراوەن، بەڵام لەڕووی ماددییەوە تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەی کە لە لایەن کۆنسۆڵخانەی گشتیی ئەمریکاوە دیاری کراوە، نەگەیشتووەتە دەست لایەنی پەیوەندیدار، بۆیە ئەمە کاریگەریی لەسەر دواکەوتنی پرۆژەکە دەبێت".

بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک گوتیشی: "بە دڵناییەوە ئێمە بەردەوام بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە دەکەین و لە هەوڵداین هەموو قۆناغەکان بەپێی یاسا شوێنەوارییەکان و لەپێناو پاراستنی زیاتری شوێنەوارەکە بێت، بۆیە بۆ درێژەپێدان بە کاری نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری دەرگای بادینان بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکی کردوومانە، بڕیارە ڕێکەوتی ١٥/٩ تیمی هەمان زانکۆ دووبارە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک بکات بۆ درێژەدان بە کار و چالاکی لەم پرۆژەیە".

بەپێی راگەیاندراوێک کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆکەوە بڵاو کراوەتەوە، بڕی پارەی دیاریکراو بۆ تەواوی ئەم پرۆژەیە، ٥٠٠ هەزار دولاری ئەمریکییە، بەڵام بێکەس بریفکانی دەڵێت: "هێشتا بە تەواوەتی دیار نییە کە هەموو پرۆژەکە بەو گوژمە پارەیە تەواو بکرێت، چونکە لە کاری نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری و پاش هەڵگرتنی چینەکان و ئەنجامدانی کۆمەڵێک کاری وەک کنە و پشکنین، ئەوکات رێژەی تێکچوون و ڕووخانی شوێنەوارەکە دیاری دەکرێت، بەتایبەت بۆ شوێنەوارێک وەک دەرگای بادینان کە لە کۆمەڵێک پارچە بەردی گەورە و بچووک و نەخش و نووسینی تایبەت و جیاواز پێکهاتووە، بۆیە پێویستە هەتا دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی کارە عەمەلییەکە چاوەڕێ بین کە ئایا ئەم بڕە پارەیە بەشی هەموو پرۆژەکە دەکات یان نا".

بەپێی بەڵگە مێژووییەکان ناوی ئامێدی لە تێکستە مێژووییەکانی سەردەمی ئاشووری/ پاشا شەمش ئەدەدی پێنجەم (٨٢٣-٨١٠ پێش زایین) بە شێوازی "امات" و "امادی" هاتووە.

لەم شارەدا دوو دەروازە، یان دەرگای هەبووە کە یەکیان لە بەشی رۆژئاوا و یەکی تر لە بەشی ڕۆژهەڵات بووە کە ئەمەی بەشی رۆژهەڵات، هەمان دەرگای بادینان، یان ئامێدییە کە لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە (کەلا ئامێدی)یشی پێ دەگوترێت. بێجگە لەم ناوانە ئەم دەروازەیە لە کۆنەوە دەرگای مووسڵیشی پێ گوتراوە، چونکە شوێنی هاتوچۆی کاروانە بازرگانییەکانی مووسڵ بووە، یان لەلایەن کۆمەڵێک لە خەڵکی ناوچەکەوە (دەرگای سپنە)شی پێ دەگوترێت کە هۆکارەکەشی نزیکیی ئەم دەرگایە بە رووباری سپنەیە.

هێوار ئیحسان ئیبراهیم، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆک لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی دەرگای بادینان (ئامێدی) لەبارەی مێژووی دروستبوونی ئەم شوێنەوارەوە دەڵێت: "مێژووی کەلا ئامێدی تا ئێستا بە وردی نازانرێت، بەڵام بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان و بەڵگەنامەکان، بنیاتنانی ئەم دەروازەیە بۆ سێ سەردەم و  قۆناغی جیاواز دەگەڕێتەوە:

 قۆناغی یەکەم، بۆ سەردەمی فۆرسییەکان، واتە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

قۆناغی دووەم، لە سەردەمی ئەتابەکی و لە ساڵی ٥٣٧ی کۆچی، واتە لە سەردەمی دەسەڵاتداری عیمادەدین زەنگی بووە.

قۆناغی سێیەم، سەردەمی میری بادینان بووە، واتە دەتوانین بڵێین ئەم دەروازەیە قۆناغ بە قۆناغ دروست کراوە و هەمووی لە یەک کات و سەردەمدا نەبووە. بەڵگەش بۆ ئەم بابەتە بەردەنووسێکی مێژووی لای دەروازەکەیە کە لەسەری بە خەتی کوفی باسی ساڵ و سەردەمی دروستکردنی ئەو بەشە لە دەروازەکە دەکات کە لەم بەردنووسەدا ناوی "بەدرەدین لۆلۆ"ی وەک دەسەڵاتداری ئەوکاتە دیاری کردووە".

لە بەشی خوارەوەی دەروازەکە هەتا پێش دەرگەی دەروازەکە نزیکەی ٢٠٠ مەتر رێگایە کە لە دامێنی چیاکە وەک قادەرمە دروست کراوە بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە دەروازە سەرەکییەکە.

 خودی دەروازە سەرەکییە بە درێژایی نزیکەی بیست مەتر دروست کراوە و لە هەر سێ دەوری بە کۆمەڵێک نەخشی کۆنی کوردەواری رازێنراوەتەوە، وەک دەموچاوێک و بە شێوازی خۆرێکی پڕ پرشنگ دەردەکەوێت کە یەکێک لە سیمبۆلەکانی ئایینی زەردەشتە بە ناوی یەزدان.

بێجگە لەم نەخشە چەندین وێنە و هێمای مێژوویی و ئایینی لە چوارچێوەی ئەم دەروازەیەدا هەڵکەندراوە کە هەر یەکەوە مانای تایبەتی خۆی هەیە وەک: ئەستێرەیەک کە بە گوتەی شوێنەوارناسان هێمایەکە بۆ ئاناهیتا خواوەندی ئاو و رووناکی، یان وێنەی مار و ئەژدیهایەک کە بەشێک لە نەخشی ئەژدیهاکە تێک چووە و ئێستا بە تەواوەتی دیار نییە.

ئەم شوێنەوارە لە ساڵی ١٩٥٢ وەک شوێنێکی شوێنەواری لەناو لیستی کەلەپووری عیراقیدا تۆمار کراوە و ئێستا جگە لەوەی کە خەڵکی ناوچەکە وەک رێگایەکی ئاسایی و هەمیشەیی بۆ هاتوچۆ بۆ گەیشتن بە رەز و باخەکانی خوار دەروازەکە بە کاری دەهێنن، رۆژانە خەڵکێکی زۆر وەک گەشتیار سەردانی دەکەن.