عەبدولباست سەیدا: پەکەکە هیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوە و دەبێ لە شنگال دەربچێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

عەبدولباست سەیدا: پەکەکە هیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوە و دەبێ لە شنگال دەربچێت

 

عەبدولباست سەیدا، کەسایەتیی سیاسیی دیاری کورد و ڕۆژهەڵاتی ناڤین و سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و سەرۆکی پێشووی ئیئتلافی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە هەڤپەیڤینێکی (باسنیوز)دا دەڵێت، چەندین ساڵە دەڵێین پەکەکە خزمەت بە ئەجێندای وڵاتاکان دەکات، کەچێ ئەمریکا ئێستا بەو قەناعەتە گەیشتووە.

باسنیوز: پەیامی هۆشداریی ئەمریکا بۆ پەکەکە و دەرکردنیان لە شنگال چۆن دەبینن؟
سەیدا: کێشەی پەکەکە، کێشەی تورکیایە، کەچی جێگای داخە پەکەکە خۆی کردووەتە کێشەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین هێز و باڵی جیاوازی لە شنگال پێک هێناوە کە هەماهەنگیی تەواویان لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە و مووچە لە حەشد وەردەگرن و بوونەتە بەڵای سەری ئێزدی و شنگالییەکان.

باسنیوز: ئەی ئەگەر مەیدانی خەباتیان لە باکوورە، پەکەکە لە شنگال چی دەکات؟
سەیدا: ئەوان دەیانەوێت کێشە بۆ هەولێر بنێنەوە و بەتایبەت زیان بە پارتی بگەیەنن و هەرێمی کوردستان و پارتی تووشی تەنگوچەڵەمە و شەڕ بکەن.

باسنیوز: سەرۆک بارزانی شەڕی كوردكوژی حەرام کردووە، کەچی ئەوانە بە دەرفەتی دەبینن بۆ ئەوەی هێرش بکەن و شەڕی نێوخۆ هەڵگیرسێنن؟
سەیدا: بینفرەهی و بەرژوەندیی کوردایەتی لای سەرۆک بارزانی کارێکی گەورەیە و ئەوەش لە ڕێبەرێکی گەورەی وەک سەرۆک بارزانی چاوەڕوان دەکرێت و هەر ئەمەش وای کردوووە پلانەکانی پەکەکە سەر نەگرن، کوردیش گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی شەڕفرۆشییەکانی پەکەکە وای کردووە یەکێتی لەنێو ڕێزەکانی نەتەوەی کورددا چێ نەبێت.

باسنیوز: لەم دەستودار و بارودۆخەدا ڕەوشی شنگال چیی لێ دێت؟
سەیدا: ئەوەی باشە ئەمریکییەکان گەیشتوونەتە ئەو قانەعەتەی کە ئەم گرووپانە خزمەت بە شنگالییەکان ناکەن و دەیانەوێت ئێزدییەکان بە ئاقارێکی تردا ببەن، هەرە لەبەر ئەوە ڕێککەوتنامەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژوو کراوە تاکوو ئێزدییەکان بەئارامی بژین، نەک تووشی کێشە ببن.

باسنیوز: ئەگەر پەکەکە هەر سوور بوو لەسەر مانەوەی لە شنگال و دەر نەکەوت، چی ڕوو دەدات؟
سەیدا: کاری پەکەکە ئەوەیە کە لەنێو خاکی تورکیادا دژایەتیی تورکیا بکات، نەک لە دەرەوە، کەچی پەکەکە لە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی هەموو ڕۆژێک وێنەکانی ئۆجەلانی بەرز دەکردەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی کە تورکیا هاتە نێو عەفرین و سەرێکانی و گرێسپییەوە. ئێستا پەکەکە دەبێ شنگال بە دەردی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی نەبات. هەرچەند پەکەکە خۆی لەسەر هەمووان فەرز دەکات و کەس قبووڵ ناکات و کوسپ دەخاتە سەرڕێی خەڵکی شنگال بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

باسنیوز: بۆچی پەکەکە ڕێ بە هەموو هێزێک دەدات لە شنگال بن، تەنیا هێزی کورد نەبێت؟
سەیدا: سروشتی سیاسیی پەکەکە وایە، هاوپەیمانی لەگەڵ هەمووان دەکات جگە لە کورد، ئەوان ئێستا گەڤ و هەڕەشە لە حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستان دەکەن و ئەوەی لەو نێوەدا جێگای داخە ئەوەیە کە پەکەکە گەنجانی کورد بەکار دەهێنێت و دەیانەوێت وەک هێزێکی خۆسەپێن لە دژی کورد شەڕ بکەن، بەڵام ئەمەیان بۆ ناچێتە سەر، ئیستا بیانەوێت، یان نەیانەوێت، ئەمریکا لە شنگال دەریان دەکات.