پێشبینی دەکرێت ڕووداوی تیرۆریستیی هاوشێوەی 11ی سێپتمبەر لە ئەمریکا ڕوو بدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پێشبینی دەکرێت ڕووداوی تیرۆریستیی هاوشێوەی 11ی سێپتمبەر لە ئەمریکا ڕوو بدات

 سیناتۆرێکی ئەمریکی پێشبینی دەکات ڕووداوی تیرۆریستیی هاوشێوەی 11ی سێپتمبەر لە ئەمریکا ڕوو بدات.

لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (CBS)ی ئەمریکی ڕایگەیاندووە: هێرشکردنە سەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئەفغانستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان داعش لەناو نابات.

لیندسی گراهام ڕەخنەی لە کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان گرتووە و ڕایگەیاندووە: ''پشتمان لە هاوپەیمانەکانمان کرد و کەشێکی لەبارمان بۆ ڕووداوی هاوشێوەی 11ی سێپتمبەر ڕەخساند''.

ئەو سیناتۆرە پێی وایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبێتە هۆی کەوتنەوەی چەندین کێشە کە دەبێ ئیدارەی کۆشکی سپی تا 20 ساڵی داهاتوو خەریکی چارەکردنیان بێت.

لیندسی گراهام پێشیی وایە بە کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان ئەگەری ڕوودانی کردەی تیرۆریستیی هاوشێوەی 11ی سێپتمبەر لە ئەمریکا زیاد دەبێت.

ڕۆژی 11-9-2001، ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە چوار فڕۆکەی گواستنەوەی مەدەنیی ڕفاند و بەو فڕۆکانە خۆیان بە باڵەخانەی سەنتەری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)دا کێشا و بەهۆی ئەو هێرشانەوە نزیکەی سێ هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی ئەمریکی گیانیان لەدەست دا.

دوای ڕێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد.

هەرچەندە بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا، دەبووایە ئەمریکا تا سەرەتای مانگی 9ی ئەمساڵ هێزەکانی خۆی لە ئەفغانستان بکێشێتەوە، بەڵام پەلەی کرد و زۆرینەی هێزەکانی ئەو وڵاتە زووتر لەو ڕێکەوتە لە ئەفغانستان کشانەوە.

تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامیی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا ڕژێمی تاڵیبان ڕووخا.